ئیان لەستیك تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: دەبێت ئەمریكا هەوڵ بدات هەولێر و بەغدا بكەونە گفتوگۆ لەگەڵ یەكتردا
February 10, 2018
دیمانەی تایبەت
ئیان لەستیك پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی پەنسلڤانیا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە سیاسەتی بەراوردكاری، سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، هەروەها وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناسنامە سیاسی و دامەزراوەكان. بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئێستای عێراق و دەستڕۆیشتوویی ئێران لەم ناوچەیە و ئەگەرەگانی ئایندە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* چۆن لە دۆخی ئێستای عێراق دەڕوانیت بەتایبەتی دوای ئەوەی داعش لە لێواری تێكشكانی كۆتاییدایە؟
- لە راستیدا من پێموایە ئەگەر بێتو داعش تێكبشكێت و بەم زووانە سەرهەڵنەداتەوە و نەگەڕێتەوە، ئەوا ئەمە كورد لە سەرمایە و سەرچاوەیەكی سیاسی بێبەش دەكات، چونكە بوونی داعش بە مانای ئەوەیە كە ئەمریكا و عێراق و ئەوانی دیكە پێویستیان بە كورد دەبێت، ئەمەش سەردەكێشێت بۆ ئەوەی دۆخە سیاسییەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، راستە هێشتا بە تەواوەتی روون نییە ئەو گۆرانكارییە چۆن دەبێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت كورد لە دۆخێكدا نابێت كارەساتەكانی پێشتری بەسەردا دووبارە بێتەوە.
* بەڵام كورد پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە رۆڵێكی كارا و بەهاداری گێڕاوە لە شەڕی داعشدا و پێویستە ئەمە بنرخێنرێت و لەبەرچاو بگیرێت و دەبێت كورد پاداشت بكرێت، بۆچوونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا ئەگەر سیاسەتی نێودەوڵەتی بەو شێوەیە بووایە كە ئەگەر تۆ ئەدایەكی باشت هەبێت، ئەوا دەبێت پاداشت بكرێیت و ئەگەر ئەدایەكی خراپیشت هەبوو، ئەوا پێویستە سزا بدرێیت، ئەوا بەڵێ ئەمە مایەی سەرسوڕمان و نائومێدی دەبوو بۆ كورد. بەڵام سیاسەتی نێودەوڵەتی بەم شێوەیە هەڵناسووڕێت، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە لە ئێستادا چیت پێدەكرێت، نەك لە دوێنێدا توانیت چی بكەیت، یان لە ئایندەدا دەتوانی چی بكەیت. خۆ ئەگەر لە دۆخی دوای داعشیش بڕوانیت ئەوا دەبینیت كورد لە ئێستادا كۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەك دەكات كە پێشتر لەژێر دەسەڵات و حوكمڕانیی خۆیدا نەبووە، وەك كەركووك و هەندێ ناوچەی دەوروبەری. لە لایەكی دیكەوە هەندێ نیشانەی پرسیار هەن لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنی كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەدا لەو ناوچانەدا، هەروەها لە ناوخۆشدا حكومەتی هەرێم كۆمەڵێك كێشەی ناوخۆیی هەیە،كەواتە نابێت كورد دوچاری سەرسوڕمان بێت كاتێك دەبینێت كە ئاستەنگ و لەمپەر هەیە لەبەردەم هێنانەدی خواستەكانیدا دوای ئەوەی كە سەركەوتوو بوو.
* بەڵام هەمیشە كورد باس لەوە دەكات كە ئەوە حكومەتی عێراقە كە نە ئامادە بووە و نە توانیویەتی كێشەكانی لەگەڵ كورددا چارەسەر بكات و دەستوور جێبەجێ بكات، لە دەرئەنجامدا كوردیش جگە لە گرتنەبەری رێگای سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لەو پێناوەدا رێگاچارەی دیكەی لەبەردەمدا نەبووە، بۆچونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا ئەمە پرسیارێكی ئاڵۆزە. ئەوە راستە كە ئەمە هەڵوێست و تێڕوانینی هەرێمی كوردستان و ئەو كەسانەیە كە لە ریفراندۆمەكەدا دەنگیان دا- هەرچەندە كەمینەیەك هەبوون كە بانگەشەیان بۆ ئەوە دەكرد كە ئێستا كاتی نییە و نابێت ئەم كارە بكرێت لەم هەلومەرجەدا-. لەلایەكی دیكەوە مەسەلەی تێڕوانینی حكومەتی عێراقیش لە ئارادایە، دواتر هەر خودی مەسەلەی فیدڕاڵیش باس و خواسی لەسەرە، لەگەڵ بابەتی ئەوەی ئایا هەر لە بنەڕەتدا دەستوور چەشنە ناڕوونی و تەم و مژییەكی تێدا نەبووە كە بتوانریت لە بەرژەوەندیی جیابوونەوە یان رێگاچارەیەكی نزیك لە جیابوونەوە لێكبدرێتەوە؟ كەواتە هێشتا پرسیاری راستەقینە هەیە لەبارەی ئەوەی چ جۆرە یەكێتییەك لە عێراقدا بێتەدی؟ كە دەبێت حكومەتی عێراقی- كە شیعەكان باڵادەستن بەسەریدا- وەك شەریكێكی یەكسان مامەڵە لەگەڵ كورددا بكات كە دەبێت لەم چوارچێوەیەشدا بڕیار لە چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتی نەوت بدرێت.
* لە ئێستادا باس لە گرتنەبەری رێگاچارەی كۆنفیدڕاڵی دەكرێت لەنێوان كوردستان و عێراقدا و لە ساڵانی پێشووشدا چەند بیرۆكەیەك خرانەڕوو وەك یەكێتی دەوڵەتەكانی عێراق، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا من وردەكاریی ئەو پێشنیار و رێگاچارانەم نەبینیوە، هەرچەندە پێدەچێت ئەمە پێشنیارێكی سەرنجراكێش بێت بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بگیرێتەبەر. بەڵام لە دۆخی دوای داعش و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی كاریگەریی دۆخی سووریا و دەستتێوەردان و دەستڕۆیشتوویی رووسیا لە ناوچەكە و كاریگەریی گەورەی ئێران لەسەر عێراق، ئەوا رەنگە باشتر بێت تەركیز لەسەر ئەوە بكرێت ئایا پەیوەندی هەرێمی كوردستان و ئێران چۆن دەبێت، چونكە ئەمە زیاتر هاوشێوەی ئەو پەیوەندییە دەبێت كە هەرێمی كوردستان دەیبێت لەگەڵ عێراقدا، چونكە عێراق زیاتر و زیاتر دەبێتە داردەستی ئێران.
* باشە پێتوایە ئەمریكا دەتوانێت و ئامادەیە چ رۆڵێكی میانگیری ببینێت بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و رێگەگرتن لە داڕووخانی دۆخەكە، یان زەمینەخۆشكردن بۆ گفتوگۆیەكی جددی و بنیادنەر لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا؟
-من هیوادارام ئەمریكا هانی ئەنجامدانی گفتوگۆ بدات، هەرچەندە ئەمریكا بەرهەڵستی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كرد، بەڵام لە ئێستادا پێویستە هەوڵ و كۆشش بكات بۆ ئەوەی هەردوولا بكەونە گفتوگۆ لەگەڵ یەكتردا.
* ئێستادا زۆرێك لە چاودێران پێیانوایە ئێران بە تەواوەتی دەستڕۆیشتووە لە عێراقدا بە چەشنێك كە خودی عێراق بۆتە پاشكۆی ئەو وڵاتە، تا چەند ئەمانە شرۆڤەكارییەكی وردن بۆ بارودۆخەكە؟
- من ئاگادارم وردەكارییەكانی دەستڕۆیشتوویی ئێران نیم لە عێراقدا، بەڵام پێموایە ئەو دەستڕۆیشتووییە روو لە هەڵكشان و گەورەبوونە لە عێراقدا.
* لە ئێستادا زۆرێك لە شرۆڤەكاران پێیانوایە ئێران سوودمەندی سەرەكییە لە شەڕی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە دژی داعش، چونكە ئەمریكا تێكشكاندنی داعشی كردۆتە ئەولەوییەتی بەپەلەی خۆی و ئەمیش بواری بۆ ئێران دروست كردووە بۆ ئەوەی دەستڕۆیشتوویی خۆی بەرفراوان بكات، لەبەر ئەوە دەبێت پێداچوونەوە بەم ستراتیژیەتەدا بكرێت، راو بۆچونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە كە ئەمە مشتومڕێكەو لە ئارادایە و ئەم گفتوگۆیانەش ئەو باس و خواستەم بیر دەخاتەوە كە لە سەروەختی شەڕی ئەمریكا لە دژی عێراق لە ئارادا بوو لە ساڵی 2003، واتە لەو كاتەدا دەوترا ئەگەر بێتو ئەمریكا عێراق داگیربكات و حكومەتی ئەو وڵاتە بڕووخێنێت، ئەوا ئێران سوودمەندی سەرەكی دەبێت، ئەمە لە كاتێكدا ئێران خودی هەڕەشە راستەقینەكەیە، بەڵام بینیمان ئەو گفتوگۆیانە چەند كاریگەرییان لەسەر ئەمریكا هەبوو، كە ئەمریكا دەستتێوەردانی كرد و ئەو وڵاتەشی داگیركرد و بۆ نزیكەی دەیەیەك تێیدا مایەوە. كەواتە راستە ئێران بەردەوام سوودمەند بووە لە سەرقاڵبوونی ئەوانی دیكە بە شەڕی داعشەوە. لەگەڵ ئەوەشدا مشتومڕەكە لە ئەمریكا ئەوەیە كە تاوەكو داعش لەئارادا بێت، ئەوا هیچ سەرۆكێك ناتوانێت نادیدەی بگرێت، وەك هەڕەشەیەكی سەرەكی، بەتایبەتی ئەگەر داعش بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی كردەوەكانی لە ناو ئەمریكا و لە ئەوروپادا.
* لە یەكێك لە وەڵامەكانتدا ئاماژەت بە ئیسرائیل كرد، ئێمە دەزانین ئیسرائیل لە ناكۆكییەكی بەردەوامدایە لەگەڵ فەلەستینییەكاندا، وەك كەسێك كە چەندین توێژینەوە و نووسینتان هەیە لەبارەی ئەم ناكۆكییەوە، چۆن لە دۆخی ئێستا و كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل دەڕوانن؟ ئایا ئەمە ناكۆكییەكی سڕكراوە، یان ئەوەتا لە ئایندەیەكی نزیكدا كرانەوە و بەرەوپێشچوون دێتەئاراوە؟
- لە راستیدا پێموایە ئەمە پرسیارە راست و درووستەكەیە، چونكە خەڵكی بەم شێوەیە لەم ناكۆكییە دەڕوانن كە یان ئەوەتا ناكۆكییەكی سڕكراوە، یاخود دەبێت بەرەوپێشچوونێكی گەورە رووبدات بۆ چارەسەركردنی، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكەین، ئەوەیە كە ئەگەری گرتنەبەری ئەو چارەسەرە لاوازە كە دوو دەوڵەت لەخۆدەگرێت. پێموایە ئەوانەی لە سەرەتادا دەستیان دایە ئەنجامدانی گفتوگۆ بۆ هێنانەئارای ئەم چارەسەرە، دەیانزانی شكست دەهێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەردەوام بوون بۆ ئەوەی پیشانی بدەن كە ئەوان هەوڵ و كۆشش دەكەن. من پێموایە ئەگەرێكی لاوازە لەبەر ئەوەی حكومەتی ئیسرائیل ئامادە نییە سازش بكات لەم رووەوە و هیچ ئاماژەیەكیش لە ئارادایە نییە كە لە ئایندەدا حكومەتێكی دیكە لە ئیسرائیلدا دەسەڵات بگرێتەدەست كە ئامادەییەكی لەم چەشنەی هەبێت. لە ئێستاشدا واقیعی حاڵ ئەوەیە كە یەك دەوڵەت هەیە – هەرچەندە ئەمە چارەسەرەكە نییە- ئەو دەوڵەتەش سروشتی ناكۆكییەكە دەگۆڕێت و لە ئێستاشدا پرسیارەكە ئەوە نییە ئایا سنوورەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل چی بن، بەڵكو مەسەلەكە پەیوەستە بە پرسە سیاسییە ناوخۆییەكەوە لە ئیسرائیلدا.
* ئاماژەتان بەوە كرد كە رەنگە لە داهاتوودا هەلومەرجی نوێ بێتەئاراوە لە ناوچەكەدا، كە لە ئێستادا باس لە ئەگەری درووستبوونی میحوەرێك دەكرێت لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییە سوننەكانی ناوچەكەدا بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی ئێران، ئایا تا چەند ئەمە پێشبینیەكی دروست و واقیعییە؟
- لە پەیوەندی بە كاری دەزگاكانی هەواڵگری و وەزارەتی بەرگری و ئەو سیستمی چەكانەی لە ئەمریكا بە وڵاتانی ناوچەكە دەدرێت، پێدەچێت بوار و پانتاییەكی زۆر هەبێت بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ یەكتردا. بەڵام پێناچێت ئەمە بگاتە راددەی راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكی سیاسی و ئاشكرا، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە رای گشتی لەو وڵاتانەدا تەواو دژی ئیسرائیلە. كەواتە راستە هەندێ باس و خواس هەیە لە ئیسرائیل و ئەمریكا و ئێرانیش لەبارەی دروستبوونی هاوپەیمانێتییەك لە نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییە سوننەكان، بەڵام من ئەمە بە ئەگەرێكی گەورە نابینم، جگە لەو بوارانەی كە ئاماژەم پێكردن.
* باشە چۆن لە ئایندەی ناوچەكە دەڕوانن و ئایا مەترسیدارترین بەرەوپێشچوون و باشترین سیناریۆ چین كە ئەگەری روودانیان هەیە؟
- مەترسیدارترین و خراپترین بارودۆخ ئەوەیە گرووپێكی هاوشێوەی داعش دروست ببێتەوە و رێككەوتنە ناوكییەكە – كە پرۆگرامی ناوكیی ئێرانی كۆنتڕۆڵ كردووە- هەڵبوەشێتەوە، لەگەڵ ئەگەری هەڵكشانی گرژییەكان لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا بە چەشنێك كە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی لێبكەوێتەوە و بەهەڵەداچوونی سعودیە لە ئاست قەتەردا. واتە هەموو ئەمانە بواری نوێبوونەوەی دوژمنكاری و توندوتیژی دەخوڵقێنن، سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئەو گرژی و ناكۆكییەی نێوان ئەمریكا و توركیا – كە هەردووكیان ئەندامی ناتۆن- لەبارەی پرسی رادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەن. هەروەها یەكێكی دیكە لە سیناریۆ خراپەكان ئەگەری رۆچوونی زیاتری ناوچەكەیە لە ناسەقامگیریدا. یەكێكیش لە سیناریۆ باشەكان ئەوەیە رێگاچارەیەك بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵادا روونەداتەوە لە ئایندەدا و دۆخی سووریا بە جۆرێك لە جۆرەكان و بە هاوكاریی رووسیا چارەسەر بكرێت. بەڵام دۆخی ناوچەكە ئەوەندە ئاڵۆزە كە هاتنەئارای بەرەوپێشچوونی ئیجابی كارێكی دژوارە.
* كەواتە بە حەزەرەوە گەشبینیت؟
- من بەم شێوەیە گوزارشتی لێناكەم، من نیگەرانم بەڵام هەوڵ دەدەم گەشبین بم.
