بارستە كوردستانییەكان: كۆبوونەوەی سبەی بارستە سیاسییەكانی عێراق ئەنجامی ئەرێنی بەدەسەت ناهێنێ
مەحموود عوسمان بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، تا ئێستەش وتووێژەكانی پێوەست بەپێوەندییەكانی لیستی عێراقییە و دەوڵەتی یاسا هیچ پێشكەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە و لێژنەی سێقۆڵیش هیچ چارەسەرییەكی بۆ كێشە هەڵواسراوەكان بەدەست نەهێناوە.
زیاتر گوتی، سەرانی بارستە سیاسییەكان لە كۆبوونەوەی سبەی ناگەنە هیچ ئەنجامێكی ئەرێنی لەبارەی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان لیستی عێراقییە و تەباییی دەوڵەتی یاسا بەهۆی نەرمی نەنواندنی هیچیان و ئاماژەی كرد، دەستپێشخەرییەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نووچی خواردووە بەهۆی تەواو جێبەجێنەكردنی بڕگەكانی.
دوێنێ شەموو نووسینگەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە بەیاننامەیەكیدا كە وێنەیەكی گەیشتە (ئاكانیوز) رای گەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەم سەرانی بارستە سیاسییەكانی عێراق لە كۆشكی سەلام لە شاری بەغدا كۆ ببنەوە و بۆ ئەو مەبەستە نووسینگەی سەركۆمار بانگهێشتننامەی ئاراستەی سەرۆك بارستەكان كردووە.
سەرانی بارستە سیاسییەكانی عێراق لە 9ی ئەم مانگە دووەم كۆبوونەوەی خۆیان لە ماڵی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق لە بەغدا ساز كرد و بڕیار درا كاری لێژنەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەردەوام بێ.
بارستە سیاسییەكانی عێراق لە 20ی حوزەیران/یۆنیۆی رابردوو یەكەم كۆبوونەوەیان لە ماڵی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق كرد، بەڵام هەریەكە لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون.
