سێشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەران چەند پرۆژەیاسا و پرسێكی ناوەخۆیی تاوتوێ دەكات
ئازاد ئەبوبەكر لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، سێشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئاساییی خۆی ساز دەكات، بەمەبەستی خوێندنەوەی دووەم بۆ كۆمەڵێك پڕۆژەیاسا، لەوانە: پڕۆژەیاسای حزبە سیاسییەكان، پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی و پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی باڵای دادوەری.
ئاماژەی دا، هەرچەندە لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدا نییە، بەڵام پێشبینی دەكرێت رۆژی سێشەم ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێی چەند پرسێكی ناوەخۆیی عێراق بكات، لەوانەش زنجیرە تەقینەوەكانی ئەم دوایییەی بەغدا و پارێزگەكانی تر، هەروەها پرسی بەندەری موبارەكی كوێت، پرسی تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لەلایەن توركیاوە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 20ی ئاب/ئۆگستسی رابردوو پشووی خۆی راگەیاند و رۆژی 6ی ئەم مانگە دانیشتەكانی دەست پێ دەكاتەوە.
لای خۆیەوە شوان محەمەد تەها ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە(ئاكانیوز)ی گوت، ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری داوە لێژنەیەكی پەرلەمانی ڕەوانەی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتیی زیان و تۆپبارانكردنی سنوورەكان لەلایەن توركیاوە.
\"لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لێژنەكە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات بەمەبەستی بەسەركردنەوەی ناوچە سنوورییەكان\"" تەها ئەمەی ئاشكرا كرد."
