سەرۆكایەتیى هەرێم: تێپەڕاندنى رەشنووسى یاساى نەوت خۆدزینەوەیە لە رێكەوتنە سیاسیەكان

سەرۆكایەتیى هەرێم: تێپەڕاندنى رەشنووسى یاساى نەوت خۆدزینەوەیە لە رێكەوتنە سیاسیەكان
سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستان ئەمڕۆ دووشەم تێپەڕاندنى رەشنووسێكى یاساى نەوتى \"جیاواز لەوەى رێكەوتنى لەسەر كراوە\"" لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە سەركۆنە كرد و بە خۆدزینەوە لە \""رێكەوتنە سیاسییەكان\"" و ناكۆك لەگەڵ \""ناوەرۆكى دەستوور\""ى لەقەڵەم دا و داواى كرد ئەو رەشنووسە بكێشرێتەوە.

گۆتیارێك بەناوى سەرۆكایەتیى هەرێم لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكى ئاراستەى (ئاكانیوز) كراوە، ئاماژەى بەوە داوە كە \""دواى نەبوونى سیاسەتێكى نەوتیى فیدراڵى بۆ ماوەى زیاتر لە شەش ساڵ و لە خۆدزینەوەیەكدا لە جێبەجێكردنى رێكەوتنە سیاسییەكان و لە پرسی پەسەندكردنى یاسایەكى فیدراڵى بۆ نەوت، هەروەها دواى ئەوەى پێش لە پێكهێنانى حكوومەت جەخت لە بەردەوامیى بنەماى تەوافوق كرایەوە وەك مەرجێكى بنەڕەتیى بۆ بەشداریى هاوپەیمانیى كوردستان لەو حكوومەتەدا، لەپڕ ئێستە ئەنجوومەنى وەزیران بەبێ ئامادەبوونى زۆربەى ئەندامانى پێوەندارى ئەنجوومەن، رەشنووسێكى یاساى نەوتى تەواو جیاواز لەوەى پێشتر رێكەوتنى لەسەر كراوە، تێ دەپەڕێنێ\"".

بەیاننامەكە رەخنە لە وەزارەتى نەوتى عێراق دەگرێ كە \""لە دانیشتنێكى بەپەلەدا بەڵگەنامەیەكى 50 لاپەڕەیى لە ماوەى چەند خولەكێكدا خستووەتە روو، تا ئامادەبووان وا بزانن ئەو رەشنووسە رێكەوتنى لەسەر كراوە، ئەوەیش بەمەبەستى غافڵكردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزیران و سووكایەتیكردن بە رێكەوتنە سیاسییەكان و نەهێشتنى متمانە، بۆ سەپاندنى داڕشتەیەكى مەركەزى كە بە هەناسەیەكى تاكڕەوانە نووسراوە بەمەبەستى چەسپاندنى دیكتاتۆریەتى بڕیارى ئابوورى و دانانى جڵەوى \""هەموو\"" لە دەستى هەندێكدا\"".

هەروەها جەختى لەوە كردووە ئەو كارە \""زۆر دوورە لە دەستوورى فیدراڵى و مومارەسەى دیموكراسی، كە دەستەبەرى رۆڵ و مافى هەرێم و پارێزگاكان لە پاراستنى هاوسەنگى لەگەڵ رۆڵى حكوومەتى فیدراڵیدا دەكات\"".

لە بەشێكى ترى بەیاننامەكەى سەرۆكایەتیى هەرێمدا هاتووە \""سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستان لەكاتێكدا سەركۆنەى ئەم مانۆڕە دەكات، داوا لە ئەنجوومەنى وەزیران دەكات دەستبەجێ رەشنووسەكەى وەزراەتى نەوت بكێشێتەوە، لەبەرئەوەى لەگەڵ ناوەرۆكى دەستوور و رێڕەوى یاسایى نێو ئەنجوومەنى وەزیراندا ناكۆكە تا ئەو كاتەى چاوى پێدا دەخشێنرێتەوە\"".

هەروەها داوا لە سەرۆكایەتیى ئەنجوومەنى نوێنەرانیش دەكات \""ئەو رەشنووسە رەت بكاتەوە كە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە پێشكێش كراوە و درێژە بە رێڕەوى یاسادانانى ئێستە بدرێ، بەو مەرجەى هەر هەمواركردنێكى پیشنیازكراو لەلایەن گشت لایەنەكانەوە لەبەرچاو بگیرێ، لەوانە تێبینییەكانى هاوپەیمانیى كوردستان لەسەر ئەو رەشنووسەى لەلایەن لێژنەى نەوت و وزەوە پێشكێش كراوە بۆ خوێندنەوەى یەكەم\"".

ئاماژەى بەوەیش داوە كە هاوپەیمانیى كوردستان وەك پابەندبوون بە رێڕەوى یاسایى و لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندیى گشتیدا، لەكانى خوێندنەوەى دووەمدا پیشنیازەكانى خۆى دەخاتە روو."
Top