شەهرستانی: تۆمەتەكانی هاشمی دوورن لە راستی

شەهرستانی: تۆمەتەكانی هاشمی دوورن لە راستی
ئەمڕۆ چوارشەم گۆتیاری حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە رای گەیاند لێدوانەكانی تاریق هاشمی جێگری سەركۆمار لەبارەی تێوەگلانی شەهرستانی لە فایلی گەندەڵی لەو كاتەی وەزیری نەوت بووە لە حكوومەتی پێشوودا، دوورە لە راستییەوە.

تاریق هاشمی جێگری سەركۆمار دوو رۆژ لەمەوبەر ئاشكرای كرد چەند فایلێك لە دادگە هەن كە سەر بە لایەنێكی سیاسیی نێزیك لە حكوومەتن بەڵام بەداداچوونیان بۆ ناكرێ، لەوانە فایلی گەندەڵیی حوسێن شەهرستانی وەزیری پێشووی نەوت كە بڕەكەی 500 ملیۆن دۆلارە.

هاشمی ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو پرسە دەستی دەستی پێ كرا دوای ئەوەی شەهرستانی ئامادە نەبوو لە بەردەم دادگەدا ئامادە بێ.

فەیسەڵ عەبدوڵا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند ئەو تۆمەتانەی تاریق هاشمی جێگری سەركۆمار دەیداتە پاڵ حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیران جێگەی سەرسڕمان و دوورن لە راستییەوە.

عەبدوڵا روونی كردەوە، لە حكوومەتی پێشتردا كاتێك شەهرستانی وەزیری نەوت بوو، لە پاڵاوكەی بێجییەوە نەوت بە قاچاغ دەبرا و ئەو كات كە شەڕی تایەفی لە ئارادابوو شەهرستانی سكاڵایەكی یاسایی لەسەر بەقاچاغبردنی نەوت بەرز كردەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، حكوومەت داوای لە شەهرستانی كرد وەك شایەت ئامادەی دادگە بێ، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخی تەناهییەوە ئەو كات نەیتوانی ئامادەی دادگە بێ و لەناو باڵەخانەی وەزارەتی نەوتدا وتەكانی وەرگیران.

رۆژی 19ی ئەم مانگە وەزارەتی ناوەخۆی عێراق دان پێدانانی چەند كەسێكی كە بە پاسەوانەكانی هاشمی ناوی بردن بڵاو كردەوە و تێیدا باسی چەند كردەوەیەكی كوشتن و چاندنی بۆمب كرد كە بە ئاگەداری هاشمی ئەنجامیان داون، بەو هۆیەشەوە دەستەیەكی لێكۆڵینەوەی پێنج كەسی یاداشتی گرتنی هاشمی دەركرد، بەتۆمەتی تێوەگلان لە كردەوەی كوشتن و چاندنی بۆمبدا.

بەڵام رۆژی 22ی ئەم مانگە ئاماژەی بەوە دا، ئەوان بڕیاریان داوە جارێكی تر بە كەیسەكەی هاشمیدا بچنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نووسراوی تۆمەتباركردنەكەی لەلایەن تاكە دادوەرێكەوە دەركراوە.
Top