بژار كۆچەر سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: 14 پرۆژە یاسامان ناردووە بۆ حكومەت بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆی لەسەر بدات
September 17, 2019
دیمانەی تایبەت
وەرزی دووەمی یاسادانانی خولی پێنچەمی پەرلەمانی كوردستان جیاواز دەبێت و چاوەڕوانی پەسەندكردن و هەمواركردن و دەركردنی ژمارەیەك یاسای لێ دەكرێت، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە خاوەنی كۆمەڵێك پێشنیاری یاسایین، بەڵام وادیارە ئەولەویەت زیاتر بەو پرۆژە یاساییانە دەدرێت، كە حكومەت رەوانەی پەرلەمانی دەكات، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی كارنامەی حكومەت، بەتایبەتی كارنامەی چاكسازی، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرێكی دیكەی پەیوەندار، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی بژار كۆچەر سەرۆكی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كرد، لێرەدا دەقی قسەكانی بۆ گوڵان بڵاودەكەینەوە.سەرۆك بارزانی بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئێمە تەمسیلی خەڵك بكەین نەك حزب
* لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە یەكێك لە گرنگترین لێژنەكانی پەرلەمان دادەنرێت، ئایا بەڕێوەچوونی كارەكان و ئامادەكردنی پرۆژە یاساكان چۆن بەڕێوە دەچن؟
- لێژنەی یاسایی پەرلەمان یەكێكە لەو لێژنانەی كە پەیڕەوی ناوخۆی بۆ پەرلەمان دیاری كردووە، بە یەكێك لە سەرەكیترین و گرنگترین لێژنەكان دادەنرێت، بە جۆرێك بە بڕبڕەی پشتی پەرلەمان دەناسرێت، ئەركی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاسان نییە، چونكە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان و بەپێی ئەو رێكار و ئیجرائاتانەی پرۆژە یاسا و پێشنیارەكانی یاسا و بڕیار و پرۆژەكان، هەمووی لەئەستۆی لێژنەی یاساییدایە، لێژنەی یاسایی وەكو فلتەرێك وایە و بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لێژنەكانی دیكە كار دەكات، هەربۆیە هەماهەنگی و پەیوەندیی باشمان لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەیە، چونكە هەر پێشنیارێكی پرۆژەیاسا كە دێتە پەرلەمان راستەوخۆ دەنێردرێتە لێژنەی یاسایی پەرلەمان و، دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لێژنەی یاسایی، خوێندنەوەی یەكەمی لە پەرلەمان بۆ دەكرێت، دواتر بۆ جارێكی دیكە لێژنەی یاسایی پەرلەمان لەگەڵ لێژنەكانی دیكەی هاوبەش، یان تایبەتمەند بەو پێشنیار و پرۆژە یاسایە كاری لەسەر دەكەن و دەگەڕێتەوە بۆ لێژنەی یاسایی و راپۆرتێكی لەسەر ئامادە دەكات و دەیداتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، تاوەكو بخرێتە دانیشتنی سێیەم و دەنگدانی لەسەر بدرێت.
* لەم خولەی پەرلەماندا لێژنەكەتان ژمارەیەك پرۆژە یاسای تێپەڕاندووە، گرنگترینی ئەو پرۆژە یاسایانە چین كە دەركراون؟
- هەر لەدوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دوو پێشنیاری یاسایی پەسەند كران و بوونەتە یاسا لەگەڵ پێشنیاری بڕیارێك كە دیاریكردنی رۆژی 3ی ئابی 2014 بوو، وەكو رۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان، واتا ئەم سێ پرۆژە پێشنیارە یاساییە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراون.
* ئێستاكەش باس لە زیاتر لە 27-28 پرۆژە یاسای دیكە دەكرێت كە پێشنیار كراوە لە وەرزی نوێی پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بكرێنە یاسا، ئایا لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر چ بنەمایەك ریزبەندی بۆ خوێندنەوەی پرۆژەكان دەكات؟
- بەڵێ، نزیكەی 27 بۆ 28 پێشنیاری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، بەڵام لێژنەی یاسایی كە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، ئێمە داوامان كردووە تەنیا 14 لەو پێشنیارە یاساییانە بچێتە حكومەت و حكومەتیش بۆچوون و بڕیاری خۆی لەسەریان بدات، چونكە ئەو 14 پێشنیارە یاسایە بارگرانیی دارایی لەسەر حكومەت هەیە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانیش هەر پێشنیار یاسایەك بارگرانیی دارایی بۆ حكومەت دروست بكات، پێش ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت، دەبێت پێشەكی راوبۆچوونی حكومەتی لەسەر وەربگیرێت، ئێستا چاوەڕوانین حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵاممان بداتەوە، لەلایەكی دیكەوە داوای خوێندنەوەی یەكەممان بۆ شەش پێشنیاری یاسایی دیكە كردووە. لە 1/9/2019 وەرزی دووەمی تەشریعیی ساڵی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكردووە و لە نزیكترین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو شەش پێشنیارە یاساییانە ئەنجام دەدرێت، هەروەها سێ پێشنیاری دیكە لە لێژنەی یاسایی ماون و لەژێر خوێندنەوە و كاركردندان، هاوكات پێشنیارێكی یاساییش لەو پێشنیارە یاساییانەی بۆمان هاتبوو، رەتمان كردۆتەوە .
* ئەو پێشنیارە یاساییانەی داوای خوێندنەوەتان بۆ كردوون، چ رەهەند و بوارێك لەخۆ دەگرن؟
- وەكو ئاشكرایە پێشنیازە یاساییەكان رەهەندی نیشتمانی و ئابووری و دارایی و كارگێڕی و تەنانەت كشتوكاڵی و پاراستنی ئاو و چەندین كەرتی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، بۆ نمووونە: پێشنیازی یاساییمان هەیە كە پەیوەندی بە فەرمانبەران و مووچە و چاكسازییەوە هەیە و هەشمانە پەیوەندیی بە پاشكەوتی مووچە و خانەنشینانەوە هەیە، كە گرنگترینیان پرۆژە یاسای چاكسازییە .
* ئەگەر كەمێك لەسەر ئەم خاڵە راوەستین، ئاشكرایە لەم وەرزەی دووەمی ساڵی یەكەمی خولی پێنچەمی پەرلەمانی كوردستاندا، گرنگترین پرۆژە یاسا كە لەبەردەستدایە، پرۆژە یاسای چاكسازییە، لە خولی پێشووی پەرلەمانیشدا ئەم یاسایە تێنەپەڕی، پێت وانییە تێپەڕاندنی یاساكە پێویستی بە گفتوگۆ و دووبارە چاوخشاندنەوە بە هەندێك ماددە و بڕگەیدا هەیە؟
- پرۆژە یاسای چاكسازی جگە لەوەی پرۆژەیەكی فراوان و گشتگیرە و پەیوەندی بە گوزەرانی خەڵكی كوردستان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، هاوكات بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گرنگییەكی زۆری هەیە، ئێستا حكومەت سەرقاڵی نووسینەوە و ئامادەكردنی پرۆژە یاسای چاكسازییە، لە پەرلەمانی كوردستانیش چاوەڕوانی تەواوبوونی پرۆژە یاساكەین و رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو بێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت، ئەو كات لەپەرلەماندا كار لەسەر پرۆژە یاساكە دەكەین، تا ئێستا هەموو وردەكارییەكانی پرۆژەكە نازانین، بەڵام پرۆژەی چاكسازی هەندێك خاڵ و بڕگەی تایبەت بە نەهێشتنی دوو مووچەو فەرمانبەرانی بندیوار و رێكخستنەوەی خانەنشینی و نەهێشتنی خانەنشینی ناهەقی تێدایە كە تایبەتمەندێتی گەورە بە پرۆژە یاساكە دەبەخشێت، چارەسەركردنی مووچەی خانەنشینی گرنگترین بڕگەی پرۆژە یاسای چاكسازییە كە باس لەوە دەكات مووچەی خانەنشینی زۆر كەمەو پێویستە هەندێك زیاد بكرێت، بۆ نموونە: مووچەی خانەنشینی مەدەنی كە 220 بۆ 240 هەزار دینارە پێویستە بكرێتە 400 هەزار دینار، دوا بڕیاریش لای حكومەتە كە ئەو مووچەیە چەند زیاد بكرێت، چونكە پەیوەندی بەتوانای دارایی حكومەت و توانای جێبەجێكردنییەوە هەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی خاوەندارێتی پرۆژەی چاكسازی دەكات و ئامادەی دەكات، ئێمە تەنیا گفتوگۆ و قسەی خۆمان لەسەری دەبێت و دانوستاندنی لەسەر دەكەین و بیروبۆچوون و تێڕوانینی خۆمانی لەسەر دەدەین .
* یەكێك لەكارە گرنگییەكانی دیكەی ئەم خولەی پەرلەمان نووسینەوەی دەستوورە، ئایا لەمبارەیەوە چی كراوە؟
- تا ئێستا هیچ پرۆژەیەك لەسەر دەستووری كوردستان بۆ پەرلەمان نەهاتووە، بەڵام لەبەر گرنگیی دەستوور وابزانم ئەولەویەتێكی باش و جددیی بە نووسینەوەی دەستوورێكی هاوچەرخ و مۆدێرن دەدرێت، چاوەڕوان دەكرێت لەم خولەی پەرلەماندا كوردستان ببێتە خاوەن دەستوورێكی هەمیشەیی، گەرچی تائێستا لەرووی پراكتكییەوە هیچ پرۆژەیەك بۆ دەستووری كوردستان نییە، بەڵام ئیرادەیەكی باش و جددیی لەلایەن هەموو فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان هەیە كە بەتەئكید ئەو كات رێكەوتنی سیاسیشی لەسەر پێویستە، چونكە دەستوور یاسای بڵند و باڵای هەرێمی كوردستانە، هاوكات ماددەی 120 لە دەستووری عێراق ئەو مافە دەداتە هەرێم كە ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی و ئومێد دەكەم سەرجەم فراكسیۆنەكان و هەموو حزبەكانی كوردستان دەستوور بە پیرۆزییەكی نیشتمانی گەورە سەیر بكرێت و دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی، چونكە دەستوور بۆ ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان زۆر زۆر گرنگە و زامنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و دارایی و كۆمەڵایەتی و یاسایی و رۆشنبیری و ماف و ئازادییەكانی خەڵك دەكات، من وەكو سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بوونی دەستوور زۆر بە گرنگ دەزانم و پێویستە لەم خولەی پەرلەماندا چیتر ئەو بابەتە دوانەخرێت و كاری جددیی لەسەر بكرێت، تا كوردستان ببێتە خاوەنی دەستوورێكی تایبەت بەخۆی.
* سەبارەت بە پرۆژە چاكسازیی تەندروستی، كە بوونی پرۆژە یاسای دڵنیایی تەندروستی بۆ سەركەوتنی ئەو چاكسازییە گرنگە، ئایا لەكارنامەی لێژنەكەتاندا باسی ئەم بابەتە كراوە؟
- ئەم پرۆژە یاسایە لە پەرلەمان نییە، بەڵكو لەكارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم پەرلەمانتاران لە راگەیاندنی حكومەتەكەیدا بەگرنگی و جددی باسی ئەم لایەنەی كرد، كە گرنگی بەكەرتی تەندروستی دەدرێت، وابزانم یەكێك لەو خاڵانەی، یان لەو پرۆژە یاساییانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێویستی پێی هەیە، چاكسازییە لەكەرتی تەندروستیدا، وا چاوەڕوان دەكرێت بەم نزیكانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەی كەرتی تەندروستی دامەزراوەیەكی تایبەت بەدەرمان و پرۆژە یاسایەك بەناوی مافی نەخۆش ئامادە بكات. حكومەت پێویستی بە 16 بۆ 18 پرۆژە یاسا و رێنمایی هەیە، بۆیە گرنگی بەم لایەنەدەدات و ئەو پرۆژە یاساییانە ئامادە دەكرێن تاوەكو لەم وەرزەی یاساداناندا لەبەردەم پەرلەمانتاران خوێندنەوەیان بۆ بكرێت، هەربۆیە ئەولەوییەت بە پرۆژەكانی حكومەت دەدرێت و زاڵتر دەكرێن بەسەر پرۆژەكانی دیكەی فراكسیۆن و ئەندام پەرلەمانەكاندا، چونكە حكومەت ئەو كارنامەیەی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان راگەیاندووە، تاوەكو پەرلەمان متمانەی پێبدات بۆ حكومەت زۆر گرنگن، بە پێچەوانەوە ئەگەر پرۆژەكانی حكومەت نەبنە یاسا و لە پەرلەمان پەسەند نەكرێن، ئیتر چۆن پەرلەمان و پەرلەمانتار دەتوانن بەدواداچوون بكەن و چاودێریی ئەرك و كارەكانی حكومەت بكەن، هەربۆیە دەبێت سەرەتا ئەو پرۆژە یاسایانەی پێشنیاری حكومەتن پەسەند بكرێن، ئەو كات پەرلەمان دەتوانێت رۆڵی چاودێری و بەدواداچوون بۆ كار و ئەدای حكومەت بكات.
* زۆر جەختت لەسەر ئەو پرۆژە یاسا پێشنیارانە دەكەنەوە كە رەهەندی ئابووری و داراییان هەیە، چۆن بزانین گرنگترین ئەو پێشنیار و پرۆژە یاساییانە چین؟
- سەرەتا دەستوور گرنگترین بابەتە كە دەبێت لەم خولەی پەرلەماندا مشورێكی بخورێت، چونكە دەستوور یاسای باڵای وڵاتە و بەبوونی دەستوور سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دابین دەكرێت، دەستوور ئازادییەكان و مافی مرۆڤ و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی زامن دەكات، دواتر بوارەكانی چاكسازیی و رێكخستنەوەی خانەنشینی و یاسای كار و هەموو ئەو پێشنیارە یاسایانەی كە دێن و بەستراونەتەوە بە فەرمانبەران و سندوقی خانەنشینی و پاشەكەوتی مووچە و پرۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵاو كەرتەكانی كشتوكاڵ و پاراستنی ئاو و چەندین بواری دیكە، هەر هەموویان بەدەستور زامن دەكرێن.
* كەواتە پێشنیاری پرۆژە یاساش بۆ مەسەلەی پاشەكەوتی فەرمانبەران لەم خولەی پەرلەماندا هەیە؟
- دروستكردنی حیسابی بانكی بۆ فەرمانبەران كە پاشەكەوتی فەرمانبەرەكە لەو حیسابە بانكییە زیاد بكرێت، بەشێكە لەو 14 پرۆژە یاسایە.
* دواپرسیارمان لەسەر یاسای بودجەی هەرێمی كوردستانە، كە چەند ساڵێكە بەهۆی بڕینی بودجە و قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ئەم پرۆژە یاسا گرنگە ئامادە كرێت، ئایا لەم خولەی پەرلەماندا ئەم پرۆژە یاسایە ئامادە دەكرێت؟
- پرۆژە یاسای بودجە هەروەكو چۆن بۆ هەموو وڵات و میللەتێك گرنگە، هەرواش بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی تایبەتی هەیە، لەساڵی 2013 ـەوە پرۆژە یاسای بودجە نەهاتۆتە پەرلەمانی كوردستان، ئەمەش هۆكاری خۆی هەبووە و پێشتر قسەی زۆری لەسەر كراوە، هەرچەندە ئەم كارە پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە، بەڵام من وای بۆ دەچم، لەم خولەدا پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بهێندرێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بودجەیەكی رێكوپێك و كارا دابنرێت، بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان شەفافتر و باشتر كاروبارەكانی خۆی بەڕێوەببات و بۆ حكومەتیش هەر وا باشترە.
