شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: هەر كاتێك هێزی پێشمەرگە گەڕایەوە بۆ كەركووك ئەوا شكۆمەندانە و بە ئاڵای كوردستانەوە دەگەڕێتەوە
April 11, 2018
دیمانەی تایبەت
ئەگەرچی بەرەوپێشچوونێك لە گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا بەدی هاتووە، بەڵام هێشتا چەندین پرسی گرنگ و چارەنووسساز بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و چارەسەر نەكراون، وەك پرسی كەركووك و ئەو ناوچانەی دیكە كە دەبێت بە گوێرەی دەستوور چارەنووسیان یەكلابكرێتەوە. بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی هێزی هاوبەش بۆ پاراستنی ئەمنییەتی شاری كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری و بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پرسێكی پەیوەندیداری دیكەوە، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستەی شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كردو ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* باس لەوە دەكرێت كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی دەستووری عێراقدا، كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری بە هاوبەشی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەڕێوە ببرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، ئایا ئەمە بەكردەیی هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە؟
- لە راستیدا ئەمە داواكاری ئێمە بووە و داواكاری زۆرێك لە شاندەكانی هەرێمی كوردستانیش بووە، كە جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، بۆ ئەوەی سەقامگیری لەو ناوچانەدا هەبێت، ئەوا دەبێت هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە و دۆخەكە وەك پێش 9/6/2014 لێ بێتەوە. واتە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە بەرپرسیاریەتییەكی هاوبەش بێت، چونكە ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت، ئەوا هیچ كەسێك ناتوانێت ئاسایشی ئەو ناوچەیە بپارێزێت، ئەمەمان زۆر بە راشكاوی لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا باس كردووە، بە تایبەتی من ئەمەم لەگەڵ قونسوڵی بەریتانیدا باس كردو خۆشیان جەختیان لەسەر ئەو پرسە كردەوە. لەبەر ئەوە ناكرێت ئیدارەكردنی ئەو ناوچانە تاكلایەنانە بێت، تاوەكو دەستوور جێبەجێ دەكرێت، چونكە لە دەستووردا هاتووە كە ئەو ناوچانە هاوبەشن، مەبەستم ئەوەیە دەبێت هەردوولا بە هاوبەشی بیپارێزن تا دەگاتە قۆناغی جێبەجێكردنی دەستوور و ماددەی 140. بەڵام تاوەكو ئێستا بە عەمەلی هیچ شتێك نەكراوە لەم رووەوە و پێموانییە تا دوای هەڵبژاردنیش هیچ بكرێت، تەنانەت ئەگەر زەرورەتیش هەبێت بۆ بوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە. ئەوەی هەیە تەنیا لێدوانێكی عەبادی بووە كە زۆر لە سەری گەورە كراوە لە راگەیاندنەكانەوە بە مەبەستی هێرشكردنە سەر عەبادی بووە. كەواتە لە رووی كردارییەوە هیچ شتێك نەكراوە و هیچ هێزێكی پێشمەرگەش لە ناو كەركووكدا نییە، هیچ هێزێكی پێشمەرگەش بە بێ ئاڵا و بە بێ شكۆ ناگەڕێتەوە ناو شار، دواتر پێشمەرگە هێزێكی ددانپێدانراوە و هێزی پاراستنی هەرێمە، كەواتە ئەوەی دەوترێت دوورە لە راستییەوە و هیچ شتێك لە ئارادا نییە لە بواری كردارییەوە.
* دوای داگیركردنەوەی كەركووك جارێكی دیكە ئەو شارە كەتووەتەوە بەر هەڵمەتی رەشی تەعریب، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە تاڵە دەكرێت و تاچەند ئەم ئەمری واقیعە كاریگەری لەسەر گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتووانی شارەكە هەیە؟
- بەڵێ هەوڵ هەیە، ئەویش زیاتر ئەوەیە كە هەندێ پەرلەمانتاری عەرەب داوای ئەوە دەكەن كە كەركووك وەك پێشووتری لێبكرێتەوە، واتە هەندێ زەوی بدرێتەوە بە كۆنە بەعسییەكان، بەڵام ئەمەش زیاتر لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندایە، چونكە تا ئێستا لە رووی كردارییەوە هیچ هەنگاوێكیان بەو ئاراستەیەدا نەناوە، ئەو دۆسیەیە قورسە و كەسیش بوێری ئەوە ناكات بەو شێوەیە دەست بۆ خاكی ئێمە ببات، چونكە خاك مەسەلەیەكە كەس ناتوانێت سازشی لەسەر بكات.
* باس لەوە كراوە كە پارێزگاری بە وەكالەت لە كەركووك بە نیازی روخاندنی ماڵە كوردەكانە، ئەوە تا چەند راستە؟
- ئەمە مەسەلەیە زیاتر مەبەست لەو شوێنانەیە كە توركمانەكان دوای 16ی ئۆكتۆبەر دروستیان كردووە لە گۆڕەپان و ساحەكانی نێو كەركووكدا، ئەگەرنا ئەوەی پەیوەست بێت بە حەویجە و شۆریجە و پەنجا عەلی، ئەوا ئەمانە گەڕەكن و خزمەتگوزارییان پێدراوە و ئەوانە بە ئاوارە دراون، چونكە بە پێی دەستوور هەر ماڵێك بگەڕایەتەوە ئەوا پارچەیەك زەوی و 10 ملیۆن دیناری پێدەدرا و ئەوە بوو رێگەیان پێدرا لەو ناوچانە خانوو دروست بكەن.
* لەناو شاری كەركووكدا چوار فرقەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و حەشدی وەتەنی و پۆلیسی فیدڕاڵی بوونیان هەیە، ئایا ئەم هێزانە ناتوانن مەترسییەكانی داعش لەسەر ناوچەكە دووربخەنەوە؟
- هیچ هێزێك ناتوانێت ئەو ناوچانە بپارێزێت جگە لە هێزی پێشمەرگە، ئەم هێزەی ئێستا ناتوانێت كەركووك بپارێزێت، چونكە نە لە رووی جوگرافی و نە لە رووی ئەمنییەوە شارەزای دۆخی كەركووك نین. ئێمە كاتی خۆی دەیان قوربانیمان دا تاوەكو سەرجەم تاقم و دەستە و شانەكانی گرووپە تیرۆریستییەكان بدۆزینەوە و سەرجەم جموجووڵە گومانلێكراوەكانیشیان لە ژێر چاودێری ئێمەدا بوون. كە ئێستا بە هۆی نەمانی پێشمەرگە و ئاسایش، ئەوان زیاتر ئازاد بوون.
* ئایا لە پەرلەمان هیچ هەوڵێك دراوە بۆ ئەوەی فایلی ئەمنیی شاری كەركووك رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێتەوە؟
- ئێمە زۆر هەوڵماندا پۆلیسی ئیتیحادی بۆ كەركووك دابنرێت، بەڵام دانەنرا، لەبەر ئەوە كاتێك ئێمە داوای ئەوە دەكەین كە ئەو ناوەندی هەماهەنگییە لە كەركووك دابنرێت، بۆ ئەوەیە تەنیا هێزی كەركووك ئەركی پاراستنی شارەكەی پێ بسپێردرێت.
* لەناو شاری كەركووك حزبە سیاسییەكان بارەگاكانی خۆیان كردۆتەوە، بەڵام تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگاكانی داخراوە، ئایا بۆچی پارتیش ناگەڕێتەوە تا بارەگاكانی خۆی لەو شارە بكاتەوە؟
- ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەكو ئەو حزبانە قبووڵ بكات كە ئێستا بارەگایان لەناو شاری كەركووك هەیە، بارەگای هەبێت، ئەوە هیچ رێگرییەك نییە كە پارتیش بارەگای لەناو شاری كەركووك هەبێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگایەكی ناوێت بێ ئاڵا و بێ شكۆ و وەكو سەردەمی حزبی بەعس بێ چەك و كارتۆنی بێت، یان پاسەوانەكانی حەشدی شەعبی بێت. ئێمە بارەگا دادەنێین ئاڵای كوردستانی لەسەر بێت و هەیبەتی هەبێت و پێشمەرگە بیپارێزێت، بۆ دەبێت لەكەركووكدا بارەگاكانی حەشد لەلایەن حەشدەوە پاسەوانی بۆ دانرێت و بیپارێزرێت و بارەگای حزبە كوردستانییەكانیش بۆی نەبێت لەلایەن پێشمەرگەوە پاسەوانی هەبێت و بپارێزرێت؟ ئەو دانانی بارەگایانە لەسەردەمی بەعسیشدا رێگەی پێدەدرا، بەڵام پارتی دیموكراتی كورستان قبووڵی نەدەكرد.
* زۆرجار باس لە گرنگی و پێویستیی یەكڕیزیی نێو پەرلەمانتارە كوردەكانی بەغدا دەكرێت، ئایا تا چەند ئەمە بەدی هاتووە؟
- لەناو پەرلەمانتارەكان جۆرێك لە دووفاقی هەیە، لەناو راگەیاندنەكان زۆرجار باس لەم یەكڕیزی و یەكدەنگییە دەكرێت، بەڵام وەك عەبادییش باسی كرد، هەندێ پەرلەمانتاری كورد هەیە داوای نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستانی كردووەو داوای كردووە حكومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات، نەك لەگەڵ حكومەت و هەرێمی كوردستان، لەناو ئەم خولەی پەرلەماندا پەرلەمانتار هەیە لە بری ئەوەی نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان و مافەكانیان بكات، كارێكی كردووە كە كوردی پێ ناشیرین بووە.
* بەشە بودجەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بەكوێ گەیشتووە؟
- لەچوارچێوەی هێزە وشكانییەكانی عێراقدا بەشە بودجەیەك بۆ پێشمەرگە دانراوە، بەڵام هیچ پابەندبوونێكی بۆ حكومەتی عێراق دانەناوە تاوەكو پابەندی پێدانی ئەو بەشە بودجەیە بێت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
