کورد بە پەرۆشە بۆ سەرکەوتنی پرۆژەی نیشتمانی عێراقیی

کورد بە پەرۆشە بۆ سەرکەوتنی پرۆژەی نیشتمانی عێراقیی
د.بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تەئکیدیکردەوە کورد بە پەرۆشە بۆ سەرکەوتنی پرۆژەی نیشتمانی عێراقیی زیاتر لەوانەی کە پێیانوایە کورد ترسێکی گەورەیە لەسەر عێراق.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت دا لەگەڵ کەناڵی (العربیە) کە ئەمڕۆ ٧\\٢، پەخشکرا د.بەرھەم ساڵح وتی: بارودۆخی ئێستای عێراق ترسی بۆسەر کوردو سەرجەم عێراقییەکان بەشێوەیەکی گشتی دروستکردووە، پێویستە بەدەنگ ئەم قەیرانە سیاسییەوە بێین‌و کاربکەین بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەی نیشتمانی چاوەڕوانکراو کە بە سەرپەرشتی سەرۆک تاڵەبانی‌و بە پشتیوانی سەرۆک بارزانی بڕیارە بەڕێوەبچێت.
لە بەشێکی تری ئەو چاوپێکەوتنە دا د.بەرھەم وتیشی: کوردیش وەک گەلانی تر مافی دیاریکردنی چارەنووسی ھەیەو ھەڵبژاردنیشمان روون‌و ئاشکرایە وایدەبینین کە بەرژەوەندی کوردی عێراق لە عێراقی دیموکراتی فیدراڵی دا بێت لەو روانگەیەوە راستەوخۆ لەپاش روخانی رژێمی روخاو چوینە بەغداو کارمانکرد بۆ بنیادنانەوەی عێراقێکی نوێ‌و بەشداربوین لەگەڵ ھاوەڵەکانمان بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتێکی نوێ، بە راشکاوی دەیڵێم کە کورد کارناکات بۆ دابەشبوونی عێراق‌و لە بەرژەوەندیشمان نیە لەبەرئەوە لە بەرژەوەندیماندایە عێراق سەرکەوتوو بێت‌و لە بەرژەوەندیماندایە پرۆژەی دیموکراتی‌و فیدراڵی لە عێراق سەرکەوتوو بێت.
ھەر لەو چاوپێکەوتنەدا د.بەرھەم ساڵح وتی: جارێکیتر کورد قبوڵناکات بگەڕێتەوە بۆ رابردویەکی سەرکوتکردن‌و ھەڵەبجەیەکی ترو چەوساندنەوەو پەراوێز خستنی تر، ئێمە کاردەکەین لە عێراق‌و پشتیوانین بۆ سەرکەوتنی پرۆژەی عێراقی، بەڵام ئەگەر ھەندێک ھەبن سوربن لەسەر دابەشکردنی عێراق ئەوەیان شتێکی ترە، بەڵام ئێمە لای خۆمانەوە رۆژانیش ئەم راستییەیان سەلماندووە کە ئێمە زیاتر بەپەرۆشین لەسەر سەرکەوتنی عێراق‌و ساڵانی رابردوش بە پراکتیکی ئەم راستییە سەلمێندراوە، وتیشی: ئەمڕۆ کورد بەشێکە لە چارەسەر دەشمانەوێت بەشێکبین لەم چارەسەرە بەھەموو توانایەکمانەوە نەک بۆ کارکردن لە دابەشبونی عێراق دا.
Top