ئەمڕۆ فەرەج حەیدەری وەڵامی پرسیارەكانی پەرلەمان دەداتەوە
سەعید رەسوڵ خۆشناو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لێژنەكانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت تا سات 13:00 بەكاتی ناوەخۆ و دواتر كۆبوونەوەی پەرلەمان دەست پێ دەكات و تێیدا فەرەج حەیدەری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وەڵامی بەشی سێیەمی پرسیارەكانی پەرلەمانتاران لەبارەی كۆمسیۆنەوە دەداتەوە.
وەڵامەكانی حەیدەری لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا دوای ئەوە دێن لە مانگی رابردوو ئایار/مایۆدا دوو دانیشتنی تری وەڵامدانەوە لە پەرلەمان بەڕێوە چووە.
زیاتر گوتی، ئەگەر وەڵامەكانی كۆمسیۆن باوەڕهێن بن ئەوە كارەكان ئاسایی دەبنەوە و ئەگەر بەڵگەی یەكلاكەرەوەیش هەبێ لەسەر تێوەگلانی كۆمسیۆن بەگەندەڵی ئەوكات گفتوگۆ لەبارەی وەرگرتنەوەی متمانە لە كۆمسیۆن دەكرێ، بەڵام پێم وانییە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پرسی متمانە وەرگرتنەوە بێتە ورووژاندن.
\"تا ئێستە هاوپەیمانیی كوردستان خۆی بۆ ئەوە ئامادە نەكردووە كە ئایا لیستەكانی ناو پەرلەمان كار لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە كۆمسیۆن دەكەن یاخۆ نا، بەڵام ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەین و شیمانە هەیە باس لەو پرسەیش بكەین\"" خۆشناو وای گوت.
حەنان فەتلاوی ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی نیشتمانی داوای كردبوو بەهۆی \""تێوەگلان لە گەندەڵی دارایی\""ەوە سەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بانگهێشتنی پەرلەمان بكرێن، بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێ.
(2 ئایار/مایۆی) رابردوو بۆ ئەو مەبەستە پەرلەمان بانگهێشتنى فەرەج حەیدەرى كرد و رۆژى چوارشەمیش (11 ئایار) وەك درێژەى پرۆسەكە جارێَكى تر لە پەرلەمان ئامادە بوو و وەڵامى پرسیارەكانى دایەوە، كە تێیدا ئەو تۆمەتانەى رەت كردەوە ئاراستەى خۆى و ستافى كۆمسیۆن كرابوون.
حەیدەری پێشتر بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندووە كە پرسیارەكانی پەرلەمانتاران هیچ بەڵگەیەكی لەگەڵ نییە و دیوانی چاودێری داراییی و دەستەی دەستپاكیش هیچ گرفتێكیان لە كارەكانی كۆمسیۆندا نەدۆزیوەتەوە.
كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق دەزگایەكى پیشەیى و دەستووریى سەربەخۆیە، یەكەم جار بەپێى یاساى ژمارە 92 لە 31 ئایار/مایۆى 2004 دامەزراوە، لەژێر چاودێریى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقدایە و ئەركى رێكخستن و چاودێریكردنى هەموو هەڵبژاردن و راپرسییەكانى عێراقى لەئەستۆدایە، ئەندامانی بەپێی تەوافوقی لایەنەكان دانراون و سەرۆك و ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كوردن
لەو هەڵبژاردنانەى كۆمسیۆن سەرپەرشتى كردوون:
هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاكانى عێراق بەهەرێمى كوردستانیشەوە لە 31 كانوونى دووەم/یەنایەرى 2005.
راپرسی لەسەر دەستوورى عێراق لە 15 تشرینى یەكەم/ئۆكتۆبەرى 2005.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 15 كانوونى یەكەم/دێسێمبەرى 2005.
هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پارێزگاكانى عێراق لە 31 یەنایەرى 2009.
هەڵبژاردنەكانى پەرلەمان و سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستان لە 25 تەمووز/یۆلیۆى 2009دا.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 7 ئادار/مارسی 2010دا."
