سوپاى ئەمەریكا ئامادەیە بۆ راگرتنى بۆردمانى ئێران پاڵپشتیی هێزەكانى عێراق بكات

سوپاى ئەمەریكا ئامادەیە بۆ راگرتنى بۆردمانى ئێران پاڵپشتیی هێزەكانى عێراق بكات
ئەمڕۆ یەكشەم گۆتیار بەناوى سوپاى ئەمەریكا لە عێراق راى گەیاند، ئەوان ئامادەن بەمەبەستی راگرتنى بۆردمانەكانى ئێران پاڵپشتیی حكوومەتی عێراق بكەن.

جیڤری بیۆگاتن بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، لەسەر ئێران پێویستە رێز لە سەروەریی خاكى عێراق بگرێ و ئەگەر هەستی بەهەڕەشەی ئەو گرووپانە (ئۆپۆزسیۆن) كرد، دەبێ لەگەڵ حكوومەتى عێراق ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.

ئێران و توركیا بەبیانووى هەبوونى چەكدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان (پ.ك.ك) و پارتى ژیانى كوردستان (پژاك) ناوچە سنوورییەكان بەتۆپ و باڵەفڕی شەڕوانی بۆردمان دەكەن و تا ئێستە زیانى گیانى و مایەكى زۆریان بەناوچەكە گەیاندووە، سەرەڕاى ئاوارەبوونى دەیان ماڵبات.

دوێنێش بۆردمانەكانى ئێران بۆ ناوچە سنوورییەكانى پارێزگەى هەولێر بەردەوام بوو.

بیۆگاتن گوتى، ئێران هیچ مافێكی یاسایی بۆردمانكردنى نییە، بەبێ رەزامەندیی حكوومەتى عێراق، بۆیە پێویستە هەمووان بەیەكەوە كار بۆ رگرتنى ئەو پێشلیە بكرێ.

ئەو گۆتیارەى سووپاى ئەمەریكا گوتى، ئێمە هەموو پاڵپشتیی هەواڵگریی و زانیاریی خۆمان پێشكێش دەكەین، بەڵام حكوومەتى عێراق رۆڵی سەرەكى لە بەرگری و تەناهیی وڵات هەیە.

\"ئەگەر حكوومەتى عێراق داواى یارمەتیمان لێ بكات، رۆڵی ئێمە رۆڵێكی راوێژكردن و مەشق و پاڵپششتی دەبێ، لەهەر شوێنێك بڵاوە بكەن، ئێمە لەگەڵیان دەبین\"" بیۆگاتن گوتى.

لە چەند بۆنەیەكدا حكوومەتى عێراق داواى راگرتنى بۆردمانەكانى ئێرانى كردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانى ئێرانى تا ئێستە هیچ وەڵام و هەڵوێستێكیان نەبووە.

لە 3ى ئەم مانگە مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا سەركۆنەى بۆردمانەكانى ئێرانى كرد و گوتى، ئەو بۆردمانە رەمەكییانە بۆ سەر هاووڵاتییان و ناوچە سنورییەكانی هەرێم بەكارێكی نابەجێیان دادەنێین، پێمان وایە كە ئەو جۆرە كارانە زیان بە پێوەندیی نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران دەگەیەنێت و لە بری دروستكردنی ترس و نیگەرانی هەوڵ بدرێت بەرێگەی دیالۆگ كێشەو گیروگرفتەكان رێگە چارەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە."
Top