سەعدوون: پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی دوو رەگەزنامەیی پێشنیازی ژمارەیەك پەرلەمانتارە
موحسین سەعدوون رایگەیاند، پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی دوو رەگەزنامەیی لەلایەن حكوومەتەوە بۆ پەرلەمان نەهاتووە، بگرە پێشنیازی ژمارەیەك پەرلەمانتارە، چونكە جیاوازی لە نێوان پڕۆژەی پێشنیازكراو و پڕۆژەیاساكاندا هەیە.
روونی كردەوە، پڕۆژە پێشنیازكراوەكان دەبێ لەلایەن پەرلەمانەوە بدرێنە لێژنەی یاسایی و لێژنە تایبەتەكانەوە و پڕۆژەی پێشنیازكراوی هەڵوەشاندنەوەی دوو رەگەزنامەیی لە ئێستەدا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.
زیاتر گوتی، یاسای رەگەزنامە لە عێراق روون و ئاشكرایە و لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا دوو رەگەزنامەیی یەكێكە لە مافەكانی مرۆڤ، روونی كردەوە، بەپێی دەستووری عێراق دەبێ ئەو كەسانەی پۆستیان لە هەرسێ سەرۆكایەتیی پێ دەدرێ تەنیا هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بن.
سەعدوون ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، تەباییی بارستە كوردستانییەكان رای كۆتای خۆی لەو بابەتە نادات تا كاتی خستنەڕووی بۆ گفتوگۆ لەلایەن لێژنەكانی پەرلەمانەوە، كە شیمانە هەیە لێژنەی یاسایی یان لێژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە بیخاتە روو.
بەپێی دەستووری عێراق ئاساییە هەركەسێكی عێراقی خاوەن دوو رەگەزنامە بێ، بەڵام پێویستە ئەو كەسانەی پۆستی سیادی یان تەناهی باڵایان هەیە واز لە هەر رەگەزنامەیەكی بیانی بێنن.
-ئاكانیوز
