\"دووشەمی داهاتوو پەرلەمانی عێراق راپۆرتی لێژنەی بەسەركردنەوەی ناوچە تۆپبارانكراوەكان تاوتوێ دەكات\"""

\
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئەو لێژنە تایبەتەی پەرلەمان كە ناوچە تۆپبارانكراوەكانی سەر سنووریان بەسەر كردەوە، لە راپۆرتەكەیاندا، كە چاوەڕوان دەكرێ دووشەمى داهاتوو پەرلەمان تاتوێى بكات، داوای راگرتنی تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان و قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان دەكات.
عارف تەیفوور دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق پێكی هێنا بۆ بەسەركردنەوەی ناوچە تۆپبارانكراوەكانی سنووری نێوان هەرێم و ئێران، راپۆرتی خۆی پێشكێش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە.

روونی كردەوە \"راپۆرتەكە لە 7خاڵ پێك دێ، تێیدا داوای دەستبەجێ راگرتنی تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكان لەلایەن ئێرانەوە دەكەن، هاوكات ئەوەشیان خستووەتەروو كە ئەو ناوچانەی تۆپباران كراون هیچ هێزێكی چەكدارییان لێ نییە و خەڵكی مەدەنی تێدا نیشتەجێن و زیان بەوان گەیشتووە\"".

لای خۆیەوە شوان محەمەد تەها ئەندامی لێژنە ناوبراو بە(ئاكانیوز)ی گوت بڕیارە دووشەمی داهاتوو پەرلەمانی عێراق پرسی راپۆرتی لێژنەكەمان بخاتە كارنامەى گفتوگۆكانى خۆیەوە و دوا بڕیاری خۆی لە ژێر رۆشنایی راپۆرتەكەدا بدات.

هەروەها گوتى یەكێك لەو خاڵانەی چاوەڕوان دەكرێ بڕیاری لەسەر بدرێن ئەوەیە حكوومەتی عێراق پابەند بكرێ بە خستنەگەڕی هەوڵەكانی بۆ راگرتنی تۆپبارانەكە.

هەفتەى رابردوو لێژنەیەكی تایبەتى پەرلەمانى عێراق بۆ لەنێزیكەوە ئاگەداربوون لە دۆخەكە، سەردانى ناوچە تۆپبارانكراوەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و راپۆرتێكى لەبارەیەوە ئامادە كرد."
Top