سەرچاوەیەك: ئەمڕۆ مالیكى میكانیزمى كەمكردنەوەى وەزارەتەكانى كابینەكەى روون دەكاتەوە

سەرچاوەیەك: ئەمڕۆ مالیكى میكانیزمى كەمكردنەوەى وەزارەتەكانى كابینەكەى روون دەكاتەوە
سەرچاوەیەك لە راگەیاندنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەمڕۆ ئاشكراى كرد، نوورى مالیكیى سەرۆك وەزیران لە دانیشتنى ئەمڕۆ ئێوارەى پەرلەماندا ئامادە دەبێ بۆ روونكردنەوەى میكانیزمى كەمكردنەوەى وەزارەتەكانى كابینەكەى.
ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێ، بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند ژمارەیەك لە ئەندامانى پەرلەمان بەهۆى بەشداریكردنیان لە پرسەى دایكى مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە شارى هەولێر هێشتا نەهاتوونەتە پەرلەمان، هەر بۆیە مالیكى لە دانیشتنى سەرلەئێوارەى پەرلەماندا ئامادە دەبێ، بۆ تاوتوێكردنى چۆنیەتیى كەمكردنەوەى وەزارەتەكان.

لە 18ى ئەم مانگەدا مالیكى لە نامەیەكیدا بۆ پەرلەمان داواى كرد رەزامەندى پێشان بدات لەسەر كەمكردنەوەى ژمارەى وەزارەتەكانى كابینەكەى، ئەویش وەك بەشێك لە هەوڵەكانى حكوومەت بۆ كاراكردنى وەزارەتەكان.

بارستەكان بەگشتى دەنگیان بۆ پلانەكەى سەرۆك وەزیران دا، بەڵام داوایان كرد بۆ روونكردنەوەى میكانیزمى كەمكردنەوەكە لەبەردەم پەرلەماندا ئامادە بێ.

ئەو سەرچاوەیە راى گەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمان بەئامادەبوونى 200 ئەندام لە كۆى 325 ئەندام دانیشتنى ئاسایى خۆى گرێ دا، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى ژمارەیەكى زۆر لە پەرلەمانتارەكان بەتایبەت كوردەكان، بڕگەى زۆر گرینگ نەخرانە كارنامەوە.

كابینەكەى مالیكى لە 42 وەزارەت پێك دێ، كە ژمارەیەكیان وەزارەتى دەوڵەتن.
Top