سەركەوتنی كۆنگرەی نیشتمانی بەندە بە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكان
هادی زاڵمی، گۆتیاری بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لیستی عێراقییە بە دوو نوێنەر بەشدارە لە كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە، كە تێیدا لێژنەیەك بۆ دەست پێكردنی ئامادەكارییەكانی بەستنی كۆنگرەنی نیشتمانی پێك دەهێنرێ\".
زیاتر گوتی، بە بۆچوونی لیستی عێراقییە سەركەوتنی كۆنگرەنی نیشتمانی بەندە بە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكان و بوونی نیازپاكی لەلایەن سەرجەم لیستەكانەوە.
پێشتر عارف تەیفوور دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو، هەر لایەنێكی سیاسی 2 ئەندامی لە لێژنە ئامادەكارییەكە دەبێ، ئەندامانی كورد لە لێژنەكە برێتین لە رۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیران و فوئاد مەعسوود سەرۆكی فراكسۆنی هاوپەیمانیی كوردستان.
دوای سەرهەڵدانی تەنگژەی ئەم دوایییەی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسا و عێراقییە و ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی وڵات، لە 27ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری رابردوو جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە و رێك كەوتن لەسەر بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانی گشتی بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان بەمەبەستی تاوتوێكردنی كێشەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو تەنگژەیە، كە هەڕەشە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكا."
