عێراق راگەیاندنی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەندەری موبارەك بۆ دووەم جار دوا دەخات

عێراق راگەیاندنی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەندەری موبارەك بۆ دووەم جار دوا دەخات
ئەمڕۆ سێشەم راوێژكارێكی حكوومەتی عێراق رای گەیاند، حكوومەت راگەیاندنی هەڵویستی رەسمیی خۆی لەبارەی بەندەری موبارەك بۆ دووەم جار دوا خست بۆ ئەوەی بتوانێ بەشێوەیەكی ورد تاوتوێی راپۆرتی لێژنەی تەكنیكی بكا.

فاروق عەبدوڵا راوێژكاری كاروباری دەوڵەت لە ئەنجوومەنی وەزیران بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران هەڵویستی رەسمیی عێراق لەبارەی بەندەری موبارەك رابگەیەنێ، بەڵام دوای خست بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ورد تاوتوێی راپۆرتەكەی لێژنەی تەكنیكی بكا.

بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوە بەندەری موبارەك بە تەواوبوونی دەبێتە هۆی داخستنی 4 بەندەری عێراق كە برێتین لە ئوم قەسری باكور، ئوم قەسری باشوور، غازی جنووبی و بەندەری خۆر زوبێر.

فارووق زیاتر گوتی \"ئەنجوومەنی وەزیران وادەی راگەیاندنی دواین هەڵویستی خۆی لەبارەی بەندەری موبارەك دیاری نەكردووە و راپۆرتی لێژنەی تەكینی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە بۆ ئەوەی هەڵویستێكی روونی سیاسی لەبارەی بەندەرەكەوە بدرێ\"".

كوێت لە نیسان/ئەپریلی رابردوو بەردی بناخەی دروستكردنی بەندەری موبارەكی گەورەی لە دوورگەی بۆبیان لە ئەوپەڕی باكوری رۆئاوای كەنداوی عەرەبی دانا، كە بەدووەم گەورەترین بەندەری كەنداو /890 كم چوارگۆشە/ دادەنرێت لە دوای بەندەی قشمی ئێرانی.

ئەو بڕیارەی كوێت بەدروستكردنی بەندەری موبارەك ناڕەزاییی عێراقی لێ كەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی گرژی بكەوێتە پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو پێشوەچوونیان بەخۆوە بینیبوو.

پێشتر نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق هۆشداری دابوو لە تۆماركردنی سكاڵایەكی یاسایی لە نەتەوەیلی یەكگرتوو بۆ راگرتنی كاركردن لە بەندەری موبارەك لەلایەن كوێتەوە، ئەگەر دەركەوت دروستكردنی ئەو بەندەرە زیان بە عێراق دەگەیەنێ.

بەهۆی هەڕەشەی كەتیبەیلی \""حزبوڵڵای عێراقی\"" كە رایان گەیاندووە ئەگەر بەندەری موبارەكی كوێتی بێتە دروستكردن ئەوان دەیتەقێننەوە، كوێت هێزی لە نێزیك دوورگەی بۆبیان كۆكردەوە لە ترسی روودانی هەر رووداوێكی نەخواز لەلایەن گرووپە تۆندڕۆكانەوە."
Top