ساڵح موتڵەگ وریایی لە سەرهەڵدانی شەڕی تایفەگەری لە عێراق دەدا
ساڵح موتڵەگ لە ئاهەنگێك بەبۆنەی ساڵوەگەڕیی دامەزراندنی بەرەی دایەلۆكی نیشتمانی گوتی، ئەمڕۆ عێراق لەناو پشێویدا دەژی و لەناو بازنەی مەترسییەكی راستەقینەدایە.
زیاتر گوتی، دیموكراسییەتی ئێمە ساوایە، بۆیە دیموكراسییەتێكی پڕ پشێوی بوو و گەلەكەمان ملیۆنان كەسی وەك قوربانی لە كوژراو و بریندار و بێسەروشوێن و كۆچپێكراو و گرتی داوە و ئاماژەی كرد، لە ئێستەدا عێراق بەرەو هەڵدێری مەترسیدار دەچێ و وریایی لە رووچوون بەرەو ناكۆكیی تایفەگەری دا.
موتڵەگ وریایی لە گەڕانەوەی شەڕی تایفەگەری بۆ وڵات دا و گوتی، مەترسیی دەرەكی و ناوەخۆیی هەن كە رووبەڕووی وڵاتەكەمان دێنەوە و هەموویان بەمەبەستی هەڵگیرساندنەوەی ئاگری دووبەرەكێیە بۆ جارێكی تر و ئاماژەی كرد، رووداوی نەخیب بەئاشتییانە هاتە تێپەڕاندن، بەڵام پێویستە هەموومان ئاگەداری دووبارەبوونەوەی ئەو هەوڵەی دوژمنان بین.
دووشەمی رابردوو ژمارەیەك چەكداری نەناس بەپۆشاكی سەربازییەوە لە شارۆكەی نەخیبی سەر بەپارێزگەی ئەنبار، رێگەیان لە پاسێكی نەفەرهەڵگر گرت كە 30 سەرنشینی تێدا بوو و لە رێگەیدا بوو بەرەو سووریا، چەكداران 22 پیاویان لە سەرنشینی پاسەكە كوشت و ئافرەت و منداڵەیلیشیان ئازاد كرد.
