تاریق هاشمی: داوای بەستنەوەی كەمكردنەوەی وەزارەتەكانی حكوومەت بەپێشخستنی ئەنجوومەنی وەزیران دەكات
هەفتەی رابردوو نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە رێگەی نامەیەكەوە داوای لە پەرلەمان كرد تاوتوێی كەمكردنەوەی وەزارەتەكانی حكوومەتەكەی لە 42 وەزارەتەوە بۆ 29 وەزارەت بكات.
هاشمی بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پاڵپشتی لە پرۆسەی كەمكردنەوەی وەزارەتەكانی حكوومەت دەكەین و بەپێویستی دەزانین بۆ بەرزكردنەوەی توانای وەزارەتەكان و بەپەلە وەڵامدانەوەی كێشە تەناهی و خزمەتگوزارییەكان كە پێوەنییدیان بەژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە.
زیاتر گوتی، پێویستە سەركەوتنی پرۆسەی كەمكردنەوەی وەزارەتەكانی حكوومەت بەپێشخستنی بەرنامەی حكوومەت ببەسترێتەوە بۆ ئەوەی بەرنامەكەی روون و دیار و پوخت و راستەقینە بێ و بەرجەستەی تەوافوقی نیشتمانی و خواستەكانی گەلی عێراق بكات.
هاشمی روونی كردەوە، پێویستە پرۆسەی كەمكردنەوەی وەزارەتەكان هەنگاوێك بێ لە گورزەی هەنگاوە چاكسازییەكان، لەوانەش پابەندبوون بەرێككەوتننەكانی لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتنە كایەوە، بەو پێیەی هاوبەشییەكی نیشتمانی لە وەرگرتنی بڕیارەكان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت بێتە ئاراوە، نەوەك بەتەنیا بەشداری لە حكوومەت لە رێگەی پۆستەكانەوە.
هاشمی ئاماژەی كرد، كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان پێویستە بۆ نەهێشتنی سستی كارەكانی جێبەجێكردن كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكوومەت، بەڵام ئەو هەنگاوە پێویستی بەپێشخستنی دامەزراوەیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هەیە لە رێگەی پرۆگرامە ناوەخۆییەكەی.
لە 28ی شوبات/فێبرایەری رابردوو نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ماوەی 100 رۆژی بۆ وەزیرانی حكوومەتەكەی دیاری كرد بۆ باشتركردنی كار و دەستكەوتی وەزارەتەكانیان لە دوای ناڕەزایییە جەماوەرییەكانی زۆرینەی شارەكانی عێراقی گرتەوە بەهۆی خراپی خزمەتگەزارییەكان و بوونی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی لە داودەزگەكانی حكوومەتدا.
