تاریق هاشمى: تۆپبارانكردنى سنوورەكانى كوردستان دەستدرێژییە بۆ سەروەریى عێراق

تاریق هاشمى: تۆپبارانكردنى سنوورەكانى كوردستان دەستدرێژییە بۆ سەروەریى عێراق
تاریق هاشمى جێگرى سەركۆمارى عێراق راى گەیاند تۆپبارانكردنى سنوورەكانى هەرێمى كوردسان دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریى عێراق، هاوكات هەڵوێستى حكوومەتى عێراقی بە مایەى بێئومێدى وەسپ كرد.

هاشمى لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەى (الحیاە)ى لەندەنى كە ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاو كراوەتەوە، لە وەڵامى پرسیارێكدا لەبارەى هەڵوێستى حكوومەت لە تۆپبارانكردنى سنوورەكانى هەرێم گوتى \"تۆپبارانكردنى خاكى عێراق لە كوردستان دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەرى، ئەوەم راشكاوانە سەركۆنە كردووە و لە دواین دیداریشمدا لەگەڵ باڵوێزى ئێران لە بەغدا، داوام لێ كرد ئەو بۆردمانە رابگیرێ\"".

هاشمى ئاماژەى بەوە دا ئەگەرچى لە نیگەرانییەكانى ئێران لەو هێرشانەى لە خاكى عێراقەوە دەكرێنە سەرى تێ دەگات، بەڵام پێى وایە بۆردمانى سنوورەكانى هەرێم \""بێ پاساوە\"".

جێگرى سەركۆمارى عێراق هاوكات رەخنەى لە هەڵوێستى حكوومەتى عێراق لە بۆردمانى سنوورەكانى عێراق لەلایەن ئێرانەوە گرت گوتى \""هەڵوێستى بێدەنگیى حكوومەتى عێراق بەلاى میدیاكان و راى گشتیى عێراقەوە مایەى بێ ئومێدبوونە\""."
Top