دەوڵەتی یاسا: عێراقییە هەوڵی دواخستنی ناونانی وەزیرە تەناهییەكان دەدات

دەوڵەتی یاسا: عێراقییە هەوڵی دواخستنی ناونانی وەزیرە تەناهییەكان دەدات
تەباییی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، لیستی عێراقییەی تۆمەتبار كرد بەوەی هەوڵی دواخستنی ناونانی وەزیرە تەناهییەكان دەدات لە ڕێگەی زیادكردنی 2 پاڵاوكی تر بۆ لیستی پاڵاوكەكانی پۆستی وەزارەتی بەرگری.

عەلی شەلا ئەندامی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ سێشەم بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، زیادكردنی 2 ناوی تر بۆ لیستی پاڵاوكەكانی پۆستی وەزارەتی بەرگری لەلایەن لیستی عێراقییەوە، بەشێكە لەو هەوڵانەی عێراقییە كە ماوەی 2 مانگە بۆ دواخستنی ناونانی وەزیرە تەناهییەكان كاری لەسەر دەكات.

ئاماژەی دا بەوەی عێراقییە لەلایەك ناوی پاڵاوكەكان ڕەوانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری دەكات، لەلایەكی تریش سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران داوا لە ئەنجوومەن دەكات لە پشووەكانیان ئاسوودە بن و دەنگدانیش لەسەر وەزیرە تەناهییەكان دوا دەخات.

شەلا ڕوونی كردەوە، مالیكی بەشێوەیەكی پیشەگەری و بابەتیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەكات و لێكۆڵینەوەیەكی تێروتەسەل بۆ ناوە پێشكێشكراوەكان دەكات و هەموو لایەنێكی سیاسیش بۆچوونی خۆی لەبارەیانەوە دەردەبڕێ، پاشان ناوەكان ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێ بەمەبەستی دەنگدان لەسەری بەپێی ئەو میكانیزمەی نووری مالیكی پێڕەوی دەكات.

لیستی عێراقییە 2 ڕۆژ لەمەوبەر 2 ناوی تری خستە سەر لیستی پاڵاوكەكان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری لەوانە، غافل نووری غافل دلێمی و مەجید عەبد نەسیف زوبێدی.

زیادكردنی 2 ناوی تر بۆ لیستی پاڵاوكەكانی پۆستی وەزارەتی بەرگری لە كاتێكدا دێت كە لیستی عێراقییە بەسەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی و تەباییی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نووری مالیكی گەڕێكی تری گفتوگۆیان دەست پێ كردەوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان و ڕێككەوتن لەسەر ناونانی وەزیرە تەناهییەكان و ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتە ستراتیجییەكان كە بڕیارە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی بكات.

پێشتر بارستە سیاسییەكان ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی پۆستی وەزارەتی ناوەخۆ بۆ هاوپەیمانیی نیشتمانی و پۆستی وەزارەتی بەرگریش بۆ لیستی عێراقییە بێ، بەڵام هەردوولا پاڵاوكی لایەنەكەی تر ڕەت دەكەنەوە بەبیانووی نەبوونی بێلایەنی و لێهاتوویی پاڵاوكەكان.

21ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بەحكوومەتی ناتەواوی نووری مالیكی دا، هاوكات مالیكی كە وەزارەتە تەناهییەكان بەوەكالەت بەڕێوە دەبات، بەڵێنی دا بەوەی لە ماوەی 2 هەفتەدا وەزارەتە تەناهییەكان ناو بنێ، بەڵام بەهۆی ڕێك نەكەوتنی بارستەكان تا ئێستا یەكلا نەكراونەتەوە.
Top