هەمولایەك لەسەر جەواد پۆلانی بۆ وەزارەتی بەرگری كۆكن
هەینی رابردوو حەیدەر مولا گۆتیاری لیستی عێراقییە بەدەزگەكانی راگەیاندنی راگەیاند كە لیستی عێراقییە جەواد بۆلانی وەزیری پێشووی ناوەخۆ لە حكوومەتی پێشووی عێراقی بەڕەسمی بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری پاڵاوتووە.
عەبدولهادی حەسانی ئەندامی تەباییی دەوڵەتی یاسا بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پاڵاوتنی پەرلەمانتاری پێشوو جەواد بۆلانی لەلایەن لیستی عێراقییە چارەسەرێكی گونجاوە بۆ تەنگژەی پۆستە تەناهییەكان، چونكە بۆلانی كەسایەتییەكی پیشەیی و ئەفسەرێكی سوپای عێراق بووە و پێشتر لە دۆخێكی سەختدا وەزارەتی ناوەخۆی بەڕێوە بردووە.
زیاتر گوتی، پێویستە پاڵاوتنی بۆلانی لەلایەن لیستی عێراقییە بەشێوەیەكی رەسمی بێ و ئاماژەی كرد، نووری مالیكی سەرۆك وەزیران زیاترین پاڵپشتی بۆلانی دەكا بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.
جەواد بۆلانی كە سەرۆكی بارستەی تەباییی یەكەتیی عێراق دەكات، بەم دواییە هاتە ناو ریزەكانی لیستی عێراقییە، بەڵام دوای دوو رۆژ دادگەی فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامیەتی بۆلانی لە پەرلەمان دا بەهۆی پێشێلكردنی یاسای جێگرتنەوەی پەرلەمانتاران.
لە 2ی ئەم مانگە سەرانی بارستە سیاسییەكانی عێراق لە كۆبوونەوەیان لە بەغدا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ناوی هەموو پاڵاوكەكانی پێشوو بۆ پۆستی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوەخۆ و پاڵاوتنی ناوی نوێ رێك كەوتن، بەو پێیەی ناوەكان لە ماوەیەكی كەم بۆ سەرۆك وەزیران رەوانە بكرێن بۆ ئەوەی لە ماوەی 2 هەفتە بابەتەكە بێتە یەكلاكردنەوە.
هەفتەی رابردوو چەند سەرچاوەیەكی راگەیاندن بڵاویان كردەوە كە لیستی عێراقییە لەسەر پێشكێشكردنی 3 پاڵاوك بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری بۆ مالیكی رێك كەوتووە ئەوانیش عەلی مدحەت عوبێدی، حەمید داود عوبێدی و لوئەی ناجی تەبەقچەلی و هاوپەیمانیی نیشتمانیش لەسەر پێشكێشكردنی ناوەكانی هەریەكە لە عوسمان غانمی، حوسێن عەوادی و موزهیر مەولا بۆ پۆستی وەزارەتی ناوەخۆ رێك كەوتووە.
