كورد 3 پۆستی وەزارەتی دەوڵەت لە دەست دەدات
نەجیبە نەجیب پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی ئەمڕۆ شەموو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، كەمێك بەر لە ئێستە پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری دا بەكەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكانی كابینەی ئێستەی حكوومەت.
روونی كردەوە \"بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و مافی نەتەوەیی، قەرەبووی ئەو لایەنانە دەكرێتەوە كە زۆرینەی پۆستیان لە دەست دەچێ لەم كەمكردنەوەیەدا، بۆ ئەمەش لە رۆژانی داهاتوودا لایەنەكان دەست بەئەنجامدانی وتووێژ دەكەن بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردنی میكانیزمی قەرەبووكردنەوەكە\"".
ئاماژەی بەوەش دا وەك قۆناغی یەكەم لە كۆی 11 وەزارەتی دەوڵەت 8 وەزارەت هەڵوەشایەوە و تەنیا وەزارەتەكانی دەوڵەت بۆ كاروباری ژنان، پارێزگەكان و كاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران مانەوە.
روونی كردەوە تەباییی بارستە كوردستانییەكان پۆستی 3 وەزارەتی دەوڵەتی لە كابینەی ئێستەی حكوومەتی عێراق هەیە كە برێتین لە وەزارەتی دەوڵەت بۆ كاروباری كۆمەڵگەی مەدەنی، لەگەڵ دوو وەزارەتی تری دەوڵەت.
ئاماژەی بەوەش دا دەخیل قاسم وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری كۆمەڵگەی مەدەنی (ئێزیدی)، یاسین حەسەن لە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و عەبدولسەحاب قارەمان كە دوو پۆستی وەزارەتی دەوڵەتیان هەیە لە پۆستەكانیان نامینێن.
جەختی كرد كە بەپێی پڕۆژەی پێشنیازی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كورد لە پۆستە حكوومەتییەكانی وەزارەتەكانی تردا قەرەبوو دەكرێتەوە.
لای خۆیەوە محەمەد كیانی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بۆ (ئاكانیوز)ی راگەیاند مالیكی ئەوەشی خستووەتە روو كە هۆكاری كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان بۆ كاراكرنی وەزارەتەكانی تر و نەهێشتنی گەندەڵییە.
هەروەها گوتی، كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان گۆڕینی بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتەكانیش لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای دنیایی ئیمزا كردووە بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پێكهاتەی وەزارەتەكان، بەشێوەیەك رۆتین لە راپەڕاندنی كارەكاندا كەم دەبێتەوە."
