ئەنجوومەنی بەغدا: دەرفەتە 100 ڕۆژییەكە بەس نییە بۆ جێبەجێكردنی كارەكان
محەمەد ڕوبێعی سەرۆكی لێژنەی پلاندانان و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی پارێزگەی بەغدا بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، دەرفەتە 100 ڕۆژییەكە پینە بوو، چونكە ئەو خزمەتگوزارییە بەپەلانەی پارێزگەكە بۆ شارۆكە و شارەدێیەكانی بەغدا ئەنجامی دا، تەنیا پڕكردنەوەی زەلكاو و هەڵكەندنی ڕێی خۆڵاوی و داپۆشینیان بوو.
ڕوبێعی گوتی \""پڕۆژەگەلی ژێرخان پێویستی بەپارەی زۆر و كات و دەزگایەكی جێبەجێكاری بۆ سەرپەرشتیكردن و بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكان هەیە\""، زیاتر گوتی \""بەڵام بەداخەوە، لەم ڕۆژانەدا زۆربەی دەزگا جێبەجێكارییەكان شیاو نین بۆ بەڕێوەبەردن و بەدواداچوونی كارەكان\"".
مانگی ڕابردوو ئەنجوومەنی پارێزگەی بەغدا دەنگی دا لەسەر تەرخانكردنی 17 ملیار دیناری عێراقی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەگەلی بەپەلە بۆ ئەو ناوچانەی خزمەتگوزاریی سەرەكییان پێویستە، ئەركی سەرپەرشتیكردن و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی بەئەندامانی ئەنجوومەنەكە سپارد.
ئەنجوومەنی پارێزگەی بەغدا لە ئادار/مارسی ڕابردوودا كاری هەموو نووسینگەكانی ناو تەلاری ئەنجوومەنەكەی ڕاگرت بەهۆی ناڕەزایییە جەماوەرییەكان لەسەر خراپیی خزمەتگوزاری، بەو هۆیەشەوە چەند تیمێكی مەیدانی لە ئەندامانی ئەنجوومەنەكەی پێك هێنا بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە سەرتاسەری ناوچەكانی بەغدا دێنە جێبەجێكردن.
شوبات/فێبرایەری ڕابردوو، نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەرفەتی 100 ڕۆژی بەوەزارەت و كارگێڕییەكانی پارێزگەكان دا بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانیان و دەرخستنی ڕادەی سەركەوتن یان هەرەسهێنانی كارەكانیان، ئەوەش دوای خۆپێشاندانەكانی عێراق كە لە 25ی شوبات/فێبرایەری ڕابردووەوە دەستی پێ كرد و تێیدا داوای ئەنجامدانی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵییان دەكرد."
