مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: پێویستی ئەم قۆناخه یەكڕیزی و پێكەوە كاركردنە و لەم پێناوەشدا لە دەرگای هەموو حزبەكانمانداوە بۆ ئەوەی بەشدار

مەحمود محەمەد  ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:  پێویستی ئەم قۆناخه یەكڕیزی و پێكەوە كاركردنە و لەم پێناوەشدا لە دەرگای هەموو حزبەكانمانداوە بۆ ئەوەی بەشدار
دەكرا بەبێ یەكێتیش حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت،بەڵام بە بەشداری یەكێتی بێگومان هێز وپاڵپشتیەكی زیاتر بۆ حكومەتی داهاتوو دروست دەبێت
هەست بە جووڵەیەكی نەرێنی بەرامبەر پرۆسەی سیاسی و كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق دەكرێت

دەكرا بەبێ یەكێتیش حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت،
بەڵام بە بەشداری یەكێتی بێگومان هێز و
پاڵپشتیەكی زیاتر بۆ حكومەتی داهاتوو دروست دەبێت


كۆبوونەوە و گفتوگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ حزب و لایەنەسیاسییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری لە حكومەتی نوێدا ماوەیەكی زۆری خایاند، بەڵام لە ئەنجامدا رێككەوتنەكان ئەنجام دران و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم زۆر نزیك بووەتەوە. پرسی چۆنیەتی رەوتی ئەو رێككەوتنانە و هەروەها تاوتوێكردنی رێكارەكانی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕیاری پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و بەتایبەتی كەركووك و چۆنیەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە، هەروەها پرسی سەرهەڵدانەوەی داعش و مەترسییەكانی، تەوەری سەرەكیی ئەم دیدارەی گوڵان لەگەڵ مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكدەهێنن.



* سەرەنجام پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەیشتنە رێككەوتن و فراكسێونی یەكێتی لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان بەشداری كرد، ئایا چی وایكرد سەرنجام بگەنە رێككەوتن؟
- ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بەو جۆرە سەیری بارودۆخی سیاسیمان كردووە، كە پێووستە لە هەموو قۆناخەكاندا پێداویستییەكانی كوردستان دەستنیشان بكرێن و هەوڵبدەین زەمینەی گونجاو بۆ بەدیهێنانی ئەو پێداویستیانە فەراهەم بكەین. لە تێڕوانینی ئێمەدا گرنگترین پێداویستیی ئەم قۆناخەمان پێویستی بە یەكڕیزی و پێكەوە كاركردن هەیە و لە سەرووی هەمووشیانەوە پێویستیی گرنگی بە پێكەوە كاركردنی پارتی و یەكێتی هەیە. بێگومان ئەگەر مەسەلەی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە روانگەی نیسابی یاساییەوە سەیر بكەین، دیارە وەك بەڕێز سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی پێكرد، دەكرا بەبێ یەكێتیش حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت، بەڵام بە بەشداری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێگومان هێز و پاڵپشتیەكی زیاتر بۆ حكومەتی داهاتوو دروست دەبێت، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر لەسەر ئاستی بارودۆخی سیاسیی عێراقیش بارودۆخەكە بخوێنینەوە، دیسان بارودۆخەكە پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگی لە كوردستان هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چاوەڕێ دەكرێت، هەندێك پێشهاتی تازە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە بێنە پێشەوە و ئەمەش پێویستی بەوەیە كە ئێمە ئامادەكاریەك بۆ قۆناخی داهاتوو بكەین و بە شێوەیەك خۆمان كۆبكەینەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو پلانانە ببینەوە كە لەوانەیە بەشێكیان بە شێوازێك داڕێژدرابن كە لە بەرژەوەندیی كوردستاندا نەبن، ئەوجا بۆ ئەوەی رێگە نەدەین ئەو پلانانانە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی خەڵكی كوردستان بگەیەنێت، ئەوا پێویستمان بە پێكەوەبوونێكی سەرتاسەری هەیە، ئەمەش بەو مانایەی ئەو ئۆرگان و دامەزراوانەی لە كوردستاندا دادەمەزرێن، پشتیوانییەكی سەرتاسەری لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستانی لەگەڵدا بێت، بوونی ئەم پشتیوانییە سەرتاسەرییە دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەوانەشی كە داڕێژەری ئەو پلانانەن دژی كوردستان كە ئەم پشتیوانی و یەكڕیزییە لە پشت حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەبینن، چاو بە پلانەكانی خۆیاندا بخشێننەوە، ئەمەش مەبەستی سەرەكی و دیدو تێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی جارێكی دیكە ئاماژە بەوە بكەمەوە كە دروشمی سەرەكیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، كوردستانێكی بەهێز و حكومەتێكی بەهێز بووە، بۆیە ئێمە كە ئەم دروشمەمان بەرزكردۆتەوە، دەشزانین ئەم بەهێزییە لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت، كە بێگومان لە پێكەوە كاركردن و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان و هەماهەنگی و بەشداریی كۆی پێكهاتەكانی كوردستان دروست دەبێت.
* لە سەرەتای كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، یەكێتی چەند دۆسیەیەكی وەك (پێكهێنانی حكومەتی كوردستان، كێشەی كەركووك و حكومەتی عێراق)ی پێكەوە گرێدابوو، ئایا ئەمجارە لەسەر ئەم كێشانە هەمووی رێككەوتوون؟
- ئێمە هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ برادەرانی یەكێتی راشكاوانە ئەوەمان خستەڕوو كە پێكەوە گرێدانەوەی ئەم كێشانە هەمووی پێكەوە، كێشەكان نەك هەر چارەسەر ناكات، بەڵكو ئاڵۆزیی زیاتر دروست دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چارەسەری هەر یەكێك لەم كێشانە هەلومەرجی تایبەتی خۆی پێویستە، دیارە لە سەرەتا لەسەر ئەم پرسە نەگەیشتینە ئەو رێككەوتنەی كە لە یەكتریان جیا بكەینەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی كۆبوونەوەكانمان هەردوولا گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە هەر یەكەیان بە شێوازی جیاواز چارەسەر بكەین و بە كردەییش چارەسەریان بۆ دیاریكرا.
* ئایا دوای ریككەوتنی پارتی و یەكێتی، كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەریم لە پەرلەمانەوە و پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ خێراتر دەبێت؟
- لە راستیدا ئەو كارانەی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكردووە و ئەو رێكارە یاساییانەی كە پێویستن بگیرێنەبەر، بۆ ئەوەیە بگەنە كۆتایی و كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت. سەرەتا بەپێی یاسا دەبێت، یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كارا بكرێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و دوای ئەوە پەرلەمان ناوی كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستنیشان بكات، كە بەڕێز مسرور بارزانی-یە و بەرزی بكاتەوە بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەكەی لەو ماوەیەی كە بەپێی یاسا بۆی دیاریكراوە رابسپێرێت، بەم شێوەیە پرۆسەكە بەردەوام دەبێت، بێگومانیش دوای گەیشتنی پارتی و یەكێتی بە رێككەوتن پرۆسەكە خێراتر دەبێت و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەت قورس نابن.
* بەڵام بەپێی ئەوەی لەناو خەڵك باسی لێوەدەكرێت، هەندێك ئاماژە بەوە دەكەن، رێككەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی، بۆتە هۆكاری ئەوەی پارتی لەناو حكومەتدا كەمینە بێت، ئایا بە كردەیی بەو ئاستە سازشتان كردووە كە پارتی لەناو حكومەتدا كەمینە بێت؟
- پارتی لەناو حكومەت نەبۆتە كەمینە، بەڵكو هەوڵمانداوە كەشوهەوایەكی ئەوتۆ دروست بێت كە هەموو بتوانین پێكەوە كاربكەین و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكەین، ئەوجا ئەگەر لە پێناوی دروستكردنی ئەم كەشوهەوا تەندروستەدا لە هەندێك شوێندا پارتی زیانی پێكەوتبێت، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمە بە زیان نازانێت، بەڵكو وەك سەركەوتنێك بۆ خەڵكی كوردستان لە قەڵەمی دەدات كە توانراوە هەموو پێكەوە حكومەت دروست بكەین. راستە لە ئێستادا هەر سێ لایەنی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) هاریكارن بۆ دروستكردنی حكومەت، بەڵام ئەگەر لایەنێكی دیكەش ئامادەباشی هەبوایە ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێدەكرد، لێتان ناشارینەوە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرگای هەموو ئەو حزبە سیاسییانەی كوردستانی داوە كە كورسیی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە بۆ ئەوەی بەشداری لە حكوومەتدا بكەن، هەر بۆ نموونە ئێمە لە دەرگای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانمان داوە، بەڵام ئەوان خۆیان پێشتر رایانگەیاندووە كە بەشداری حكومەت ناكەن و ئۆپۆزسیۆن دەبن، لە دەرگای كۆمەڵی ئیسلامیمان داوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێكی روون و ئاشكرایان نەداوەتەوەو نازانین ئایا لە رۆژانی داهاتوو وەڵامێكی راشكاوانەمان دەدەنەوە یان نە.
* بەڵام جیا لەو دوو حزبە، فراكسیۆنی دیكەش لە پەرلەماندا هەن، هەر بۆ نموونە فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە خاوەنی هەشت كورسین، بەڵام ئاماژەتان پێ نەكرد، ئایا لەگەڵ ئەوانیش قسەتان كردووە؟
- جووڵانەوەی نەوەی نوێ نەك هەر پێشوەختە ئەوەیان راگەیاندووە كە بەشداری حكومەت نابن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو لە دوای راگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن رایانگەیاند كە بەشداری لە پەرلەمانی كوردستانیشدا ناكەن، بۆیە ئەگەر ئەوانیش ئامادەباشی ئەوەیان پیشان بدایە كە بەشداریی حكومەت دەكەن، بێگومان لەگەڵ ئەوانیش قسەمان دەكرد، لێرەدا دووبارەی دەكەمەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هیچ حزب و گرووپ و لایەنێكی سیاسی لە كوردستاندا كێشەی نییە.
* ئەم رێككەوتنەی ئەمجارەی نێوان پارتی و یەكێتی، یەكەمین رێككەوتن نییە، ماوەیەك پێش ئێستا دیسان رێككەوتنتان ئیمزا كرد، بەڵام پاشان دەركەوت یەكێتی لە سەری یەكدەنگ نەبوو، ئایا پێتوایە ئەمجارە یەكێتی بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە یەكدەنگ بن هەتا هەوڵەكان بكرێنە یەك بۆ ئەوەی لە كاتێكی كەمدا حكومەت پێكبهێنرێت؟
- بە دڵنیاییەوە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە ئەم رێككەوتنانە ببنە بنەمایەك بۆ جێبەجێكردن و بنەمایەك بۆ پێكهێنانی خێرای كابینەی نوێ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەرێمی كوردستان پێویستیی بەوەیە لە ماوەیەكی كورتدا كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت، بۆ ئەوەی جیا لەوەی دەست بەكار بێت بۆ داواكارییەكانی خەڵك لە كوردستان لە هەمانكاتدا كۆمەڵێك كێشە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەن پێویستیان بەوە هەیە كە كابینەی نوێ لەگەڵ بەغدا ئەو كێشانە چارەسەر بكات، سەبارەت بە یەكدەنگیی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لەسەر ئەم رێككەوتنە، ئەوەی ئێمە زانیومانە ئەوەیە كە یەكێتی لەسەر جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە یەكدەنگ دەبن.
* ئاماژەت بەوە كرد بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستمان بەوەیە كە هەموومان پشتیوانی لە حكومەتی كوردستان بكەین و پەیوەندییەكی پتەویشمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا هەبێت، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ژینگەی سیاسی بەو ئاستە لەبارە كە بتوانرێت كێشەكان بە ئاسانی چارەسەر بكرێن؟
- ئەگەر سەیری پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق بكەین، هەموو لایەك دەزانن لەناو ئەو پرۆسەیەدا بۆ پێكهێنانی حكومەت، كۆمەڵێك هێنان و بردنی زۆر و رازیبوون و ناڕازیبوون و پێكەوەكاركردن و دژی پێكەوەكاركردن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بوونی هەبووە، بۆیە وەك تەوافوقێك بڕیار درا بەڕێز د.عادل عەبدولمەهدی بۆ كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەڵبژێردرێت، بەڵام بەشی زۆری فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی عێراق هەر یەكەیان بەرنامە و دۆسێی حزبی خۆی هەیە و جێبەجێی دەكات، بۆیە لەوانەیە زوو زوو گرفت بۆ كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهەدی دروست بكەن، لەم پرۆسەیەدا لەوانەیە لایەنە كوردستانییەكان لە هەموو لایەك باشتر پشتگیری لێ بكەن، بەڵام پشتگیریی لایەنە كوردستانییەكان بەتەنیا بەس نییە، لەم راستەوە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا و بەتایبەتی لەناو لایەنە سوننە و شیعەكاندا جووڵەیەك هەستی پێدەكرێت و بەوجۆرە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت كە لە پشت ئەم جووڵەیەوە و لە پشتی پەردەوە شتێك هەبێت، یان پرۆژەیەك هەبێت كە لە رۆژانی داهاتوو دەربكەوێت، ئەوجا ئەم پرۆژەیە و ئەم جووڵەیە چەند لە بەرژەوەندی و چەند لە دژی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدیە، هێشتا زۆر روون نییە.
* بە واتایەكی دی، واتە ئەم قسەیەت ئەو مانایەش ناگەیەنیت كە هەوڵیك هەبێت بۆ شكستپێهێنانی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی؟
- من مەزندەی ئەوە دەكەم كە بەشێكیان بەڵێ هەوڵی دژایەتیكردنی كابینەكەی د.عادل عەبدلمەهدی دەدەن، بەشێكی دیكەشیان هەتا ئێستا لە ئەدای كابینەكە رازی نین، هەرچەندە هێشتا زووە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای كابینەكە بكرێت، بەتایبەتی كە هەتا ئێستا نەیانهێشتووە كابینەكە بە تەواوەتی پێكبهێنرێت، بۆیە ئەوانەی كە دەیانەوێت بەم چەند مانگە هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای حكومەت بكەن، لەوانەیە لە هەڵوێست وەرگرتن تووشی هەڵە بن، بەهەر حاڵ لە هەموو بارێكدا هەست بە جووڵەیەكی نەرێنی بەرامبەر پرۆسەی سیاسی و كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق دەكرێت.
* ئایا ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەم هەوڵانە بۆ ئەوە بێت جارێكی دیكە حەیدەر عەبادی بگەڕێتەوە بۆ سەر شانۆی سیاسەت؟
- ئەم هەوڵانە هەر بوونیان هەبووە، ئەگەر لە یادتان بێت، پاش ئەوەی حەیدەر عەبادی لە 2014 بووە سەرۆك وەزیران لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا نوری مالیكی هەموو هەوڵی خۆی خستە كار بۆ ئەوەی شكست بە حەیدەر عەبادی بهێنێت، هەربۆیە لەوانەیە ئێستاش هەمان بیركردنەوە لەلایەن حەیدەر عەبادی و لایەنگرانیەوە هەبێت بۆ ئەوەی ئەم حكومەتە سەركەوتوو نەبێت و هیوایەكیان هەبێت بۆ ئەوەی عەبادی بگەڕێتەوە، بەڵام مەزندە ناكەم ئەم هەوڵانە پشتیوانییەكی ئەوتۆی لەلایەن هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكە (كورد و شیعە و سوننە)ەوە هەبێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەویش هەوڵی خۆی هەر دەدات.
* ئایا مەزندەی ئەوە ناكرێت لایەنی كوردیش هەبێت كە پشتگیری ئەو هەوڵانە بكات بۆ گەڕانەوەی عەبادی؟
- ئەگەر هەشبێت دەستنیشانكراو نییە، بەڵام ئەوەی هەستی پێ دەكرێت لەناو كوردستانیش لایەن هەن كە هەوڵیانداوە كابینەی حكومەتی عێراق زوو پێكنەیەت و كێشەی بۆ دروست بكەن، ئەو لایانانە كاتێك لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوێن، دەڵێن بۆ رێككەوتوون؟ كاتێك رێكناكەوین، دەڵێن بۆ رێكناكەون؟ بۆیە ئەم دەنگانە لێرەو لەوێ هەن و پێدەچێت بە شێوەیەك لە شێوەكان لە دژی رێگە راستەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەنگاوی دژ بگرنە بەر و پشتیوانی ئەو لایەنە بكەن كە دەیەوێت ئاستەنگ بۆ حكومەتی ئێستای عێراق دروست بكەن.
* هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا دوای رێككەوتنی پارتی و یەكێتی، هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بەرهەم ساڵح گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟
- لەگەڵ برادەرانی یەكێتی ئەم بابەتە باسكراوە و بڕاندوومانەتەوە، بەهەر حاڵ ئەو ئێستا سەرۆك كۆمارە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو هەوڵانەن كە ئێستا هەن و هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن زیاتر لێك نزیك ببینەوە و بارودۆخەكان ئاسایی بكرێنەوە، بۆیە مەزندە دەكەم لە چوارچێوەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی تازە، ئەو كێشەیەش چارەسەر بكرێت.
* سەرۆك بارزانی لەو وتارەی لە كردنەوەی پێشانگای كتێب پێشكەشی كرد، ئاماژەی بەوە كرد، قۆناخی سەرۆك وەزیرانی عادل عەبدولمەهدی قۆناخێكی نوێیە، ئایا مەبەستی ئەوەیە كە لەگەڵ عەبدولمەهدی دەتوانرێت كێشەكان چارەسەر بكرێن؟
- من جارێكی دیكە ئەم گوتووە و ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە، ئەگەر مەبەست لە تێگەیشتنی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی بێت بەرامبەر كێشەكانی كوردستان و بەغدا، ئەوا دەتوانم بە راشكاوی بڵێم، ئەو سیاسەتمەدارانەی كە دەتوانن خوێندنەوەی تەندروست و زانستییانە بۆ كێشەكانی كوردستان بكەن، ئەوانەن كە لەكاتی شۆڕشەكانی كوردستاندا راستەوخۆ لەگەڵ كوردستانییەكان ژیابن، بۆیە باشتر لە بارودۆخی كوردستان تێدەگەن و دەزانن ئەو كێشانەی نێوان كوردستان و بەغدا كێشەی دیرۆكین و گەلی كوردستان سازشیان لەسەر ناكات و لە پێناویدا هەزاران قوربانییان داوە، بەڵام ئەوانەی ئەم باكگراوەندەیان نەبێت، ناتوانن خوێندنەوەیەكی تەندروست و زانستییانە بۆ بارودۆخی كوردستان بكەن. لەم چوارچێوەیەدا د.عادل عەبدولمەهدی یەكێكە لەو كەسایەتییە سیاسییانەی كە تێكەڵاوییەكی زۆری لەگەڵ شۆڕش و لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، ئەم تێكەڵاوییەی هێزێكی پێ بەخشیوە بۆ ئەوەی بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ كێشەی كوردستان و بەغدا بكات، ئەم شێوازی مامەڵەكردنە راست و تەندروستە، بۆیە ئێمە چاوەڕێی هەنگاوی دیكە و باشتری لێ دەكەین كە جیاواز لە سەرۆك وەزیرانەكەی پێش خۆی رەفتار بكات.
* لەدوای نوقمبوونی یەختەكەی مانگی رابردوو لە یەكێك لە سەیرانگاكانی موسڵ، هەست دەكرێت كێشەكانی موسڵ بە جۆرێك تەقیونەتەوە كە خەریكە دەبێتە كێشە بۆ هەموو عێراق، ئایا كێشە كەڵەكەبووەكانی موسڵ چین و چ كاریگەرییەكیان لەسەر كوردستان هەیە؟
- پێش هەموو شت هەر شێوازی گرتنەوەی موسڵ و پاشانیش ئیدارەدانی ئەو پارێزگایە هەر لەسەرەتاوە گرفتی هەبوو، لە زۆر بۆنەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە و دەیگوت: دەبێت ئێمە لەسەر چەند ئاستێك كار بۆ چارەسەركردنی كێشەی موسڵ بكەین وەك خۆئامادەكردنێكی تەواو، پاشان هەوڵدان بۆ گرتنەوەی موسڵ، دامەزراندنی ئیدارەیەك بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاستێكی زۆر باشی خزمەتگوزاری پێشكەش بكرێت، ئەم پێشبینییەی سەرۆك بارزانی زۆر لە جێگەی خۆیدا بوو، چونكە ئیدارەدانی بارودۆخی موسڵ لە دوای گرتنەوەی موسڵ، لەهەموو پرسێكی دیكە گرنگتر بوو، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك بوو، یەكەم پارێزگای نەینەوا هەم لە رووی جوگرافییەوە پارێزگایەكی زۆر بەرفراوانە، هەم لە رووی پێكهاتەی دانیشتووانیشەوە مۆزائیكێكی تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە خۆی دەگرێت، هەروەها ئەم پارێزگایە كۆمەڵێك هەستیاریی زۆر گرنگی تێدایە، لەبەر ئەوەی دەستێكی زۆری تیرۆریستانی داعش لەوێ بوونی هەیە، ئەمەش وایكردووە ئەو دامودەزگایانەی لەو شارەن زۆر بە ئاسانی بكەونە بەر رەخنەی توندی خەڵك، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو دەسەڵاتەیان نییە، یان هەندێك خۆیان نایانەوێت هاریكاری بكەن بۆ ئەوەی ئاسەواری ئەو كاولكارییەی لەو شارەدا روویداوە دووبارە بونیاد بنرێتەوە، مانەوەی ئەم ژێرخانە كاولكراوەش كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیەتی خەڵكەكە هەیە، بۆیە گرنگە بۆ ئیدارەدانی موسڵ بەرنامەیەكی گشتگیری هەمەلایەنە هەبێت. بۆیە دەبێت حكومەتی عێراق هەوڵی دانانی ئەم بەرنامەیە بدات، دڵنیام حكومەتی هەرێمی كوردستانیش چەند لەتوانایدا بێت، پشتگیری دەكات، هەروەك چۆن لەكاتی كارەساتی نوقمبوونی یەختەكەی ئەم دواییە سەرۆك بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی هەموو هاریكارییەكیان پێشكەشی خەڵكی موسڵ كرد. ئەم بەرنامە گشتگیرە دەبێت زۆر بە وردی و رێكوپێكی جێبەجێ بكرێت و دەبێت لە دوو ئاستدا بونیادنانەوە لە خۆی بگرێت، یەكەمیان لەسەر ئاستی بونیادنانەوە و رێكخستنەوەی ژێرخانی ئابووریی ئەو پارێزگایە، دووەم لەسەر ئاستی دووبارە بونیادنانەوەی سایكۆلۆژیەتی ئەو خەڵكە و چارەسەركردنی، ئەم دوولایەنە زۆر گرنگە و مانەوەی كێشەی موسڵ بەمجۆرە كاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە جیا لەوەی كە رێژەیەكی زۆری كورد لەو پارێزگایە هەن، لە هەمانكاتدا موسڵ لەگەڵ هەولێر و دهۆك سنوورێكی بەرفراوان و چەندین بەرژەوەندیی هاوبەشیشی هەیە.
* خاڵێكی دیكە كە لەم دەرفەتەدا دەخوازین هەڵوەستەی لەسەر بكەین، پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقە، ئەوەی گوێمان لێ بووە ئەوەیە كە دەڵێن، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارەش بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەكات، ئایا ئەم بڕیارەتان داوە؟
- پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پرسێكی یاسایە، سەبارەت بەوەی پارتی بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكی دابێت، ئێمە تا ئێستا هیچ بڕیارێكمان نەداوە، بەوەی بایكۆتی دەكەین، یان بەشداری دەكەین، ئەم بابەتە ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەوەی ئایا لە مانگی 11ی 2019 ئەنجام دەرێت، یان لەمانگی 4ی 2020، ئێستا نازانرێت، هەر كاتێك ئەو بڕیارە درا، ئێمە هەڵوێستی خۆمان دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا بارودۆخی كەركووك پێویستی بە ئاساییكردنەوە هەیە و دەبێت خەڵكەكەی بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و دامودەزگاكانی ئاسایش بدرێتەوە دەست خەڵكەكەی و كۆتایی بەم عەسكەرتاریەتەی ئێستا بهێنرێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كەركووك وەك شارێك كە مۆزائیكی نەتەوەیی و ئایینی تێدایە، پێویستە دانیشتووانی بتوانن بە ئازادی بەشداری هەڵبژاردن بكەن و دەنگی خۆیان بدەن، بۆیە گرنگە بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی بەغدا هەوڵ بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو شارە بدەین.
* ئەم بۆچوونەی كە پێداگری لەسەر ئاساییكردنەوەی كەركووك دەكات، زیاتر بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەگەرنا لایەنەكانی دیكە لە كەركووك بوونیان هەیە؟
- لەو بڕوایەدا نیم ئەو لایەنانەی لە كەركووك بوونیان هەیە، كێشەیان نەبێت، هەتا ئەگەر لە راگەیاندنەكانیش زۆر راشكاوانە باشی كێشەكانی خۆیان لەناو كەركووك نەكەن، ئەو لایەنانە باش دەزانن كە ناتوانن سەربەستانە چالاكیی سیاسیی خۆیان ئەنجام بدەن و ئەمەش بە روون و ئاشكرایی بوونی هەیە. بۆیە ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنەكان و حكومەتی عێراقیش هەماهەنگی بكەین بۆ ئەوەی بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە.
* ئایا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەخشەڕێگەی هاوبەشتان هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و بۆ ئەوەی پێكەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق هەوڵی چارەسەركردنی بدەن؟
- مانەوەی بارودۆخی نائاسایی ئێسستای كەركووك لە بەرژەوەندیی هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینیی ناو كەركووك نییە و بە دڵنیاییشەوە لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراقیشدا نییە، مانەوەشی لەو دۆخەدا گرفتی زیاتر دروست دەكات، بۆیە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە پێویستی بە گفتوگۆی هەیە، بۆ ئەمەش پێویستە لیژنەی پەیوەست بە رەهەندەكانی ئەم كێشەیە دروست بكەین و ئەم لیژنانە واقیعەكە لەگەڵ بەغدا تاوتوێ بكەن، بۆ ئەوەی بگەنە قەناعەتێك چۆن بارودۆخی كەركووك چارەسەر دەكرێت. لەسەر ئەم پرسە هەردوولامان (پارتی و یەكێتی) لەسەر ئەوە رێككەوتووین دوای پێكهێنانی حكومەت، شاندێكی حكوومی كە نوێنەری هەردوولای لەخۆی گرتبێت، لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ حكومەتی عێراق وتووێژ دەست پێ بكەین، ئەمەش یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە دەمانویست پەلە لە پێكهێنانی حكومەت بكەین بۆ ئەوەی ئەو كێشانە چارەسەر بكەین.
* هەر لەسەر مەسەلەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكان، ئێستا خەڵك بە ئومێدەوە سەیری ئەم حكومەتە دەكات، ئایا ئامادەباشی پارتی بۆ پشتیوانیی ئەم حكومەتە چۆن دەبێت؟
- لە پرسیارەكانی پێشتریشدا هەڵوەستەم لەسەر ئەوە كرد، قۆناخی ئێستامان هەستیارە، لەمەش زیاتر ئەو رووداوانەی روودەدەن و بەتایبەتی رووداوەكانی عێراق و ئەوانەشی دەوڵەتانی دیكە لە دوورەوە دروستی دەكەن، وایانكردووە كە زیاتر هەست بە هەستیاریی ئەم قۆناخە بكەین، هەر ئەم بارودۆخە هەستیارەشە فەرزی دەكات لەسەرمان چەندی دەكرێت یەكگرتوو بین و پێكەوە كاربكەین و حكومەتێكی بەهێز دروست بكەین. بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە پشتیوانیی حكومەتی داهاتوو بەڕێز مسرور بارزانی دەكات بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی و ئەو ستاڤەی لەگەڵین بەرنامەی خۆیان جێبەجێ بكەن. هەروەها بۆچوونی من بەو جۆرەیە كە بوونی كاك نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاڵپشتییەكی گەورە دەبێت بۆ حكومەتی نوێ، بەتایبەتی كە كاك نێچیرڤان بارزانی جیا لەوەی ئەزموونێكی گەورەی حوكمڕانی و پەیوەندییەكی زۆر و بەرفراوانی هەیە، لە هەمانكاتدا بەشێك لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەوێتە سەر شانی هەتا چارەسەریان بكات، خۆیشی بەو كاریزما و خۆشەویستییەی كە هەیەتی دەبێتە پاڵپشتییەكی گەورە بۆ سەركەوتنی ئەم حكومەتە.
* ئەی سەبارەت بە گوزەرانی خەڵك، دیارە ئێستا بە هۆی نەمانی پاشەكەوتی مووچە خەڵك بە ئومێدەوە سەیری ئایندە دەكات. ئایا تاچەند پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵەكانی زیاتر دەكات بۆ ئەوەی ئەم ئومیدە بپارێزێت؟
- یەكێك لەو هۆكارانەی ئاماژەم پێكرد بۆ هەستیاریی بارودۆخەكە، مەسەلەی ژیان و گوزەرانی خەڵكە و پرسی ئابوورییە، ئێستا جۆرێك لە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی بودجە سەبارەت بە پشكی كوردستان هەیە، ئەوجا هەستیاریەكە لەوەدایە وەك پێشتر ووتم جوولەیەك هەیە، لەوانەیە ئەو جووڵەیە نەرێنی بێت و دژی ئەوە هەوڵانە بێت كە ویستوویانە جۆرێك لە سەقامگیری دروست بكەن، بۆیە ئەگەر ئەو جووڵەیە كاریگەری لەسەر ئەو سەقامگیرییە هەبێت، كێشەكان زیاد دەبن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو كێشانەی كە ماویشن، ئەوانیش چارەسەر بكەین، ئەمەش پێویستی بە حكومەتێكی بەهێزە، لەو كیشانەی كە ماون، مەسەلەی نەوت و گازە، مەسەلەی پێشمەرگە و مەسەلەی جێەجێكردنی ماددەی 140 و مەسەلەی پشكی كوردە لە پۆستەكانی بەغدا. خۆتان دەزانن چەندین پۆست هەبوون شایستەی هەڵبژاردنی كوردستان بوون، بەڵام بە هۆی بارودۆخێكەوە ئەو خەڵكانە لابراون و خەڵكی دیكەیان لە شوێن دانراون. ئێستا دەبێت ئەو پۆستانە بۆ كورد بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی گرنگە كورد بەشدارییەكی كارای لە كۆی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقدا هەبێت.
* پرسێكی دیكەی گرنگ كە ئێستا زۆر باسی لێوە دەكرێت، مەسەلەی سەرهەڵدانەوەی داعشە، ئایا ئەم پرسە تاچەند جێگەی مەترسییە؟
- لە راستیدا داعش چەند هەزار چەكدارێك، یان تەنیا گرووپێكی چەكدار نین، بەڵكو لە بنەڕەتدا داعش فیكرە، لە ئێستا راستە لەسەر زەوی چەكدارەكان لێك جیاكراوانەتەوە یان لە شوێنەكانی پێشتریان هەڵكەنراون، بەڵام لە زۆر شوێنی دیكە لە ناو سووریا و لە عێراقیشدا وەك چەكدار دەبینرێن و رۆڵیان هەیە و چالاكیی تیرۆریستانە ئەنجام دەدەن، بەڵام لەمە مەترسیدارتر مەسەلەی فیكری داعشە كە رۆچۆتە ناو بەشێك لە پێكهاتەیەكی ئایینی عێراقەوە، ئەمەش بەردەوام شتی لێدەكەوێتەوە، بۆیە ئەگەر بارودۆخێكی لەباری هاوشێوەی 2014 جارێكی دیكە بۆ فیكری داعش هەڵبكەوێتەوە، ئەوا بە ئاسانی داعش دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و ئەمجارەیان توندتر و دڕندانەتریش دەبێت، بەداخەوە خەریكە جۆرێك هاوسۆزی لەگەڵ فیكری داعش دروست دەبێت، ئەم هاوسۆزییەش لەگەڵ فیكرێكی وەك داعش زۆر خراپە و بێجگە لە توندڕەوی كوشتن و لێدانی كەرامەتی مرۆڤایەتی هیچ شتێكی دیكەی پێ نییە، بۆیە تەنیا لە روانگەی ئەوەوە كە داعش ئیسلامە، هاوسۆزی بۆ پەیدا بكرێت، كارێكی زۆر هەڵە و مەترسیدارە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان، بۆیە دەبێت چۆن لەسەر ئاستی سەربازی دژایەتی داعش كرا، لەسەر ئاستی فیكریش دژایەتی ئەو فیكرە توندڕەوەی داعش بكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرێت، ئاكامەكەی زۆر خراپ دەبێت.
Top