تاریق هاشمی: بڕیاری لەخۆگرتنی هێزەكانی سەحوە چەندان تەگەرەی تێ كەوتووە
هاشمی بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیاری حكوومەت بە لەخۆگرتنی هێزەكانی سەحوە لە داودەزگەكانیدا ئەرێنی بوو، بەڵام لە جێبەجێكردندا چەندان تەگەرەی تێكەوت و ئاماژەی كرد، پێویستە ئەو تەگەرانە چارەسەر بكرێن و مافی ئەوان بدرێ، كە لەپێناو سەقامگیریی تەناهی قوربانیان داوە.
زیاتر گوتی، مانەوەی خاڵەكانی پشكنینی هێزەكانی سەحوە سەرەڕای بەئامانجگرتنیان هەستكردنی قوڵی ئەوانە بە بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر ناوچەكانیان و ئاماژەیەكیشە بۆ پێوەندیی باش و هاریكارییانە لەگەڵ هێزە تەناهییەكان و ئاماژەی كرد، بەئامانجگرتنی هێزەكانی سەحوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی قێزەوەنە بۆ نەهێشتنی ئەو سەقامگیرییە تەناهییەی كە هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی بەرپرسانی عێراقی نێزیكەی 50 هەزار لە ئەندامانی هێزەكانی سەحوە كە ژمارەیان 85 هەزار كەسە، خراونەتە ناو فەرمانگەكانی حكوومەتەوە و لەوانەش 15 هەزاریان لە وەزارەتی ناوەخۆ دامەزراون.
