نێجیرڤان بارزانی: هیچ هەڵوێستێکی تاکلایانە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەئارادا نییە

نێجیرڤان بارزانی: هیچ هەڵوێستێکی تاکلایانە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەئارادا نییە
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نێجیرڤان بارزانی جەختی کردەوە، \"پێشتریش سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەمەڕ پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربڕیوە، بەراشکاوی دووپاتی کردووەتەوە کە عێراق پێویستی بەهاوکاری ئەمەریکایە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ئەمنی وڵاتەکە، لە کۆتایدا عێراق پێویستی بەمانەوەی بەشێک لەو هێزانە هەیە تا بەدیهێنانی ئامادەیی تەواوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ گرتنەئەستۆی پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی کە ساڵانێک دوورودرێژە هاووڵاتیانی عێراق قوربانی بۆ دەدەن\"".

نێچیرڤان بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ شەرقولئەوسەت، وتی: \""سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بەشێویەک مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکات بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ، پێشتریش بەراشکاوی هەڵوێستی خۆمان دەربڕیوە و لە کەسمان نەشاردووەتەوە، بەراشکاوی وتوومانە، عێراق هێشتا پێویستی بەمانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا هەیە، بەڵام ئەو قسانەی باس لەوە دەکەن گوایە سەرۆکی هەرێم داوای جێگیرکردنی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکای کردووە لە کوردستان، بەهیچ شێوەیەک راست نین، هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم و ئەو ئەرکانەی لەوبارەیەوە رایاندەپەڕێنێ دەچنە چوارچێوەی ئەو راگۆڕینەوە و راوێژکارییە کە لەسەر ئاستە سیاسییە جیاوازەکاندا لە نێوان کوتلە و هێزە عێراقییەکاندا بەردەوامە، بۆیە بەڕێز سەرۆکی هەرێم هەڵوێستێکی تاکلایەنانەی لەوبارەیەوە نییە. بەڵکو ئەو پرسە بەگوێرەی راوێژکارییەکانی تێکڕای پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق بڕیاری لێ دەدرێ. سەرکردایەتی هەرێمیش لەو پرسەدا لە چوارچێوەی سازانی ئەو هێزانە دەرناچێ.

لەبارەی ئامادەیی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکان لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم، بارزانی وتی: \""خەریکە بۆردومانەکانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەر ژیانی دانیشتوانی ئەو سنوورانە دەبێت، دوو ساڵ لەمەوبەر بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کارا بوو، هێزەکانی ئەمەریکاش بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و سیاسی و سەربازییان لە وڵاتەکەمان گرتبووە ئەستۆ، ئەوکات بۆردومانەکانی ئێران بەئامانجی ترساندنی ئەمەریکییەکان و زانینی کاردانەوەیان بوو، بەڵام ئەمەریکایییەکان هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بۆردومانەکان پێشان نەدا، ئەو هەڵوێستەش ئێرانی هان دا بۆ هەڕەشەکردن و تێکدانی ئەمنی کوردستان، لە واقیعدا، هەرێمی کوردستان پابەندە بەبنەمای بەکارنەهێنانی خاکی خۆی بۆ هەڕەشەکردنی وڵاتانی دراوسێ جا ئێران یان تورکیا بێ، ئێمەش لەو بنەمایە لانادەین، لە ماوەی رابردووشدا سەلماندمان کە ئێمە هۆکاری سەقامگیرین نەک ئاژاوە لە ناوچەکەدا، ئەو بۆردومانانەی ئێرانیش بەپاساوی هەبوونی چالاکی سەربازی حزبی بژاک دێ، ئەو چالاکییانەش تەنیا لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان نین، بەڵکو زۆربەیان لەناو خاکی ئێراندان.

بەراشکاوی دەڵێم: هەرێمی کوردستان ئەو کردەوانە لەناو خاکی ئێران رەت دەکاتەوە، چونکە پێمان وایە ئەو کردەوە سەربازییانەی بژاک لە بەرژەوەندی پرسی کورد لە ئێران نییە، بەڵکو فشارەکان لەسەر گەلی کورد زیاتر دەکەن، بۆیە پێم وایە دەبێ ئەو حزبە مەترسی کردەوەکانی بزانی و خەباتە چەکدارییەکەی لە دژی ئێران بوەستێنێ و هەنگاو بنێ بەرەو خەباتی سیاسی ئاشتیانە\"".

نێچیرڤان بارزانی نیگەرانی سەرکردایەتی کوردی لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی ناوچە دابڕاوەکان، بەتایبەتی هەڕەشە بەردەوامەکانی سەر دانیشتوانی کورد لە هەردوو ناوچەی سەعدییە و جەلەولا نەشاردەوە و وتی: \""پێم وایە کێشەی ناوچە دابڕاوەکان و چارەسەرنەکردنیان بەپێی دەق و بنەماکانی دەستوور تەنیا حکومەتی عێراق لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو بەشێکی گەورەی ئەو کێشەیە لایەنی ئەمەریکا لێی بەرپرسیارە، چونکە ئەمەریکییەکان کەمتەرخەم بوون لە گرتنەئەستۆی بەرپرسیاریەتییەکان، لایەنی ئەمەریکا هیچ هەنگاوێکی جیدی بۆ یارمەتیدانی عێراقییان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەنا، جا کێشەکە پەیوەست بێ بەناکۆکییەکان لەسەر کەرکووک یان ناوچەکانی ترەوە، دەبووایە سەرکردایەتی عێراق و لایەنی ئەمەریکا ئەو پرسە و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان لە ئەولەویاتی کارەکانیان دانابوایە، کێشەی سەرەکیش ئەوەیە خواستی فیعلی لە لایەنی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەدی ناکەین، بۆیە پێمان وایە بەهۆی نەبوونی ئەو خواستە مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق هیچ شتێک ناگۆڕێ، چونکە رۆژێک هەر دێت ئەو هێزانە دەربچن، گرینگ ئەوەیە لایەنی عێراقی خواستی راستەقینەی هەبێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان، بۆ ئەوەی نموونەیەکی زیندوو بەپێکەوەژیانی ئاشتیانە و برایانە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق لە کورد و عەرەب و تورکمان و ئەوانی تر بدەین، دەمەوێ بەراشکاوی بڵێم، بەداخەوە تا ئێستا ئەو خواستەمان لەلایەن سەرکردایەتی عێراقییەوە بەدی نەکردووە، بەپێچەوانەوە هەڕەشەکان بۆ سەر پێکهاتەی کورد لە هەردوو ناوچەی جەلەولا و سەعدییە بەتایبەتی لە زیادبووندایە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی ئەو خواستە، بۆیە بەشێوەیەکی رێکخراو هەوڵ دەدرێ پێکهاتەی کورد لەو ناوچانە دەربکرێن، ئەوەش لەرێگەی تۆقاندن و کوشتن و دەربەدەربوون کە لەلایەن سوپای عێراقییەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەداخەوە چاوەڕوان بووین سوپای عێراق دوای رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆر ببێتە سوپایەکی نیشتمانی کە نوێنەرایەتی هەموو عێراق بکات، نەک ببێتە بەشێک لە هەڵمەتی تۆقاندنی دانیشتوان.

جێگری سەرۆکی (پ.د.ک) دووپاتی کردەوە کە سەرکردایەتی کوردی هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی دانیشتوانی کوردستان لە ناوچەی جەلەولا، وتیشی: \""ئێمە ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین کێشەکانی ئەو ناوچەیە لەرێگەی دیالۆگی نیشتمانی چارەسەر بکەین، هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکیان ئاراستەی لیژنەی باڵای ئەمنی وەزاری کە پێکهاتووە لە هەردوو وەزیری بەرگری و ناوخۆی عێراق کردووە بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەک کە تایبەت بێ بەبابەتی هەڕەشە تیرۆریستییەکان لە هەردوو ناوچەی جەلەولا و سەعدیە، ئێستاش ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە دەکەین، ئەگەر هاتوو بارودۆخەکە هیچ گۆرانکاری بەسەردا نەهات، ئەوکات سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوێک دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی دانیشتوانی کوردستان لەو ناوچانەدا.

-و:pna"
Top