عێراقییە داوای \"دەستبەجێ\"" راگرتنی بۆردمانەكان لە ئەنقەرە و تاران دەكات"

عێراقییە داوای \
لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتیی دەكات داوای لە ئێران و توركیا كرد \"دەستبەجێ\"" بۆردمانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان رابگرن و كێشەكان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەن.

مەیسوون دەمەلۆجی گۆتیاری لیستی عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پێویستە توركیا و ئێران دەستبەجێ بۆردمانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان رابگرن و رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ چارەسەكردنی كێشەكان بگرنەبەر.

زیاتر گوتی \""لیستی عێراقییە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی هاوسێ رەت دەكاتەوە\"" هاوكات رەخنەی لە حكوومەتی عێراق گرت بەهۆی بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەو پرسە.

لەلایەكی ترەوە دوێنێ هەینی خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا داوایان لە حكوومەتی عێراق كرد باڵوێزانی توركیا و ئێران و كوێت لە وڵات دەربكات بەهۆی پێشێلكاریی بەردەوامی وڵاتەكانیان بۆ سەر سەروەریی عێراق.

یەكشەمی رابردوو باڵەفڕێكی شەڕوانیی توركی بۆردمانی ئۆتۆمۆبێلی هاووڵاتییەكی لە گوندەی (كورتەك)ی سەر بە شارەدێی سەنگەسەر لە بناری قەندیل كرد و بەو هۆیەوە هەر حەوت سەرنشینەكەی كوژران كە لە یەك خێزان بوون، ئەوەیش شەپۆلێكی ناڕەزاییی بەرفرەوانی لە شەقامی كوردیدا دروست كردوووە.

رۆژی 23ی ئەم مانگە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وێڕای سەركۆنەكردنی ئەو پەلامارە، داوای كرد توركیا و ئێران رێگەی ئاشتی و دیالۆگ بۆ چارەسەری كێشەكانیان بگرنەبەر، داوایشی لە پەكەكە و پژاك كرد خاكی هەرێمی كوردستان لە دژی ئەو دوو وڵاتە بەكار نەهێنن و بیانوو نەدەنە دەستیان بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان.

ساڵانە بەجیا هەریەك لە ئێران بەبیانووى لێدانی بنكە و بارەگاكانی چەكدارانى پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (پژاك) و توركیا بەبیانووی لێدانی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، حكوومەتی هەرێم ناڕەزاییی توندی خۆی بەرامبەر ئەو بۆردمانانە دەردەبڕێت، كە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵكەكانیان و زەرە و زیانێكی مادیی زۆریش."
Top