بژار خالید سەرۆكی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بۆشاییەكی گەورەی یاسایی پڕدەكاتەوە

بژار خالید    سەرۆكی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:  كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بۆشاییەكی گەورەی یاسایی پڕدەكاتەوە
خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی دیكەیە بەرەو پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەنگاوە مشتومڕی بە دوای خۆیدا هێنا، بۆ شیكردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەست بە كاری پەرلەمان و بە لیژنەی یاسایی پەرلەمان بەتایبەتی، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستەی بژار خالید سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كرد.
فراكسیۆنی پارتی هێندەی پەرۆشی یەكڕیزی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانە
هێندە بیر لە زۆرینە و كەمینە ناكاتەوە



* چەند هەفتەیەكە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دەست بەكاربووە و چەندین پرۆژە یاسای جیاوازی لە فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستانەوە بەدەست گەیشتووە، بەڵام وەك كۆبوونەوەی پەرلەمان بینمان ئێوە تەنیا رەزامەندیتان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پیشانداوە كە بخرێتە بەرنامەی كارەوە و ئەوانی دیكەتان رەتكردۆتەوە، ئایا بۆچی تەنیا یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمتان پەسەند كردووە و كەموكورتی یاساكانی دیكە چی بوون؟
- نەخێر، پرۆژە یاساكانی دیكەمان رەتنەكردۆتەوە، ئەوەی لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی فراكسیۆنی كۆمەڵ و یەكگرتوو باس كرا، دوور بوون لە راستی، ئەو قسە و گوتانەی ئەو دوو فراكسیۆنە ئاماژەیان پێ دا، هیچ بنەمایەكی دروست و یاسایی نییە. چونكە منیش لەگەڵ ئەوەدا بووم كە لە پێنج پرۆژە یاساكەی یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ دوویان لەگەڵ پرۆژە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تێپەڕێنین. بەڵام لەو پێنج پرۆژە یاسایەی كە كۆمەڵ و یەكگرتوو و نەوەی نوێ هەیانبوو، سێ لە پرۆژە یاساكانیان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان یاسایی نەبوون و مەرجی ئەوەیان نەبوو تێپەڕێنرێن و رەوانەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێت بۆ خوێندنەوە و كار و بەرنامەی پەرلەمان و ئەمەش لە دەسەڵاتی مندایە، بێگومان كە سەیری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، لە ماددەی 79 دا- ئەوا چوار پێوەر هەیە كە دەبێت ئەو پرۆژە یاسایانەی پێشنیار كراون لەگەڵیاندا بگونجێت، تاوەكو ئێمە لە لێژنەی یاسایی بتوانین بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی رەوانە بكەین. ئەم راستییە كۆمەڵ و یەكگرتوو و نەوەی نوێیش دەیزانن كە ماددەی 79 لە پەیڕەوی ناوخۆ دەڵێت: ئەو پڕۆژە یاسایانەی تابعی حكومەتن دەبێت لە حكومەتەوە بێتە پەرلەمان و لێژنەی یاسایی پەرلەمان، راستە ئێمە پەرلەمانتارین و لە پەرلەمان یاسا دەردەكەین، بەڵام كاری ئێمە ئەوە نییە كە كاری حكومەت بە زۆرەملێ بكەین و یاسایەك دەربكەین و پەسەندی بكەین كە حكومەت بڵێت لە تواناو دەسەڵاتی مندا نییە ئەو یاسایە جێبەجێ بكەم، ئەمە لەو كاتەدا دەبێتە شكاندنی هەیبەتی پەرلەمان و ماددەی 79 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا دەڵێت: (ئەو پرۆژە یاسایانەی كە پێشكەش دەكرێت نابێت بارگرانی دارایی بۆ حكومەت دروست بكات).
* ئەو فراكسیۆنانەی نایانەوێت بەشداری لە پرۆسەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن، ئاماژە بەوە دەكەن كە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت بە تەنیا و بە تاكڕەوی ئەم یاسایە هەموار بكاتەوە، ئایا بۆ هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە تەنیا فراكسیۆنی پارتی ئیمزای كردووە، یان فراكسیۆنی دیكەشی لە گەڵدایە، ئەگەر چەند فراكسیۆنێك داوای هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە دەكەن، ئەو فراكسیۆنانە كامانەن؟ ئایا هۆكاری تانەی فراكسیۆنەكان لەسەر هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە چییە؟
- ئەمە دوورە لە راستییەوە كە گوایە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بیەوێت هەمواری پرۆژە یاساكە بكات و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە تەنیا و تاكڕەوانە تێپەڕێنێت، ئەگەر پارتی وابیری بكردایەتەوە دەبوایە یەك هەفتە لەدوای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمان كارا بكات و هەر یاسایەكیش مەبەستی بووایە تێیپەڕێنێت، دەیتوانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كورستانیش بكات و كابینەی نوێی حكومەتیش پێكبهێنێت، چونكە پارتی نیسابی یاسایی لەم بوارەوە لە پەرلەمان هەیە. بەڵام هیچ لایەن و حزب و فراكسیۆنێك هێندەی پارتی بیر لە كۆدەنگی و گرنگی یەكڕیزی و یەكدەنگی ناكاتەوە، پارتی لە پێناو سەقامگیری و ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتنی هەرێمەكەو پاراستنی هێمنی و ئاسایشی كوردستان چی لە توانایدا هەبێت جێبەجێی كردووە، ئەگەر لەبیرمان بێت چەند ساڵێك لەمەوبەر پارتی داوای كرد تەنیا دوو رۆژ دانیشتنی پەرلەمان دوابخرێت، كەچی یەكێتی و گۆڕان دانیشتنەكەیان دوانەخست، كەچی لەم خولەدا پارتی دەتوانێت بە ئاسانی نیسابی یاسایی تەواو بكات، بەڵام لەكۆتایی هەفتەی رابردوو داوایان لە پارتی دیموكراتی كوردستان كرد دانیشتنی پەرلەمان دوابخات و پارتیش وەڵامەكەی ئەرێنی بوو دانیشتنەكەش دواخرا لە پێناو یەكڕیزی و كۆدەنگی و یەكڕەنگی لە بەرژەوەندیی باڵای كوردستاندا. هەروەها لە هەمواركردنەوەی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان 12-13 فراكسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان واژوویان لەسەر كردووە وەكو فراكسیۆنی پارتی و گۆڕان و توركمان و كریستیانەكان و .. تادوایی واتا بەتێكڕایی 68 ئەندام پەرلەمان واژوویان لەسەر پرۆژە یاساكە كردووە، بەڵام هۆكاری ئەو فراكسیۆنانەی كە تانەیان هەیە و واژوویان لەسەر پرۆژە یاساكە نەكردووە، بۆ ئەوەیە دەیانەوێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی نەبێت، باشە ئەگەر سەرۆكی هەرێم تەشریفاتی بێت و هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت، ئیتر كوردستان سەرۆكی هەرێمی بۆچییە و بۆچی ئەو هەموو فەرمانبەر و خەرجییەی بۆ دابین بكرێت، كە بارگرانییەكی زۆر قورسە بۆ حكومەت؟
* چۆن لە پەیوەندیی نێوان فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان دەڕوانن لە پەیوەندی بە گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژە یاساكان، مەبەستمان ئەوەیە ئایا فراكسیۆنەكان بە چ رۆحیەتێكەوە كار دەكەن بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان؟
-ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت، ئەوە دەكەین، هیچ جارێكیش لە بیرو هزری ئێمەدا نییە بە زۆرینەی دەنگ یاسا و مەسەلەكان تێپەڕێنین، بەپێچەوانەوە حەز دەكەین هەمووان لە واقیع و دیموكراسیەت و سیاسەت تێ بگەن، هەروەكو چۆن خەڵكی ئاسایی لەوە تێگەیشتوون كێ بە كردار لە خزمەتی گەلەكەی خۆیەتی و كێ كوردستانێكی ئارام و سەقامگیر و خۆشگوزەرانمان بۆ دابین دەكات، هەر دوێنێ بوو میللەت لە هەڵبژاردنەكاندا قسەی خۆی كرد و دەنگی زۆرینەیان بە پارتی دا، ئەمڕۆ مەسەلەی زۆرینە و كەمینە بۆ هەمووان دەركەوتووە و ئەگەر زۆرینەی رەها لە ناو پەرلەمان دەنگی بە شتێك دا، نابێت خاوەنی یەك دوو كورسی یان پێنج كورسی بێت و قسەی خۆی بسەپێنێت لە سەر 45 كورسی. ئەمە سیاسەتكردن نییە، بەڵكو ئەمە پشێوی سیاسییە، هەر بۆیە دەبێت هەموو حزب و لایەنەكان قەبارە و پێگەی خۆیان بزانن، ئەگەر ئەوان لەسەر ئەم پشێوییە بەردەوام بن، ئەوا بە یاساش بێت پارتی دەتوانێت خۆی قسەی خۆی بسەپێنێت. بەڵام نامانەوێت پەرلەمان ببێتە جێگای ململانێی حزبایەتی لەسەر حیسابی خەڵكی، رای پارتی وایە پەرلەمان نوێنەرایەتیی ئێش و ئازارەكانی خەڵكی دەكات و پێویستە پەرلەمان رۆڵێكی ئیجابی هەبێت بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك.
* ئایا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان چەند ئەندامی لە لیژنەی یاساییدا هەیە؟ ئایا ئەوەی لە هەندێك فراكسیۆن گوێبیستی دەبین تا چەند راستە كە دەڵێن ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی یاسایی زۆرینەن و بە زۆرینە یاسا تێدەپەڕێنن، ئایا بە فیعلی پارتی لە ناو لیژنەی یاسایی زۆرینەیە؟
- لێرەدا مەسەلەكە زۆرینە و كەمینە نییە؛ راستە بەپێی ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن و پەرلەمانی و یاسایی بێت پارتی دیموكراتی كوردستان مافی خۆیەتی سەرۆكی لێژنەكە و ئەو ژمارە ئەندامانەی لەناو لێژنەی یاسایی پەرلەماندا هەبێت، راستە بە ژمارە و هاوپەیمانی و دەنگدان بێت، پێكەوە دەتوانین یاساكان تێپەڕێنین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەرگیز پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هزری زۆرینەو كەمینە كاری نەكردووە، بەڵكو لە میكانیزمی كاركردندا رەچاوی خواست و ویستی ئەندامانی دیكەشی كردووە، ئەوە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە پەرلەمان دەڵێت با بە تەوافوق ئیشوكارەكان بڕوات و لە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم كە یاسایەكە رەهەندی نیشتمانی هەیە با راوبۆچوون و ویستی هەمووانی تێدا بێت، نەك بە تەنیا فراكسیۆنێك یان چەند فراكسیۆنێك.
* باست لەوە كرد، یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، یاسایەكە رەهەندی نیشتمانی هەیە و دەبێت رای فراكسیۆنەكانی دیكەش لەبەر چاو بگیرێت، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئەندامانی چەند فراكسیۆن لە لیژنەی یاسایی ئەندامن، ئایا را و پێشنیاری ئەندامانی فراكسیۆنەكانی دیكە پشتگوێ خراون؟
- لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە 11 ئەندام پێك دێت و 7 ئەندامی واژووی كردووە بە ئەندامەكەی فراكسیۆنی گۆڕانیشەوە، تەنیا بەدڵی چوار ئەندام نەبووە كە دوو یەكێتی و یەك نەوەی نوێ و یەك كۆمەڵە؛ لەلایەكی دیكەوە پەیڕەو لە ماددەی 79 لە بڕگەیەكی بە روونی دەڵێت: ئەگەر بۆشایی یاسایی هەیە، دەبێت ئەو پێشنیارە یاساییە تێپەڕێنین، واتا ئەمە پێداویستیەكە و پەیڕەو لە سەر ئێمەی فەرز كردووە كە ئەو یاسایە تێپەڕێنین، چونكە ئێمە لە غیابی دامەزراوەیەكین لە كوردستاندا كە ئەو دامەزراوەیە لە رووی یاسایی و ئابووری و سیاسی گرنگیی خۆی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان. لە چەند رۆژێكی دیكەدا جگە لەم پرۆژەیە كە بڕیارە لەهەفتەی داهاتوو چالاك بكرێت و زۆر پرۆژەی یاسای دیكەش لەلای لێژنەی یاسایی هەیە و ئیحالەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەین.
Top