جوندیانی: نەشتەرگەری بۆ سەرۆك كۆمار نەكراوە و، بەمزوانە دەگەڕێتەوە وڵات
ئازاد جوندیانى بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لە ماوەى یەك دوو رۆژى داهاتوودا دواى سەردانێكى بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا، جەلال تاڵەبانى دەگەڕێتەوە هەرێمى كوردستان.
زیاتر گوتى، دواى گەڕانەوەى تاڵەبانى بەشدارى لە ئاهەنگ و رێوڕەسمەكانى تایبەت بەساڵوەگەڕی دامەزراندنى یەكێتی دەكات كە لە 1ى حوزەیران/یۆنیۆی داهاتوو لە شارى سلێمانی دێتە ئەنجامدان.
جوندیانى ئاماژەى بەوەش كرد، بەشداریكردنى تاڵەبانى لەو ئاهەنگەدا ئاماژەیە بۆ باشیى تەندروستییەكەی و ئەو هەواڵانەشى رەت كردەوە كە باس لە ئەنجامدانى نەشتەركاری بۆیان دەكەن لە ئەمەریكا و گوتی، تاڵەبانی تەنیا پشكنینى ساڵانەى بۆ كراوە و هیچ جۆرە نەشتەركارییەكی بۆ ئەنجام نەدراوە.
شەوى رابردوو كەناڵى ئاسمانى نالیا NRT بڵاوى كردەوە، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیان كەوتووە، جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو نەشتەركاری لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ كراوە، یەكێكیان بۆ چاوێكی و ئەوەی تریان بۆ ددانەكانی.
جەلال تاڵەبانی سەركۆمارى عێراق لە 9ى ئەم مانگە (ئایار/مایۆ) بەرەو وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا بەڕێ كەوت، بەمەبەستى ئەنجامدانى چەند پشكنینێكى پزیشكى لە نەخۆشخانەكانى ئەو وڵاتەدا.
