بەغدا: بڕیاری چۆڵكردنی بینا حكوومەتییەكان سەرجەم حزبەكان دەگرێتەوە

بەغدا: بڕیاری چۆڵكردنی بینا حكوومەتییەكان سەرجەم حزبەكان دەگرێتەوە
ئەمڕۆ سێشەم فەرماندەییی كردەوەكانی بەغدا رای گەیاند بڕیاری چۆڵكردنی بینا حكوومەتییەكان سەرجەم حزبەكان دەگرێتەوە و بەیەك چاویش سەیری گشت حزب و بزووتنەوە سیاسییەكانی عێراق دەكات.

قاسم عەتا گۆتیاری فەرماندەیییەكە رايگەیاند \"فەرماندەییی كردەوەكانی بەغدا بەیەك چاو سەیری سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكات و زووتر چۆڵكردنی هەر بینایەكی حكوومەتی كە لەلایەن حزبەكانەوە داگیر كراون، دەوەستێتە سەر پێویستیی ئەو وەزارەتە بەو بینایەیە\"".

ئاماژەی بەوەش دا \""پرسی چۆڵكردنی بینایە حكوومەتییەكان پێوەندیی بەسیاسەتەوە نییە و ئێمە بەردەوامین لە چۆڵكردنی بینا حكوومەتییەكان، بەڵام كام بینایە زۆرتر گرینگ بێ بەلای ئەو لایەنەی كە بۆ دەگەڕێتەوە، ئەو زووتر دێتە چۆڵكردن\"".

هەریەك لە حزبی ئومەی عێراق كە میسال ئالووسی سەرۆكایەتیی دەكات، لەگەڵ حزبی شیوعیی عێراقی بەسەرۆكایەتیی حەمید مەجید مووسا، پێشتر رایان گەیاندبوو كە هێزێكی سەر بەفەرماندەییی كردەوەكانی بەغدا بەفەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكەكان، نووسینگەكانیان لە بەغدا داخستوون.

هەفتەی رابردوو فەرماندەییی كردەوەكانی بەغدا رای گەیاند داوای لەو هێزە سیاسی و حزبەكانەی كە بینای دەوڵەتیان لایە، كردووە چۆڵی بكەن و لە ماوەی یەك هەفتەدا رادەستی وەزارەتی پێوەنداری بكەن.

بڕیاری چۆڵكردنی بارەگاكانی حزبی شیوعیی عێراقی و حزبی ئومەی عێراقی لە بەغدا، كە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران دەری كرد و یەكشەمی رابردوو لەلایەن هێزێكی سەربازیی سەر بەفەرماندەییی كردەوەگەلی بەغداوە هاتە جێبەجێكردن، بووە هۆی تووڕەبوونی ئەندامەكانیان و جێبەجێكردنی بڕیارەكەیان بۆ پشتیوانیكردنی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان گەڕاندەوە، هەروەك داواشیان كرد سەرجەم بارەگاكانی حزبە دەسەڵاتدارەكان چۆڵ بكرێن.

-ئاكانيوز"
Top