تاڵەبانی و مالکی مەسەلەی کۆبونەوەی نوێی سەرۆک و سەرکردەی کوتلە سیاسییەکانیان تاوتوێکرد

تاڵەبانی و مالکی مەسەلەی کۆبونەوەی نوێی سەرۆک و سەرکردەی کوتلە سیاسییەکانیان تاوتوێکرد
ئەمڕۆ لە دیدارێکی نێوان جەلال تالەبانی و نوری مالکی مەسەلەی کۆبونەوەی نوێی سەرۆک و سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان تاوتوێکرا کە رۆژی سێشەممەی داھاتوو بۆ کۆبوونەوەکە دیاریکراو ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش پەیوەندی بە پاشەکشێی سوپای ئەمریکا لە عێرق ھەیە.


دوا بەدوای کۆبونەوەکەش ھەریەک لە جەلال تالەبانی و نوری مالکی لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا تیشکیان خستەسەر کۆبونەوەکە, لەمبارەیەوە سەرۆک کۆمار رایگەیاند: لەو دیدارەدا مەسەلەی سەرخستنی کۆبوونەوەی سەرانی کوتلە سیاسیەکانمان تاوتوێکرد, بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پاشەکشێی ھێزەکانی ئەمریکا کە ئێوارەی سێشەممەی ئاییندە بەڕێوەدەچێ, ھەروەھا باسی چەند مەسەلەیەکی گشتیی و پێویستی کارکردن بەدەستورمان کرد وەک مەرجەعێکی بنەرەتی بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ناکۆکییەکان.



لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: گفتوگۆکانمان تەنیا تایبەت نەبوو بەو مەسەلەیە بەڵکو کاروباری ناوخۆشی گرتەوە، ئێمە ھەمیشە ھاوڕاو ھاوبۆچونین لەسەر کۆی مەسەلە ھاوبەشەکان، بە دڵنیایی رێکەوتین کە کۆبونەوەی کوتلە سیاسیەکان رۆژی سێەممە دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو مەسەلانەو دەرکردنی بڕیار بۆ پاراستنی یەکێتی نیشتیمانی عێراقی وەک مەسەلەیەکی ھەستیارو ورد.
Top