حكوومەتی عێراق گرێبەستی گەورەترین كێڵگەی نەوتیی وڵات لە پشت پەردەوە نوێ دەكاتەوە
لە كۆتایی ساڵی 2009ـدا، حكوومەتی عێراق بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت لە وڵاتدا، گرێبەستی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی نەوتیی بیانیدا واژۆ كرد، یەكێك لەو كۆمپانیایانەیش “بی پی” بەریتانیایی بوو، ئەو كۆمپانیایە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای” سی ئێن پی سی” چینیدا دەستیان بە كارەكانیان لە كێڵگەی “ڕومێڵە”ـدا كرد.
كێڵگەی نەوتیی ڕومێڵە كە دەكەوێتە باشووری عێراق و نزیكەی 20 كیلۆمەتر لە سنووری وڵاتی كوێتەوە دوورە، بە چوارەم گەورەترین كێڵگەی نەوتیی هەموو جیهان هەژمار دەكرێت و، ڕۆژانە ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بە پێی زانیاریی كۆمپانیای “بی پی”ـی بەریتانیایی، ئەو كێڵگەیە 17 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەكی تێدایە كە تەنیا 2 هەزار و 400 مەتر لەسەر ڕووی زەوییەوە دوورە كە ئەوەیش دەرهێنانی ئاسانتر دەكات.
بە پێی ئەو ڕێككەوتننامەی لە نێوان حكوومەتی عێراق و كۆمپانیا بەریتانیاییەكەدا واژۆ كرابوو، هەم حكوومەت و هەم كۆمپانیاكەیش لە كاتی كەمبوونەوەی ڕێژەی وەبەرهێناندا یانیش هەر كێشەیەكی سیاسیدا هەر دوو لا بەرپرسیارەتیی زیانی ماددی لە ئەستۆ بگرن، لێ ئێستا حكوومەتی عێراق گرێبەستەكەی جارێكی دیكە داڕشتووەتەوە بە جۆرێك لە كاتێكدا كێشەی ناوخۆی هەبوو یانیش حكوومەتی عێراق بەرهەمهێنانی نەوتیشی ڕاگرت، ئەوا كۆمپانیاكە پارەی خۆیان وەربگرن.
بە بۆچوونی ڕەخنەگرانی بواری نەوت، ئەو هەنگاوەی حكوومەتی عێراق كاریگەریی نەرێنی لەسەر پێوەندییەكانی وڵاتەكە و ڕێكخراوی “ئۆپیك” دەبێت، بەو پێیەی ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا زۆر دوورە لەو ڕێككەوتنەی لە ساڵی 2009ـدا لەگەڵ “بی پی”ـدا واژۆ كراوە.
“كەمكردنەوەكانی عێراق وەكوو نموونەیەكی شەفافییەت دەهاتە هەژماركردن، بەڵام ئێستا لە واقیعدا پێچەوانەكەی بە دی دەكەین، ڕێككەوتنێكی ناڕوون و پشتپەردە واژۆ دەكات كە دەستەڵات دەداتە “بی پی” ئابووریی عێراق قۆرخ بكات.”
شارەزای بواری نەوت و خاوەنی پەرتووكی “بەنزین بەسەر ئاگر” ( گرێگ موتیت) گوتی.
ئەگەرچی وەزیری پێشووی نەوتی عێراق (حوسێن شەهرستانی)، بەشێك لە گرێبەستە نەوتییەكانی لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتەكەیدا بڵاو كردووەتەوە، لێ هیچ بەڵگەیەك یانیش زانیارییەك سەبارەت بە گرێبەستی كۆمپانیای “بی پی” نییە، ئەوە لە كاتێكدایە ئەو كۆمپانیایە لە گەورەترین كیڵگەی نەوتیی عێراق “خوڕماڵە” كار دەكات و 40%ـی نەوتی عێراق لەو كێڵگەیەوە دەردەهێندرێت.
حكوومەتی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و ڕاوێژكاری ئێستای سەرۆكوەزیرانی عێراق (حوسێن شەهرستانی) تاوەكوو ئێستا بە بیانووی جیاواز چەندان جار ڕەخنەی لە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان گرتووە و بە “نایاسایی” وەسفی كردوون، ئەوە لە كاتێكدایە كە گرێبەستەكانی عێراق نە لە پەرلەماندا ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و نە یاسای نەوت و گازیش پەسەند كراوە.
سەرجەم ئەو گرێبەستانەی كە حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی (شەهرستانی) لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا واژۆی كردوون، بە بیانووی بەرزكردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت و پێویستیی وڵات بەو گرێبەستانە، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شاردراونەوە و تەنانەت لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی بەغدایش بە تەواوەتی ئاگاداری ناوەڕۆكی گرێبەستەكان نەبوون.
مەرجەكانی حكوومەتی پێشووی عێراق بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان بە تایبەتی ئەو مەرجەی كە كۆمپانیاكانی ناچار دەكرد لە سوود و زیاندا هاوبەشی حكوومەت بن، كۆمپانیای “ئێكسن مۆبیلی” و چەندان كۆمپانیای نەوتی دیكەی ناچار كرد بكشێنەوە، بۆیەیش گرێبەستەكە لەگەڵ “بی پی”ـدا واژۆ كرا، ئەوەیش شارەزایانی ئابووری سەرسام كرد كە “بی پی” گرێبەستێكی وەهای قبووڵ كردووە.
بە پێی ئەو بەڵگانەی كە لە لایەن “ئۆبزێرڤەر”ـەوە بڵاو كراونەتەوە، ڕێككەوتنە ئەسڵییەكەی نێوان وەزارەتی نەوت و “بی پی” ئەوە بووە كە كۆمپانیای “بی پی” تەنیا وەكوو بەڵێندەر كار لە كێڵگەی “خوڕماڵە”ـدا بكەن نەوەك ببنە خاوەنی، كەچی ئێستا كۆمپانیا بەریتانییەكە لەگەڵ كۆمپانیای “ سی ئێن پی سی” چینیدا، ئابووریی عێراقیان قۆرخ كردووە.
لە ئێستادا عێراق ڕۆژانە 2 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراقی فیدڕاڵیش لە كۆتایی ساڵی 2011ـدا ئەو ڕێژەیە بۆ 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرز دەكەنەوە، بەرزبوونەوەی ئەو ڕێژەیەی وەبەرهێنانی نەوتیش پێویستی بە هەڵكەندنی 800 بۆ هەزار و 200 بیری نەوتی دیكە هەیە لە سەرجەم ناوچەكانی عێراقدا.
-سایتی هەولێر
