عەلاوی پێشنیازی پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ وەك ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكا

عەلاوی پێشنیازی پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ وەك ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكا
ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە ئەمڕۆ چوارشەم وای لەقەڵەم دا كە عێراق گەیشتووەتە دووڕیانێك و تەنیا 3 بژارەی لەپێشە بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەی تێی كەوتووە.

عەلاوی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا كە كەناڵی ئاسمانی (بی بی سی) گواستییەوە رای گەیاند، عێراق 3 بژارەی لەپێشە بۆ دەربازبوون لەو تەنگژە سیاسییەی تێی كەوتووە، یەكەمیان پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێیە وەك ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە و زیندووكردنەوەی پرەنسیپی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات.

زیاتر گوتی، دووەم بژارە هەرڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی حكوومەتە لەلایەن هاوپەیمانیی نیشتمانی، لەگەڵ پێویستی بوونی بەرهەڵستییەكی بەهێز لە ناو پەرلەمان بۆ چاودێریكردنی كاری حكوومەت.

عەلاوی روونی كردەوە، سێیەم بژارە برێتییە لە پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەشی نیشتمانی لەسەر بنەمای رێككەوتنی هەولێر كە كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە بكا كە مافی هەموو پێكهاتەكان دەستەبەر دەكا.

عەلاوی وریاداری دایە حكوومەتی ئێستە كە لە رێگەی دروستكردنی تەنگژە ناتوانێ چاوپۆشی لە نووچخواردنی بەدەست بێنێ و دووپاتی كردەوە، پێویستە دەستپێشخەرییەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەدروستكردنی حكوومەتێكی هاوبەشی نیشتمانی لە عێراق بێتە جێبەجێكردن.

سەرۆكی لیستی عێراقییە دڵگرانی خۆی بەرامبەر خۆدزینەوە و ئاستەنگ دروستكردن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەولێر پێشان دا و پاڵپشتیی خۆی بۆ سازكردنی كۆنگرەی نیشتمانی لە عێراق دەربڕی.

دوای كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق، مانگی رابردوو فەرمانی گرتنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق بەتۆمەتی \"تیرۆ\"" لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە دەرچوو و هاشمی پەنای بۆ هەرێمی كوردستان هێناو و وێڕای رەتكردنەوەی تۆمەتەكان داوای گواستنەوەی لەدادگەدانی بۆ هەولێر كرد.

دوای ئەو رووداوە لیستی عێراقییە بڕیاری هەڵپەساردنی ئەندامانی لە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق دا و بەو شێوەیە دۆخی سیاسیی عێراق رووی لە ئاڵۆزی كرد و جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق بانگهێشتنی هەموو لایەنەكانی بۆ سازكردنی كۆنگرەیەكی فرەوانی نیشتمانی كرد.


-ئاكانيوز"
Top