دەوڵەتی یاسا پێشنیازی موتڵەگ بۆ چارەسەكردنی ناكۆكییەكانی لەگەڵ مالیكدا رەت دەكاتەوە

دەوڵەتی یاسا پێشنیازی موتڵەگ بۆ چارەسەكردنی ناكۆكییەكانی لەگەڵ مالیكدا رەت دەكاتەوە
لیستی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی دەكا، پێشنیازی ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی رەت كردووەتەوە كە داوای كردبوو لێژنەیەك بۆ پێداچوونەوە لە ناكۆكی نێوان ئەو لەگەڵ مالیكدا پێك بهێنرێ.

محەمەد سەیهود، پەرلەمانتار و سەركردە لە لیستی دەوڵەتی یاسا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، زیادەڕۆیی و لەسنوور دەرچوونی موتڵەگ پێویستی بە پێكهێنانی لێژنە نییە، چونكە رای گشتی ئاگەدارە لە زیادەڕۆییەكانی موتڵەگ بۆ سەر مالیكی، بۆیە پرسەكە پێویست بە پێكهێنانی لێژنە ناكا.

سەیهود روونی كردەوە، چۆن بەراورد لەنێوان نووری مالیكی و سەدام حوسێندا دەكرێ لە كاتێكدا مالیكی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی هەڵداوەتەوە و ئەمەی دواییش خاوەن گۆڕە بەكۆمەڵەكان، ئەو وەسفانە كەسانێك دەیكەن كە لە ئامێزی دیكتاتۆرییەتدا پەروەردە بوون، موتڵەگیش بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ پەروەردەی رێژیمی پێشوو بووە.

جێی ئاماژەیە ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیران و سەركردە لە لیستی عێراقییە لە بەیاننامەیەكدا داوای كردبوو لێژنەیەك بۆ پیاداچوونەوە لە ناكۆكیی نێوان ئەو لەگەڵ نووری مالكیدا پێك بهێنرێت، دووپاتی كردەوە ئەگەر دەركەوت ئەو هەڵەیە ئامادەیە داوای لێبووردن لە سەرۆك وەزیرانی بكات یان دەست لە كارەكەی بكێشێتەوە

موتڵەگ ئاماژەی بەوەش كردبوو، لە كاتێكدا لێژنەكە نەیتوانی ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت، ئەوا بەپێچەوانەوە دەبێت مالیكی داوای لێبوزردنی لێ بكات یان دەست لە كارەكەی بكێشێتەوە.

دوای ئەوەی مانگی رابردوو موتڵەگ لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمەریكایی مالیكی بە \"دیكتاتۆر\"" و خراپتر لە سەدام حوسێن وەسف كرد، ئەمەی دوایی داوای لە پەرلەمانی عێراق متمانە لە موتڵەگ وەربگرێتەوە، دواتریش یەكلایەنە لە پۆستەكەی لایدا و فەرمانی دا رێگە نەدەن بێتە ناو تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران."
Top