سەرچاوەیەك: هیچ وەزیرێكی كورد ئیمزای لە سەر رەشنووسی یاسای نوێی نەوت و غاز نەكردووە
دیندار دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق /یەكگرتووى ئیسلامى/ بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، لە كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی پێشان درا بەناردنی پڕۆژەیەكی نوێ تایبەت بەنەوت و غاز لە عێراق وەزیرەیلی كورد رەزامەند نەبوونە.
دۆسكی گوتى، لە كۆی 4 وەزیر و جێگری سەرۆك وەزیرەیلی عێراق تەنیا وەزیری دەرەوە و بازرگانیی عێراق كە كوردن لە كۆبوونەوەكە بەشداربوونە، وەزیرە كوردەكان نارەزایی خۆمان دەربڕیوە لە بارەی ناردنی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ پەرلەمانی عێراق.
پتر گوتى، پڕۆژەیاساكە بەكۆی دەنگی وەزیرەیلی تری حكوومەتی عێراق و نارەزاییەتیی وەزیرەیلی كورد رەوانەی پەرلەمان كراوە.
لای خۆیەوە خێروڵا حەسەن /یەكێتیی نیشتیمانى كوردستان/ وەزیری بازرگانیی عێراق بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران 34 وەزیری عەرەب و 5 وەزیری كورد هەیە، لە كۆی ئەو 5 وەزیرەش تەنیا دوو كەسمان ئامادە بووینە، ئەنجوومەنی وەزیران بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاساكەی ئاراستەی ئەنجوومەنى نوێنەرانى كرد.
ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە ئێستەدا وەزیرەیلی كورد لە حكوومەتى عێراق یاداشتێكی ناڕەزایی ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی سبەی پێنجشەم بەسەرۆك وەزیرانی عێراق بدەن، تا سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاساكە دووبارە بگەڕێنێتەوە حكوومەت.
حەسەن گوتى، بەپێی ئەو رێككەوتننامەی نێوان هاوپەیمانیی نیشتمانی و تەباییی بارستەیلی كوردستانییەكان هەیە، پێویستە ئەو جۆرە یاسایانە بەشێوەی تەوافق رەوانە بكرێ نەك بەشێوازی دەنگدان، چونكە ئەگەر بەدەنگدان بێت بێگومان ئەوان هەموو ساتێك دەتوانن هەر پڕۆژەیاسایەك بێ رەوانەی پەرلەمانی عێراقی بكەن.
ئەمڕۆ رۆژنامەى \"شەرقولئەوسەت\""ى لەندەنى لەسەرزارى سەرچاوەیەكی نێزیك لە نووری مالیكی بڵاوى كردەوە، پێویست ناكات كورد لەبارەى رەشنووسی یاساى نەوت و غاز كە حكوومەتى عێراق پێشكێشی كردووە، رەخنە لە مالیكی بگرێ، چونكە ئەو رەشنووسە لە كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیراندا هاتووەتە باسكردن كە وەزیرەیلی كورد تێدا ئامادە بوونە. "
