ئەمڕۆ عێراقییە بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی وڵات كۆ دەبێتەوە

ئەمڕۆ عێراقییە بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی وڵات كۆ دەبێتەوە
بارستەی حەل كە لەناو لیستی عێراقییەدایە ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند، ئەمڕۆ پێكهاتەكانی لیستی عێراقییە لە شاری بەغدا كۆ دەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی دواین پێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی وڵات.

زیاد زەرب گۆتیاری بارستەی حەل بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەمڕۆ لیستی عێراقییە بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە لە شاری بەغدا كۆ دەبێتەوە بەمەبەستی تاوتوێكردنی دواین پێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا هیچ هەڵوێستێك وەرناگیرێ لەبەرامبەر تەنگژەی ئێستەی وڵات.

سەرچاوەیەكی سیاسیی ئاگەدار بە(ئاكانیوز) راگەیاند، لیستی عێراقییە سێ بیروبۆچوونی هەیە بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەكان.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، بیروبۆچوونەكان برێتین لەوەی بزووتنەوەی ویفاق بەسەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی بە بارستەیەكی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكا، یان بارستەی وەزیری دارایی رافع عیساوی هاوپەیمانی لەگەڵ بارستەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئوسامە نوجێفی، بۆچوونی سێیەمیش هاوپەیمانیی بەستنی نێوان بارستەی حەلە لەگەڵ بارستەی دیالۆگ كە ساڵح موتڵەگ سەرۆكایەتی دەكا.

دوێنی بارستەی حەل ئاشكرای كرد، 25 پەرلەمانتاری لیستی عێراقییە لە پارێزگەی بەغدا داوایان لە سەركردەكانی لیستەكە كردووە كە لەترسی بەفیڕۆچوونی دەنگەكان بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگەكان بكەن بە تایبەتی لە پارێزگەی بەغدا.

هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق لە ساڵی 2009 ئەنجام درا، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە لە پارێزگەی كەركووك بەڕێوە نەچوو بەهۆی ناكۆكیی نێوان پێكهاتەكانی لەسەر میكانیزمی دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر پێكهاتەكانی ئەو پارێزگەیەدا، بڕیاریشە هەڵبژاردنی داهاتوو لە كانوونی دووەم/نۆڤێمبەری داهاتوو بێتە ئەنجامدان.
Top