عێراقییە: عەلاوی بەشداریی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنەیلی سیاسی ناكا

عێراقییە: عەلاوی بەشداریی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنەیلی سیاسی ناكا
ئەمڕۆ سێشەم بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتیی دەكا رای گەیاند ئامادەبوونی سەرۆكەكەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆك و سەركردەی بارستەیلی سیاسی لە بەغدا هیچ سوودێكی نییە بەهۆی نەبوونی هیچ دەستپێشخەرییەك بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كە لە رێككەوتننامەی هەولێردا ماون.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم سەرۆك و سەركردەی بارستەی سیاسی كۆ ببنەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پاشەكشێی سوپای ئەمەریكا لە عێراق و چەند خاڵێكی ناكۆكی نێوانیان. ئەم كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ چوارەم كۆبوونەوەی نێوان لایەنەیلی سیاسییە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا كە ئامانجی لێی دۆزینەوەی جۆرە تەوافوقێكە، بەڵام عێراقییە دەڵێ كۆبوونەوەیلی رابردوو هیچ ئەنجامێكیان نەبووە.

هادی زاڵمی گۆتیاری بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی هەستی بەوە نەكردووە دەوڵەتی یاسا هیچ دەستپێشخەرییەكی كردبێ بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كە لە رێككەوتننامەی هەولێردا ماون، بۆیە ئامادەبوونی ئەیاد عەلاوی لە كۆبوونەوەی سەرانی بارستەیلی سیاسیدا هیچ سوودێكی نییە\"".

زاڵمی روونی كردەوە \""بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێستە لەبەردەستدان، عەلاوی بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكا، بەڵام ئەو بڕیارە كۆتایی نییە\"".

لایەنەیلی سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا كە لە تشرینی یەكەم/نۆڤێمبەری 2010دا راگەیەنرا، لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتن، لەوانە پابەندبوون بە دەستوور، هاوسەنگی لەناو داوودەزگایەلی وڵات، كۆتاهێنانی بەكاری دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری، كاراكردنی ئاشتەواییی نیشتمانی و پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەشیی نیشتمانی.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە پۆستی سەرۆك وەزیران درا بە نووری مالیكی لە بەرامبەر پێكهێنانی ئەنجوومەنێكی نوێ بەناوی \""ئەنجوومەنی سیاسەتەیلی ستراتیجی\"" و پێدانی سەرۆكایەتیی ئەو ئەنجوومەنە بە لیستی عێراقییە و بەتایبەتی ئەیاد عەلاوی.

بەهۆی ناكۆكیی نێوان لیستی عێراقییە و هاوپەیمانیی نیشتمانییەوە، تا ئێستە ئەنجوومەنی سیاسەتەیلی ستراتجیی نەهاتووەتە پێكهێنان. "
Top