تاڵەبانى وتارى عێراق لە كۆمەڵەى گشتى دەخوێنێتەوە
سەرچاوەیەكى سیاسی كە نەیویستووە ناوى بێتە ئاشكراكردن بە رۆژنامەى (ئەلسەباح)ى نیوچە رەسمیى عێراقى راگەیاندووە، ئەمڕۆ تاڵەبانى بەغدا بەرەو نیویۆرك بەجێ دێڵێ بۆ بەشدارى كردن لە كۆبوونەوەى لە 66ەمین كۆبوونەوەى كۆمەڵەى گشتیى نەتەوەيل یەكگرتوو و وتارى وڵاتەكەى لەو كۆبوونەوەیەدا پێشكێش دەكا.
بەگوتەى ئەو سەرچاوەیە تاڵەبانى لە وتارەكەیدا باس لە دۆخى سیاسین ئابوورى، تەناهى و ئاوەدانكردنەوە لە عێراق دەكان هەروەها باس لە پرسی كشانەوەى سوپاى ئەمەریكا لە عێراق دواى 2011 دەكا و دانوستاندنى تایبەت بە مانەوەى بەشێك لە سوپاى ئەمەریكا بۆ مەشق پێ دانى سوپاى عێراق، هەروەها داوا لە سەرانى وڵاتەیلى دنیا دەكا رەزامەندى دەرببڕن بۆ دەرچوونى عێراق لەژیر بەندى حەوتەمى بەڵگەنامەى نەتەوە یەكگرتووەكان.
سەرچاوەكە ئەوەیشى گوت، سەركۆمارى عێراق لە پەراوێزى كۆبوونەوەى كۆمەڵەى گشتیدا، لەگەڵ هەریەك لە باراك ئۆباماى سەرۆكى ئەمەریكا و نیكۆلا ساركۆزى سەرۆكى فرەنسا و چەند سەركردەیەكى ترى دنیادا دیدار و كۆبوونەوەى دەبێ.
كۆبوونەوەى 66ەمینى كۆمەڵەى گشتى بەبەشداریى نوێنەرى 121 دەوڵەت لە رۆژانى 21 تا 27ى ئەم مانگە بەڕێوە دەچێ و بۆ یەكەم جاریش لە مێژووى رێكخراوەكەدا كۆبوونەوەى ئەم جارە لەلایەن ئافرەتێكەوە دەكرێتەوە، ئەویش دیلما روسیڤى سەرۆكى بەرازیلە.
