ئۆكێچوكۆ ئێمی وانەبێژ لە بەشی كارگێڕی گشتی لە زانكۆی نەیجیریا بۆ گوڵان: لاوازیی دامەزراوەكان كێشەی جددی بۆ هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە نەیجیریا دروست كردووە
October 12, 2019
دیمانەی تایبەت
ئەزموونی وڵاتی نەیجیریا وەك ئەزموونێكی شكستخواردوو ئاماژەی پێ دەكرێت، چونكە سەرەڕای ئەوەی ئەو وڵاتە بەهرەمەندە لە سەروەت و سامانێكی گەورەی سرووشتی(بەتایبەتی نەوت، كە داهاتێكی زۆری بۆ وڵاتەكە دەستەبەر كردووە)، بەڵام نەیتوانیوە ئەم داهاتە بەكار بهێنێت بۆ پەرەپێدانی وڵاتەكە و خستنەگەڕی هەوڵی جددی بۆ پێشخستنی وڵاتەكە لە رووی ئابووری و دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییەكانی، لەوەش زیاتر ئەم وڵاتە بەدەست چەندین كێشەی مەترسیداری دیكەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی كێشەی ئەمنی، ئەمانە پرسیاری قووڵ و جددی دروست دەكەن لەبارەی هۆكارەكانی بێتوانایی ئەم وڵاتە و ناكارایی لە بەكارهێنانی ئەو سەرچاوانە بە باشترین شێوە. ئەمە لە كاتێكدا چەند وڵاتێكی دیكەی كیشوەری ئەفریقیا هەن كە توانیویانە هەنگاوی بەرچاو هەڵبگرن لەم رووەوە و وڵاتەكەیان بگەیەننە ئاستێكی گەورەی گەشەپێدان. شرۆڤەكاران و توێژەران ئاماژە بەوە دەكەن كە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دۆخی ناهەمواری نەیجیریا بریتییە لە كێشەی گەندەڵی لەم وڵاتەدا كە بۆتە هۆی بەهەدەردانی داهاتی زۆری ئەم وڵاتە. ئەم پرسە بووە تەوەری گفتوگۆییەكی گوڵان لەگەڵ ئۆكێچوكۆ ئێمی كە وانەبێژە لە بەشی كارگێڕی گشتی لە زانكۆی نەیجیریا، و تایبەتمەندی بواری تیوری سیاسی، دیموكراسی و گەندەڵی و كارگێڕی گشتییە و چەندین توێژینەوەی لەم بارەیەوە ئەنجام داوە.* زۆر باس لەوە دەكرێت كە كێشەی گەندەڵی یەكێكە لە كێشە گەورە و تەحەددییە سەرەكییەكان كە رووبەڕووی وڵاتی نەیجیریا بۆتەوە، بە چەشنێك بۆتە هۆی ئەوەی ئەو داهاتە زۆرەی بەهۆی سەرچاوە سرووشتییەكانی ئەم وڵاتە- بەتایبەتی نەوت- بەدەستهاتوون، بە هەدەر دراون، لەبری ئەوەی بەكار بهێنرێت بۆ پێشخستنی وڵاتەكە و لە پێناو خۆشگوزەرانیی خەڵكەكە، ئایا بۆچی دۆخەكە لە نەیجیریا بەم ئاستە گەیشتووە؟
- لە راستیدا دەتوانین ئێمە بەو شێوەیە كێشەكە دەستنیشان بكەین كە بریتییە لەو یاسایانەی كە لە ئارادان و لە ئێستادا ناتوانن لە ئاستی بارودۆخەكەدا بن، چونكە یاساكان دەبێت بە پێی رەوش و هەلومەرجەكە بگونجێندرێن. ئەوەی پەیوەست بێت بە كێشەی گەندەڵی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە، بەتایبەتی لە رووی سەپاندنی رێكارەكان و گرتنەبەری رێوشوێنەكان لە ئاست ئەو كەسانەی لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، ئەوا كێشەكە ئەوەیە كە یاساكان وەك پێویست نین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم كێشەیە و لە هەمان كاتدا جددییەتێكیش بەدی ناكرێت بۆ سەپاندن و جێبەجێكردنی ئەم یاسایانە.
* واتە بە تێڕوانینی ئێوە كێشەكە لە نەبوونی یاسای پێویست و كارادایە، ئایا بۆچی كار ناكرێت بۆ چارەسەركردنی كەموكووڕیی ئەو یاسایانەی لە ئارادان، یان بۆچی هەوڵی دەرچوواندنی یاسای نوێ نادرێت كە بتوانێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكە لە ئاستی پێویستدا بێت؟
- لە راستیدا ئەوەی دەكرێت لەم بارەیەوە بیڵێین ئەوەیە كێشەیەكی دیكە كە رووبەڕووی ئەم وڵاتە بۆتەوە، بریتییە لە رێگریكردن و پەكخستنی هەوڵەكان لە نێو پەرلەمانی وڵاتەكەدا بۆ دەرچوواندنی یاسایەكی كارا و كاریگەر بۆ چارەسەركردن و سنوورداركردن و كەمكردنەوەی مەودای گەندەڵی.
* پێت وایە كێشە و تەحەددییەكە تەنیا لە نەبوونی یاسایەكی كارایە، یان سستی و جددی نەبوونە لە جێبەجێكردنی یاساكان، یان هۆكاری دیكەش هەن كە دەكرێت ئاماژەیان پێ بكرێت لەم رووەوە؟
- بە تێڕوانینی من یەكێكی دیكە لە تەحەددییەكان لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە كەسانی سەر بە پێكهاتە و گرووپێكی ئایینیی دیاریكراو راستەوخۆ بەرگری لەو كەسایەتی و بەرپرسە دەكەن كە سەر بە پێكهاتەكەی خۆیانە، كاتێك ئەو بەرپرسە رووبەڕووی تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵییەوە دەبێتەوە، واتە پێش ئەوەی راستیی تۆمەت و مەسەلەكان روون ببێتەوە، ئەوان هەڵوێستی بەرگریكردن دەردەبڕن. كەواتە ئەگەر مەسەلەكە پوخت بكەینەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین كێشەكە لە خودی یاساكاندا هەیە و لە هەمان كاتدا دەسەڵاتی دادوەرییش لاوازە لە سەپاندنی یاساكانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی گەندەڵییەوە.
* هەندێ جار باس لەوە دەكرێت كە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵیان هەیە لە زەقكردنەوە و تیشكخستنەسەر كێشەكانی كۆمەڵگە بەتایبەتی كێشەی گەندەڵی كە دەتوانن لەم رووەوە رۆڵێكی بەرچاو ئەدا بكەن، ئایا لەم رووەوە دۆخەكە لە نەیجیریا لە چ ئاستێكدایە؟
- دەتوانین بڵێین رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵێكی زۆر لاوازیان هەیە لە ورووژاندن و زەقكردنەوە و كاركردن لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە گەندەڵی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەوە. كەوابێت ئێمە كێشەمان لە خودی سیستمە دەسەڵاتدارەكەی وڵاتەكەدا هەیە و لە هەمان كاتدا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییش نەیانتوانیوە رۆڵ و ئەركی خۆیان ئەدا بكەن لەم رووەوە. واتە نەبوونی كۆمەڵگەیەكی مەدەنیی كارا و چالاك یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكانی ناكارایی هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
* ئاشكرایە كە گەندەڵی پتر پەیوەستە بە دەستبردن بۆ داهاتی گشتی و بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و تایبەتی، واتە هەمیشە ئەو كەسانەی لە پێگەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیدان دەرفەتی ئەوەیان هەیە كە لە گەندەڵییەوە تێوەبگلێن، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی رێگە دەدرێت ئەم بەرپرسانە هێندە بە ئاسانی دەست بۆ كاری گەندەڵی ببەن؟
- ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بەوەی كاتێك بەرپرسەكان بۆ ماوەیەكی زۆر لە پێگەو دەسەڵاتەكانی خۆیاندا دەمێننەوە، ئەوا دەرفەتی ئەوەیان هەیە كە سەروەت و سامان كەڵەكە بكەن و بە هۆی ئەو سامانەی كۆیان كردۆتەوە، جارێكی دیكە دەتوانن درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان دەستەبەر بكەنەوە. واتە دەسەڵات بۆ كۆكردنەوەی سامان بەكار دەهێنن و پاشان ئەو سامانەش بۆ درێژەپێدانی دەسەڵاتەكەیان بەكار دەهێننەوە. لەوەش زیاتر ئەم بەرپرس و كەسایەتییانە هەوڵیانداوە – لە راستیدا ئەم كارەشیان ئەنجام داوە- بۆ ئەوەی ئەو پارە و سامانەی بە هۆی گەندەڵییەوە كۆیان كردۆتەوە، رەوانەی چەند وڵاتێكی دیكە بكەن، كە نەتوانرێت بە دواداچوونی بۆ بكرێت و بگەڕێندرێتەوە، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی كە واژوویان لەسەر رێككەوتننامەی قەدەغەكردنی سپیكردنەوەی پارە نەكردووە.
* زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە خودی كێشەی گەندەڵی پەیوەستە بەوەی پێناسەیەكی دیاریكراو نییە بۆ دەستنیشانكردن و دەستخستنەسەر گەندەڵییەكان، پێت وایە لە وڵاتی نەیجیریا ئەم كێشەیە تا چ راددەیەك كێشەیەكی جددییە؟
- ئەوە راستە، چونكە كێشەیەكی پەیوەندیدار بەم پرسەوە بریتییە لە چۆنیەتی تێڕوانین و پێناسەكردن و دەستنیشانكردنی ئەوەی چ كارێك بە گەندەڵی دادەنرێت، بۆ نموونە لێرە دەوترێت ئەوەی قەدەغە نەكراوە، ئەوا رێگەپێدراوە و هەندێ جار ئەمە بە زەقترین شێوە لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە ئەو كەسانەی دێنە نێو حكومەتەوە، بە رەوای دەزانن كە دەست بدەنە كۆكركردنەوەی سەروەت و سامان.
* بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەندەڵی و زۆرێك لە كێشەكانی دیكەی كۆمەڵگە و بەتایبەتی لە پێناوی هێنانەئارای حوكمڕانیی باش باس لە گرنگی و پێویستیی بەهێزكردنی دامەزراوەكان دەكرێت، واتە دامەزراوەكان بە چەشنێك بن كە سەركردە و بەرپرسەكان نەتوانن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاریان بهێنن، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا پرسی دامەزراوەكان پرسێكی زۆر گرنگە و من پێم وایە كێشەكە لە وڵاتی نەیجیریا بەتایبەتی لە بوونی دامەزراوەی لاوازدایە و ئەمەش یەكێكە لە كێشە هەرە گەورەكان كە ئەم وڵاتە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بە شێوەیەكی گشتی لە وڵاتانی ئەفریقیا كێشەكە ئەوەیە كە كەسایەتیی بەهێز و دامەزراوەی لاواز هەیە، كە نابێت مەسەلەكە بەم شێوەیە بێت، ئەمە پێچەوانەی رەوش و حاڵەتی زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكانە كە كەسایەتییەكان لاوازن، بەڵام دامەزراوەكان زۆر بەهێزن، كە بوارێكی زۆر كەمی هێشتۆتەوە بۆ پێشێلكردن و شكاندنی یاساكان، لە كاتێكدا بوونی دامەزراوەی لاواز و سەركردەی بەهێز دەبێتە هۆی ئەوەی سەركردەكان دامەزراوەكان بۆ سوود و بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن. لە كاتێكدا لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا ئەم دامەزراوانە بۆ راگرتنی سەروەریی یاسا بەكار دەهێندرێن. مەبەستم ئەوەیە كە ئەم كێشەیە تەحەددیی گەورە و قووڵی خوڵقاندووە بۆ هەوڵ و كۆششەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتی نەیجیریا. بە شێوەیەكی دیكە دەتوانین بڵێین كە بەهێزكردن و پتەوكردنەوەی دامەزراوەكان یەكێكە لە رێگاچارەكان بۆ خستنەگەڕی هەوڵی جددی لە پەیوەندی بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە لەم وڵاتەدا.
