عێراقییە سەرلەنوێ داوا لە دەوڵەتی یاسا دەكات وەڵامی پرسیارەكانی بداتەوە

عێراقییە سەرلەنوێ داوا لە دەوڵەتی یاسا دەكات وەڵامی پرسیارەكانی بداتەوە
ئەندامێكی لیستی عێراقییە دووبارە داوای لە تەباییی دەوڵەتی یاسا كرد وەڵامی پرسیارەكانی لیستەكەی لەبارەی جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتننامەی هەولێر بداتەوە، ئاشكرای كرد بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكان بەستراوەتەوە بە وەڵامدانەوەی ئەوە پرسیارانە.

زیاد زەرب ئەندامی لیستی عێراقییە ئەمڕۆ سێشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لە ئێستەدا كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوو لیستی عێراقییە و تەباییی دەوڵەتی یاسا وەستاوە و لیستی عێراقییە چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەكات كە لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەوەی هەولێرەوە ئاراستەی دەوڵەتی یاسای كردووە.

زەرب روونی كردەوە \"لیستی عێراقییە شەش پرسیاری ئاراستەی تەباییی دەوڵەتی یاسا كردووە كە پێوەندی بە رێككەوتننامەی هەولێر و جێبەجێكردنی خاڵەكان ئەو رێككەوتننامەیەوە هەیە، بەڵام تا ئێستە دەوڵەتی یاسا وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەداوەتەوە\"".

لیستی عێراقییە لە 30 ئایار/مایۆی رابردوو دانوستاندنەكانی لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی هەڵپەسارد و دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكانیشی بەستەوە بە وەڵامدانەوەی هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ ئەو پرسیارانەی كە لەبارەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سیاسەتە ستراتیجییەكان و پۆستی وەزارەتە تەناهییەكانەوە ئاراستەی كردوون.

لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە تشرینی یەكەم/نۆڤێمبەری 2010دا راگەیەنرا، لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتن، لەوانە پێدانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بە نووری مالیكی لە بەرامبەر پێكهێنانی ئەنجوومەنێكی نوێ بەناوی \""ئەنجوومەنی سیاسەتە ستراتیجییەكان\"" و پێدانی سەرۆكایەتیی ئەو ئەنجوومەنە بە لیستی عێراقییە و بەتایبەتی ئەیاد عەلاوی.

بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان لیستی عێراقییە و هاوپەیمانیی نیشتمانییەوە، تا ئێستە ئەنجوومەنی سیاسەتە ستراتجییەكان پێك نەهێنراوە و لە كاتێكی پێشتریشدا ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە وازهێنانی خۆی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەو ئەنجوومەنە راگەیاند.

پەرلەمانی عێراق لە 21ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری رابردوو متمانەی بەحكوومەتی نوێی عێراق بەخشی كە لە 42 وەزارەت پیپَك هاتووە و لەنێویاندا 12یان وەزارەتی دەوڵەتن، بەڵام تا ئێستە پۆستەكانی وەزارەتی بەرگری و ناوەخۆ و ئاسایشی نیشتمانی بەهۆی ناكۆكیی نێوان بارستە سیاسییەكانەوە یەكلا نەكراونەتەوە."
Top