قایمقامى سلێمانى: هێزەكان كەم كرانەوە نەك كشانەوە
لەگەڵ نێزیكبوونەوەی ڕۆژی 17ی شوبات یەكەم ساڵوەگەڕی خۆپێشاندانەكانی 2011ی سلێمانی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك چەندان گرووپ داوای دەست پێكردنەوەی خۆپێشاندانیان كرد، بۆ ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی خۆپێشاندان، هێزەكانی چالاكیی مەدەنی و پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی خرانە ئامادەباشییەوە و لە بەردەكی سەرای سلێمانی (شوێنی خۆپێشاندانەكانی ساڵی رابردوو) بڵاوەیان پێ كرا.
زانا حەمەساڵح بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی گوت، ئەو هێزە تەناهییانەى (ئاسایش و پۆلیس) كە لەناو شارى سلێمانى جێگیر كرابوون وەك ئەركى ئاسایى خۆیان لە پاراستنى دۆخى تەناهیدا بوون، ئەو هێزانە پێشتریش لەناو بازار ِو ئەو جێگانەى تر بەژمارەیەكى كەمتر هەر هەبوون، بەڵام لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەهۆى ئەو دۆخەى هەبوو ژمارەیەكى زیاترى ئەو هێزانەمان لەناو بازاڕ و بەردەركى سەرا دانا.
\"ئەو هێزانە لە دەرەوە نەهێنرابوون تا بكشێنەوە، بەڵام ژمارەیان كەمتر كرایەوە لەوەى لە چەند ڕۆژى پێشوو لەوێ بوون\"" حەمەساڵح گوتی.
دووشەمى ڕابردوو هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگەی سلێمانی لە راگەیاندنێكدا داوایان كرد دۆخی شاری سلێمانی وەك پێشتری لێ بێتەوە و هەرچى زووە ئەو هێزانە بكێشرێنەوە.
لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتبوو \"" بەداخەوە لە ڕۆژی (17ی شوبات)ەوە لەلایەن هێزە چەكدارەكانی دەسەڵات پارێزگەی سلێمانی كراوەتە سەربازگە و هێنانی ئەم هێزانەش پێچەوانەی یاسای خۆپێشاندانەكانە كە تەنیا ڕێگە بە هێزەكانی چالاكییە مەدەنییەكان دراوە بۆ ئەو كارە، ئەم كارەش هاووڵاتییانی سلێمانی نیگەران كردووە\"".
لە 17 شوباتی 2011 خۆپێشاندان لە بەردەركی سەرای سلێمانییەوە بە شێوەیەكی هێمنانە دەستی پێ كرد، دواتر توندوتیژی لێكەوتەوە و تا 19 نیسان/ئەپریل بەردەوام بوو."
