دەوڵەتى یاسا: لەرێى گفتوگۆوە كێشەیلى نێوان كورد و بەغدا دێنە چارەسەركردن
خالید عەتییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند ناكۆكیی نێوان دەوڵەتى یاسا و هاوپەیمانیى كوردستان لەبارەى یاساى نەوت و غاز و كێشەیلى ترەوە، لەرێى دیالۆگ و لێك گەیشتنەوە دەبێ، كە لیستى دەوڵەتى یاسا دەستى پێ كردووە بەمەبەستى گەیشتن بە داڕشتەیەكى تەوافوقى لە خزمەتى هەموولادا بێ و ببێتە پاڵپشت بۆ سیاسەتى نەوتیى وڵات\".
هەروەها گوتى پێوەندیى نێوان هەردوو لیست ریشەى قووڵى هەیە و ناكۆكیی هەردوو لیست لەبارەى هەندێ كێشەوە، كە دەكرێ لە رێى دیالۆگەوە بێنە چارەسەركردن، كار لەو پێوەندییانە ناكا.
ئەم لێدوانەى عەتییە دواى دوو رۆژ دێ لە هەڕەشەكردنى بارستە كوردستانییەكان لە پەرلەمانى عێراق بەوەى كۆنووسى كۆبوونەوەیلى هەولێر كە پێش گەیشتن بە رێكەوتنى پێكهێنانى حكوومەتى عێراقى هاتە ئەنجامدان، ئاشكرا دەكا ئەگەر بێتو لایەنەیل لە خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنى ئەو رێكەوتنە بەردەوام بن.
بەپێى هەندێ سەرچاوە، كۆنووسەكە پێوەندى بە كۆبوونەوەیەكى سێقۆڵیى نێوان مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان و ئەیاد عەلاوى سەرۆكى لیستى عێراقییە و نوورى مالیكى سەرۆكى لیستى دەوڵەتى یاساوە هەیە، كە دواى ئەو كۆبوونەوەیە ئیمزا لەسەر چەند رێكەوتنێك كرا، كە تائێستە بە رەسمى ناوەرۆكەكانیان نەهاتووەتە ئاشكرا كردن.
ئەم هەڵوێستەى كورد دواى گرژبوونەوەى پێوەندیى كورد و بەغدا دێ، پاش ئەوەى هەرێمى كوردستان ئەو رەشنووسەى یاساى نەوت و غازى رەت كردەوە كە حكوومەتى عێراقى پەسەندى كرد.
ئەمڕۆ بارزانى لەگەڵ بەرپرس و نوێنەرەیلى كورد لە بەغدا و هەولێر كۆبوویەوە و چاەڕوان دەكرێ هەڵوێستێك لەبارەى كێشەیلى نێوان بەغدا و هەولێر بێتە راگەیاندن."
