محەمەد كەمال سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: كاتێك بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراقمان نەكرد، دەبوو یەك لیست بین بۆ ئەوەی دەنگی كوردستان بەفیڕۆ نەچێت

محەمەد كەمال  سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: كاتێك بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراقمان نەكرد، دەبوو یەك لیست بین بۆ ئەوەی دەنگی كوردستان بەفیڕۆ نەچێت
كەركووك بەدۆخی نایاسایی و نائاساییدا تێپەڕدەبێت و پرۆسەی تەعریب لەو پارێزگایە دەستی پێكردۆتەوە؛ ئەمە لەكاتێكدا ژمارەیەكی زۆری كورد لەم شارەو لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون، سەبارەت بەم پرسە و چەند بابەتێكی تری پەیوەندار چەند پرسیارێكمان ئاراستەی محەمەد كەمال سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كرد. لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
ئەوانەی هاوكاریی هێنانی سوپای عێراق بوون بۆ كەركووك نامۆ و بێدەسەڵاتن لەو شارەدا



* چۆن لە دۆخی ئێستای كەركووك دەڕوانن، بەتایبەتی كە ئێستا بە شارێكی داگیركراو دادەنرێت؟ بۆچی دۆخی ئەو شارە بە نائاسایی و نایاسایی دادەنرێت؟
- لە راستیدا هۆكاری نایاسایی بوونی دۆخی شاری كەركووك ئەوەیە كە بە پێی ماددەی 9ی دەستوور نابێت هیچ لایەك لەشكركێشی بكاتە سەر هاووڵاتییان و شارەكانی وڵاتەكە، كەواتە نایاسایی بوونەكە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە عەبادی لەشكركێشی كردە سەر شاری كەركووك و پێشێلكاریی دەستووری كردووە لەو رووەوە، بۆیە دۆخەكە كەوتە ژێر ركێفی حەشدی شەعبی و دژە تیرۆر و پۆلیسی ئیتیحادی، لە كاتێكدا نەدەبوو ئەم كارە بكرێت، چونكە هیچ یاخیبوونێك لە كەركووك لە ئارادا نەبوو. ئەو حاڵەتەشی كە هەبوو دەكرا بە گفتوگۆ چارەسەر بكرایە. دواتر پرسی هەڵكردی ئاڵا و ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم شارەدا دەرئەنجامی نەمانی متمانە بوو لە نێوان كەركووك و حكومەتی ئیتیحادی و هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتیحادی، چونكە بە پێی دەستوور دەبووایە ماددەی 140 لە 31/12/2007 جێبەجێ بكرایە، كەچی سەرۆك وەزیرەكانی عێراق، بە ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالیكی و حەیدەر عەبادییەوە هەرهەموویان گرەویان لەسەر ئەوە كردووە كە ئەم ماددەیە نابێت جێبەجێ بكرێت. ئەمە بووە هۆی دروستبوونی بۆشایی و سەرهەڵدانی كێشە لەنێوان هەرێم و حكومەتی مەركەزی لەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان. كە كەركووكیش بە چەقی ئەو ناوچانە دادەنرێت. ئەوە بوو دۆخی كەركووك ئاڵۆز بوو، ئێستاش شاری كەركووك و بگرە ماڵەكانیشمان داگیركراوە، بۆ نموونە لە ئێستادا حەشدی شەعبی دەستی بە سەر ماڵەكەی من و كاك عیرفاندا گرتووە كە هەردووكمان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكین. كەواتە دۆخی شارەكە ئیفلیج كراوە و شارەكە داگیركراوە و ئەوە چوار مانگە ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە ناتوانێت كۆببێتەوە، چونكە زۆربەی ئەندامەكانی لە دەرەوەی ئەم شارەن و لە حاڵەتی گەڕانەوەیاندا رووبەڕووی مەترسیی ئەمنی دەبنەوە، هەروەها پارێزگار لەو شارەدا نییە و یاسا باڵادەست نییە تێیدا.
* رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر چەند ئاكام و دەرهاویشتەیان لێكەوتەوە، كە یەكێك لە دەرئەنجامەكانی بریتی بوو لە دروستبوونی ناكۆكی و دابەشبوون لەناو هەموو لیستەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، دەكرێت باسێكی ئەوەمان بۆ بكەیت؟
- لە راستیدا دابەشبوونی راوبۆچوون لەناو هەموو لیستەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك هەیە، بەتایبەتی لەناو لیستی بەرەی توركمانی، تەنانەت دوو لە ئەندامەكانیان لیستێكی نوێیان جیاكردۆتەوە، عەرەبەكانیش بەهەمان شێوە دابەشبوونیان لەنێواندا هەیە، هەرچی لیستی برایەتی هەیە، ئەگەرچی راوبۆچوونی جیاوازمان لەسەر بارودۆخی شاری كەركووك هەیە، بەڵام لەناوخۆماندا دابەشبوون و ناكۆكی نییە.
* باسی ئەوەت كرد كە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و ریفراندۆم پاساوێك بوو بۆ ئەم داگیركارییە؛ ئایا ئێوە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك پێشوەختە زانیاریتان لەسەر ئەم لەشكركێشییە هەبوو؟
- من نامەوێت بچمە نێو وردەكارییەكانەوە، بەڵام من لە ساڵی 2016 لەگەڵ رێكخراوی داخی هۆڵەندی گفتوگۆم كردووەو پێموتن ئازادكردنی حەویجە بۆ دوای موسڵ دوادەخرێت بۆ مەبەستی زیانگەیاندن بە كوردیش دوا دەخرێت و ئەوان چاویان لە كەركووكە. كە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو سوپایەی عەبادی هێناویەتیە كەركووك تا ئێستا پاكسازی حەویجەی نەكردووە. بەڵكو ئەو هێزە تەنیا بە رێگەی قیرتاو و بە ناو قەزا و ناحییەكانی حەویجەدا تێپەڕیون. باشترین بەڵگەش لەم روەوە كوژرانی لیوا ئەنوەر محەمەد دانوك و رائیدێكی دیكەیە كە لەم رۆژانەی دواییدا روویاندا. كەواتە سوپای عێراق پاكسازی ئەو ناوچانەی نەكردووە، بەڵكو هاتۆتە كەركووك و پاكسازیی كوردی كردووە لەم شارەدا نەك پاكسازیی داعش. ئەوەتا هێشتا ناوچەی ریاز و رەشیدیە و عەباسی و زابیش پاك نەكراونەتەوە و ئێستاش مەترسیی داعشیان لەسەر هەیە. ئەوەی ئێستاش لە كەركوودا بوونی هەیە وەك حەشدی شەعبی و فیرقەی ئاڵتوونی و دژە تیرۆری بەغدا، خۆیان بە خاوەنی كەركووك نازانن، ئەمەش دۆخێكی نائارام و ناسەقامگیری دروست كردووە لە ناو شاری كەركوودا، چونكە رۆژانە هەڵكوتانەسەر ماڵان روودەدات و پارە لە خەڵك دەسەندرێت.
* لەناو ئەم هەموو پێشێلكاری و دژایەتییانەدا پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنگرانی بوونەتە ئامانجی سەرەكی؛ ئایا بۆ لەكاتێكدا بینایەی هەموو حزبەكانی تر لە كەركووك ماوە، كەچی بینایەی سەركردایەتی و لق و ناوچەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان سووتێنراوە و داگیركراون؟
- بەداخەوە ئەوانەی لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی هاوكارییان كرد، گرووپێك بوون لەناو یەكێتی نیشتمانی، نەك هەموو یەكێتی، ئەو گرووپەش ویستیان پارتی لە كەركووك شار بەدەر بكەن، بەڵام ئێستا دەبینین خۆیان نامۆن لەم شارە و بێدەسەڵاتن لە شارەكەدا. ئەو كەسانەشی ئەم كارەیان كرد، خیانەتیان كرد لەبەرامبەر بڕە پارەیەكدا، كە حكومەتی ئیتیحادیش ئەو پارەیەی پێداون لەبەر ئەوە ناتوانن حكومەتی ئیتیحادی لەو شارە دەربكەن. كەواتە ئەوان پیلانیان لە دژی پارتی گێڕا، كە دواتر بووە پیلانگێڕی لە دژی كورد. ئەگەر پرسیاری ئەوەش بكەین بۆ پارتی كرایە ئامانج، ئەوا هۆكارەكەی ئەوە بوو كە پارتی پێداگیری لەسەر ریفراندۆم دەكرد و داكۆكی لە ئامانجە نەتەوەییەكان دەكرد و هەڵگری پەیامی نەتەوایەتی بوو. چونكە لقی پارتی و مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك تەنیا 100 مەترێك لە یەك دوورن، بە هەمان شێوە سەركردایەتی پارتی و بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەو شارە، كە دەبینین بارەگاكانی پارتی سووتاون و داگیركراون، بەڵام ئەوانەی یەكێتی خۆیانی تێدان، بەڵام بێدەسەڵاتن.
* پارتی لەبەر ئەوەی شاری كەركووكی بە شارێكی داگیركراو داناوە، بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی لەو پارێزگا كوردستانییە كردووە؛ ئەمە لەكاتێكدا حزبی دیكەی كوردستانی هەیە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی نەكردووە، خوێندنەوەتان بۆ ئەمە چۆنە؟

- بارودۆخی نێوماڵی كورد بارودۆخێكی نەخوازراوەو كەس ئیرەیی پێ نابات، بەداخەوە نێوماڵی كورد لێكترازاوە، بە بۆچوونی من دەبوایە هەموو حزبەكان بە یەكدەنگ بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراقیان بكردایە لە سەرجەم پارێزگاكاندا، بە هەولێر و دهۆك و سلێمانیشەوە. كە بایكۆتیشیان نەكرد، دەبوو لە ناوچە دابڕاوەكان بە یەك لیستی هاوبەش بەشدارییان بكردایە.
* هەروەك دەزانن لە دەرئەنجامی دۆخی خراپی كەركووك خەڵكێكی زۆر ئاوارە بوون، ئایا پێتوایە حزبە كوردستانییەكان لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بوون لە بەرامبەر ئەو ئاوارانەدا؟
- من پێم وایە ئەمڕۆ سەرجەم حزبە كوردستانییەكان بە حزبەكەی خۆشمەوە بەرامبەر خەڵكی ئاوارەی كەركووك كەمتەرخەمن، دواتر هەر جارەو چەند كەسێك لە حزبە كوردستانییەكان سەردانی عەبادی دەكەن و ئەویش دەزانێت ئەو كارانە بۆ موزایەدەیە، بۆیە هەر بەو جۆرە رەفتار دەكات كە دەیبنین، لەمەشدا كورد خۆی خەتابارە، چونكە كاتێك كورد بەم لێكترازاوی و پەرتەوازەییە دەچێتە بەغدا، ئەوا عەبادی لەگەڵ كێدا مامەڵە بكات؟ كەواتە ئەوە ناڕێكیی ناوماڵی كوردە كە پێگەی كوردی لاواز كردووە.
* سەبارەت بە پرۆسەی تەعریب لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە؛ ئایا دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئەمجارەی تەعریب چ مەترسییەكی لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی درەوەی هەرێم هەیە؟

- دەتوانم بڵێم لەساڵی 1930ەوە دوای پرۆژەی حەویجە كەركووك بەر شاڵاوی تەعریب كەوتووە، دواتر ئەم شاڵاوە بەردەوام بوو، بە تایبەتی لە دوای ساڵی 1963 و 1975 كە تەعریب لە كەركووك و دەوروبەری گەیشتە لوتكە، بەڵام لە 2003 بۆ ماوەیەك ئەو پرۆسەیە خاو بۆوە، بەڵام لە ئێستادا و لە غیابی شەرعییەت لەم شارەدا تەعریب دەستی پێكردۆتەوە.
* لەلایەن unـەوە لێژنەیەك بۆ بەدواداچوونی پێشێلكاری و كۆمەڵكوژی لەخورماتوو پێكهێنراو كار لەسەر پێشێلكارییەكانی كەركووكیش دەكات؛ ئایا كارەكانی ئەو لێژنەیە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- لە راستیدا رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرامبەر بە دۆسێی كەركووك خورماتوو زۆر كەمتەرخەمە، تەنانەت راپۆرتەكەیان باسی ئەو پێشێلكاریییانە ناكات كە لە دوزخورماتودا دەرهەق بە كورد كراون، وەك دەستدرێژیكردن و داگیركردنی ماڵان و دوكان و كارگە و كافتریا و چێشتخانەكان. دوای ئەوەش شەرمەزار بوون و گلەییەكی زۆریان لێكرا، هەڵساون بە دروستكردنی لیژنەیەك، كە لیژنەیەكی لاوازە. هەروەها من باوەڕم وانییە نەتەوە یەكگرتووەكان هیچی پێ بكرێت، ئەوان لە ساڵی 1948ـەوە باس لە فەلەستین دەكەن، ئایا تا ئێستا چییان بۆ كردووە؟
* هەر سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی بەغدا دەرهەق بەگەلی كورد؛ ئەوەتا ئێستا عەبادی لە پرۆژە یاسای بودجەدا پشكی هەرێمی كوردستانی كەم كردۆتەوە، ئایا ئێوە وەكو لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك هیچ ئومێدێكتان بەو پەرلەمانە هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركووك و گەڕانەوەی ئاوارەكان؟
- پەرلەمانی عێراق بە سیاسی كراوەو تاقمێكی دیاریكراو دەستی بەسەردا گرتووەو بڕیاریش لە دەستی ئەم تاقمەیە كە ئێستا حوكمڕانیی بەغدا و عێراقە، بۆیە من باوەڕ ناكەم ئەم پەرلەمانە بتوانێت بڕیاری دروست بدات.
* بە رای تۆ چارەسەر چییە و دەبێت چی بكرێت؟
- من پێموایە چارەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا، هەرچەندە بەغدا دەستی دەستی دەكات و ئامادە نییە بۆ گفتوگۆ، بەڵام دەبێت سەرەتا ئەم رێگایە تاقی بكەینەوە، ئەگەر هیچ ئەنجامێكی نەبوو، ئەوا رێگای دیكە زۆرە بۆ كۆتاییهێنان بەو دۆخەی كە ئێستا لە كەركووك لەئارادایە.
Top