نوری مالکی خوازیاری درێژه‌ پێدانی پشتگیریی ئه‌مه‌ریکایه‌

نوری مالکی خوازیاری درێژه‌ پێدانی پشتگیریی ئه‌مه‌ریکایه‌
نوری مالکی ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌12/12/2011 دوای کۆبوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مه‌ریکا، له‌ کۆنفڕانسێکی په‌یامنێراندا به‌ هاوبه‌شی باراک ئۆباما، داوای له‌ ئه‌مه‌ریکا کرد له‌سه‌ر پشتگیری کردنی حکومه‌ته‌که‌ی به‌رده‌وام بێت.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی فیدڕال رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی وه‌فدێکی باڵای عێراقی به‌ ئه‌ندامه‌تیی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌، به‌رگری و بازرگانیی به‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانێکی دووڕۆژه‌ گه‌یشته‌ واشنتۆن.

باراک ئۆباما، دوای کۆبوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ نوری مالکیدا ئاماژه‌ی به‌ ده‌ست‌پێکردنی وه‌رزێکی نوێی پێوه‌ندییه‌کانی دوو وڵاتی سه‌ربه‌خۆ له‌ سه‌ر بنه‌مای هۆگری و رێزگرتنی به‌رانبه‌ر کرد.

ئۆباما هه‌روه‌ها پێشکه‌وتنه‌ سه‌رنج‌راکێشه‌کانی ساڵانی پێشووی عێراقی به‌رز نرخاند.

نوری مالکی کشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریکایی وه‌ک سه‌رکه‌وتن ناساند و گوتی: ئه‌مه‌ نیشانه‌ی کۆتایی‌هاتنی وه‌رزێکی سودبه‌خشی هاوکاری‌کردنی نێوان دوو وڵاته‌.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقی فیدڕال داکۆکی کرد وڵاته‌که‌ی ئێستاش پێویستیی به‌ هاوکاریی ئه‌مریکا له‌ بواره‌کانی ئابووری، فێرکاری و پڕچه‌ک کردنی هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئۆباما و مالکی دوای پرێسکۆنفڕانسه‌که‌ سه‌ردانی گۆڕستانی \"ئارلینگتۆن\""یان کرد و له‌سه‌ر گڵکۆی زیاتر له‌ 4هه‌زار و 400 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکایی ئاماده‌ بوون که‌ له‌ ماوه‌ی 9ساڵی رابردوودا له‌ عێراق گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌."
Top