عه‌سكه‌ری: سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پاڵپشتی له‌ناردنه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك ده‌كات
له‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی دهنگوباسی ناوخۆ عه‌بدولڕه‌حمان مونشید عاسی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه كه ناردنه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه عه‌ره‌بانه دژ به بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه‌و داوای له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه به زویی ئه‌و بڕیاره بوه‌ستێنێت، هاوكات ده‌ركردنی بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه‌ی به كارێكی سیاسی له قهڵمداوه .
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌سه‌ر كوتله‌ی برایه‌تی به PUKmedia ی راگه‌یاند: سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كه سه‌رۆكی هێزه چه‌كداره‌كانیشه پشتگیری بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی كردووه، له پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایش بۆ شاری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری .
عه‌سكه‌ری رونیشكرده‌وه كه وته‌كانی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به بارودۆخی كه‌ركوكه‌وه نیه ته‌نها له چوارچێوه‌ی وته‌ی تێكده‌رانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، بۆیه جێی خۆیه‌تی حكومه‌تی عیراقی به توندی ئیجرائات له ئه‌ندامانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی دژ به یاساكان ده‌وه‌ستنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵه كه‌سێكن به‌بێئه‌وه‌ی رێگه‌یان پێدرابێت له كه‌ركوك ناوی خۆیان ناوه ئه‌نجومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی و كار ده‌كه‌ن .
سه‌باره‌ت به‌بونی به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌و خێزانه عه‌ره‌بانه‌ی كه بوبێتنه هۆی تێكدانی بارودۆخی ئه‌منی شاره‌كه وتی: به‌ڵی به‌ڵگه‌ی ته‌واومان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش له‌و خێزانه عه‌ره‌بانه ده‌ستگیركراون كه ده‌ستیان له كاری تیرۆستیدا هه‌بووه .
ناوبراو ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه هه‌نگاوی یه‌كه‌می ناردنه‌وه‌ی خێزانه عه‌ره‌به‌كان به تۆماركردنی ناوه‌كان ده‌ستپێده‌كات هه‌ر خێزانێك له گه‌ڕه‌كێكدا نیشته‌جێ بوبێت و ناوی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران تۆمار نه‌كرابێت ئه‌وه ئه‌نجومه‌نی گه‌ڕه‌ك و به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌و گه‌ڕه‌كه له‌به‌رامبه‌ریدا به‌رپرسیارده‌بن و ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خێزانه‌كان ده‌نێردرێنه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌و خێزانانه‌یشی ناویان تۆمار كرابێت به به‌بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌كانیاندا ده‌چینه‌وه گه‌ر یاساكان بیانگرێته‌وه ده‌یان نێرنه‌وه به‌پێچه‌وانه‌وه رێگه له نیشته‌جێبونیان ناگیرێت .
ناوبراو وتیشی: ئه‌و خێزانانه‌ی كه ده‌نێردرێنه‌وه بڕه پاره‌یه‌كیان وه‌ك هاوكاری پێده‌رێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه .
