عێراقییە كاندیدێكى نوێ بۆ وەزارەتى كارەبا پێشكێش دەكات
ناهیدە ئەلداینى پەرلەمانتارى ئەو لیستە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند لیستەكەى بە ڕەسمى زیاد ئەلزەربى بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزیرى كارەبا لەجێى شەلال كاندید كردووە.
دیانى گوتى لیستەكەى چاوەڕوانى رەزامەندیى سەرۆك وەزیران دەكات لەسەر كاندیدە نوێیەكە، كە بە گوتەى داینى كەسایەتییەكى \"پاك\""ە و دەتوانێ كارنامەى پێویست بۆ وەزارەتى كارەبا دابنێ.
هەروەها گوتى مالیكى پێشتر لارى نیشان نەداوە لە كاندیدكردنى ئەلزەرب بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزارەتى كارەبا.
لە 17ى ئەم مانگەدا نوورى مالیكیى سەرۆك وەزیرانى عێراق داواى لەكارلادانى رەعد شەلال وەزیرى كارەباى كرد بەهۆى ئیمزاكردنى گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكى وەهمى بە بەهاى 1.7 ملیار دۆلارى ئەمەریكایى، وەزیرى ناوبراویش دەست لەكاركێشانەوەى خۆى پێشكێشى ئەنجوومەنى وەزیران كرد.
لاى خۆیەوە ئەنجوومەنى نوێنەران لێژنەیەكى لێكۆڵینەوەى بۆ ئاشكراكردنى ئەو گرێبەستە وەهمییانە و ئەوانەى تێوەى گلاون پێك هێناوە."
