عێراق... زیاتر لە 69هەزار کەس کوژراون و 239 هەزاریش بریندار بوون

عێراق... زیاتر لە 69هەزار کەس کوژراون و 239 هەزاریش بریندار بوون
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی عێراق، عەلی دەبباخ، ڕایگەیاند کە بە هۆی کردەی تیرۆریستییەوە، لە 5ـی نیسانی 2004ـەوە تاکوو 31ـی کانوونی یەکەمی 2011، 69هەزار و 263 کەس کوژراون و 239 هەزار و 133کەسی دیکەیش بریندار بوون؛ ئەمە بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی عێراق و ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتیمانی.


لە بەیاننامەیەکدا کە دانەیەکی بە دەست ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر گەیشتووە، دەبباخ، ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم ژمارەیە کۆی ئەو قوربانیانە لە خۆ دەگرێت کە کردە تیرۆریستییەکان کردوویانەتە ئامانج؛ گوتیشی کە ژمارەی کوژراوان لە 2006دا، 21هەزار و 539 کەس بووە بەڵام لە 2011 ڕێژەکە بۆ 2 هەزار و 77 کەس دابەزیوە.

ئەو زیاتر گوتی کە پارێزگای بەغدا لە نێوان 2004 تا 2011، زۆرترین قوربانیی داوە کە ڕیژەکەی 23 هەزار و 898 کوژراوە. پارێزگای دیالەیش زۆرترین کوژراوی داوە بە بەراوردی ڕێژەی دانیشتووانی، ئینجا ئەنبار و دواتریش مووسڵ دێت، کە قوربانیان داوە. بەڵام بەپێی ئەو ئامارەی دەبباخ، پارێزگای موسەننا، کەمترین ژمارەی قوربانی لێ تۆمار کراوە.

گوتەبێژەکەی حکوومەتی مالیکی، دەڵێت کە لە ساڵی 2007، پارێزگاکانی (بەسرە، دیوانیە، واست، کەربەلا، مووسڵ و کەرکووک) زۆرترین ژمارەی قوربانیان لێ تۆمار کراوە کە بە هۆی کردە تیرۆریستییەکانەوە کوژراون و بریندار بوون. بەڵام بەغدا و ئەنبار و دیالە لە ساڵی 2006 زۆرترین قوربانییان داوە و پارێزگاکانی زیقار و میسان، لە 2008 زۆرترین قوربانییان داوە. نەجەفیش لە 2004 زۆرترین قوربانیی داوە.
Top