حەكیم دەستپێشخەرییەك دەخاتە روو

حەكیم دەستپێشخەرییەك دەخاتە روو
بەمەبەستى چارەسەرى تەنگژەى سیاسیی نێوانیان، عەمار ئەلحەكیم سەرۆكى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق دەستپێشخەرییەكى بۆ كۆكردنەوەى سەركردەی بارستەیلى سیاسیی عێراق لەسەر مێزى گفتوگۆ خستە روو، هاوكات جەختى كرد لە پێویستیى پابەندبوون بە بنەماكانى ئەو دەستپێشخەرییە.

رۆژنامەى (ئەلسەباح)ى عێراقى گواستیەوە، حەكیم لە كاتى كۆبوونەوەى لەگەڵ شاندەكەى هەرێمى كوردستاندا ئاماژەى بەوە داوە دانشتنى هەموو لایەنەكان لەسەر مێزى گفتوگۆ و تاوتوێكردنى كێشە هەڵواسراوەكان، دەروازەیەكى گرینگە بۆ گەیشتن بە تێڕوانینێكى هاوبەش و سازكردنى كەشوهەوایەك كە متمانە دروست بكا و وا بكا هەموان وەك یەك تیم كار بكەن.

دەستپێشخەرییەكە لە پێنج بنەماى سەرەكى پێك دێ، ئەوانیش: كۆبوونەوە لەسەر مێزى گفتوگۆ و ئەنجامدانى دیالۆگێكى راشكاو و بنیاتنەرانە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، نەك دیالۆگ بۆ دیالۆگ بێ، پێویستیى دەستبەرداربوونى هەر لایەنێك لە بەشێك لە داواكارییەكانى لەپێناو بەرژەوەندیى گشتى و گەیشتن بە چارەسەرێكى مامناوەند، هەروەها دیالۆگەكە بۆ تواندنەوەى تەنگژە بێ نەك هەلایسانى تەنگژە، دەستوور بنمیچى داواكارییەكان بێ. بنەماى پێنجەمیش وریایى دەدا لە رێكەوتنى نهێنى و دووقۆڵى و پشت پەردە.

ئەرشەد ساڵى سەرۆكى بەرەى توركمانى و ئەندامى لیستى عێراقییە لەبارەى دەستپێشخەرییەكەوە گوتى ئەو دەستپێشخەرییە لە هەستكردنى حەكیمەوە هاتووە بە بوونى رێكەوتنامەى نهێنى لەپشت پەردەوە و ئەوان پشتگیرى لێ دەكەن.
Top