خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: پارتی قەوارەیەكی گەورەی سیاسییە لە كوردستان و ئەگەر كاتی هەڵبژاردن دیاری بكرێت، پێشوازی لێدەكات
December 5, 2017
دیمانەی تایبەت
لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی عێراق باس لە هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش دەكرێت، ئەم هەڵبژاردنانەش لەكاتێكدایە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ئیفلیج بووەو بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی كوردستانیش نائاسایی و داگیركراوەو بەسەدان هەزار هاووڵاتی كەركووك و ئەو ناوچانە ئاوارە بوون، ئەمە لەكاتێكدا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی بۆ هەڵبژارنەكانی عێراق پەرت و بڵاون و هیچ ئاسۆیەكی یەكڕیزییان پێوە دیار نییە، لەبەرامبەردا بەغدا رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر پێشێلكاری و سەرپێچی دەستووری بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە چەند پرسیارێكمان لە خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.ئومێدی ئێمە ئەوەیە بتوانین بە لیستێكی هاوبەش لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشداری بكەین
* پرسی هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستانیش بۆتە بابەتێكی گرنگ و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئایا ئێوە وەك دەزگای هەڵبژاردنی پارتی خۆتان چۆن بۆ ئەم دوو هەڵبژاردنە ئامادە كردووە، ئامادەكارییەكان بۆ هەردوو هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان تا ئێستا چۆن بووە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان قەوارەیەكی گەورەی سیاسییە لە كوردستاندا، هەر بۆیە هەر كاتێك وادەی هەڵبژاردنەكان نزیك بووەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت خۆمان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە بكەین، ئاشكراشە 15ی ئایاری 2018 وەك وادەی هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاری كراوە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان كاتی هەڵبژاردنەكانی كوردستانی دیاری نەكردووە، هەركاتێكش وادەی هەڵبژاردنەكان دیاری كرا، ئەوا ئێمەش بەپێی ئەو وادەیە خۆمان ئامادە دەكەین. هەروەك دەشزانین كە بەپێی یاساو دەستووری عێراق دەبێت هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بكرێت، هاوكات بەپێی یاساكانی هەرێمیش كە خولی پەرلەمانی تەواو دەبێت، دەبێت هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت، كە ئێمە دەزانین كۆمیسیۆن داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە وادەی هەڵبژاردنەكان دیاری بكات، بۆ ئەم مەسەلەیەش رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم حكومەتەی ئێستا تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو ئەنجام دەدرێت. كاتێكیش وادەی هەڵبژاردنەكان دیاری كراو كاتی ئەنجامدانی پرۆسەكە هات، ئەوا نەك پارتی، بەڵكو دەبێت هەموو حزبەكان خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسە دیموكراتییە ئامادە بكەن.
* باس لەوە دەكرێت هەڵبژاردنەكانی كوردستان پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەدەچێت، دیارە پارتی و یەكێتی وەكو دوو هێزی كوردستانی رێككەوتنێكی ستراتیژی لەنێوانیاندا هەیە، ئایا ئێوە وەكو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی هەماهەنگیتان لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی هەیە بۆ ئەوەی پێكەوە بەیەك لیست دابەزن؛ یاخود وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بەلیستێكی سەربەخۆ بەشداری لەو هەڵبژاردنە دەكەن؟
- راستە پێشتر پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكی ستراتیژییان هەبووە و بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كردووە، بەڵام لە ساڵانی 2013 و 2014 كار بە رێككەوتنی ستراتیژی نەكراو لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراقدا هەردوو لا (پارتی و یەكێتی) بە دوو لیستی جیاواز بەشدارییان كرد.
* دەڵێن پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە هەڵبژاردنەكان دەكات؛ ئایا ئەو هۆكارانە چین كە پشتی پێ دەبەستن كە پارتی لەوە دڵنیاكردۆتەوە كە هەڵبژاردن لەبەرژەوەندیدایە؟
- لە راستیدا مەسەلەكە ئەوەیە ئێمە لایەنێكی سیاسین لە كوردستان و هەموولایەكیشمان باوەڕمان بە پرۆسەی سیاسی و دیموكراتی هەیە لەم وڵاتەدا، مەسەلەكە ئەوە نییە دڵنیاین یان نا، بەڵكو هەر كاتێك كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاریكرا، ئەوا پێویستە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین. ئێمەش دەزانین لە ساڵی 2005ەوە ئەو هەڵبژاردنانە ئەنجام دەدرێن و شتێكی سرووشتییە كە دەبێت هەر لایەنێكی سیاسیش خۆی بۆ ئامادە بكات، ئاشكراشە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەكی قورسە لە پرۆسەی سیاسی، هەم لە كوردستان و هەم لە عێراقیشدا. بەو پێیەی پارتی هەر لە رۆژی دامەزراندنیەوە لەساڵی 1946ـەوە هەڵگری مەشخەڵی رزگاریخوازی نەتەوەیی كورد بووەو لەپێناوی رزگاركردنی نەتەوەكەی دامەزراوەو لەهەموو قۆناغەكان و سەردەمەكاندا بەپێی گونجاوی بارودۆخەكە داوای مافەكانی گەلی كوردستانی لەدەسەڵاتدارانی عێراق كردووە. تەنانەت زۆربەی حزبەكانی كوردستان كە دامەزراون پێشتر لەناو پارتی دەرچوون، هەر بۆیە پارتی بە دایكی حزبەكانی كوردستان دادەنرێت و لە زۆربەی شوێنەكانی كوردستانیش پێگەی بەهێزی هەیە.
* بەڵام تا چەند ئەو رووداوانەی 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكان دەبێت؟
- گومانی تێدا نییە كە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان رەنگدانەوەی رووداوەكان دەبێت، ئیدی رووداوی سیاسی، یان سەربازی، یان ئابووری بن، واتە بە دڵنیاییەوە هەر رووداوێك روویدابێت و رووبدات، كاریگەری لەسەر دەرئەنجامەی هەڵبژاردنەكان دەبێت.
* باس لە دروستبوونی چەند قەوارەیەكی نوێی سیاسی دەكرێت، ئایا كاریگەری ئەم قەوارە تازانە چین و چ كاریگەرییەكی لەسەر دەنگەكانی پارتی دەبێت؟
- تاكو ئێستا بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق 128 قەوارەی سیاسی تۆمار كراون، وەكو ئاماژەتان پێدا لەناوخۆی كوردستانیشدا چەند قەوارەیەكی نوێ دامەزراون، بەڵام من باوەڕم ناكەم هیچ كام لەم قەوارە نوێیانە كاریگەریی لەسەر دەنگەكانی پارتی هەبێت، چونكە دەنگ لەو قەوارانەی خۆیان دەبەن كە پشتیان پێ بەستوون.
* ئێوە وەكو دەزگایەكی تایبەتمەند بە هەڵبژاردن خوێندنەوەی خۆتان بۆ نەخشەی سیاسی دوای هەڵبژاردنەكان چییە؟ ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر هەڵبژاردنەكان لەوادەی خۆیدا بكرێت؛ ئایا بەڕای ئێوە ئەم هەڵبژاردنە بەشێوەیەكی تەقریبی پێتانوایە تاچەند نەخشەیەكی نوێ لە كوردستان و عێراق دروست دەكات؟
- جارێ زووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە؛ چونكە هەروەك ئاماژەم پێكرد، وادەی هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا دیاری نەكراوە و نازانین تا ئەو كاتە چەند قەوارەی دیكە خۆیان تۆمار دەكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان. كە تاوەكو نەشزانین ئەو قەوارانە چین و كێن، ئەوا ناتوانین وێنەكەمان لا روون بێت. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە پارتییەوە هەبێت، ئەوا ئێمە پشتڕاستین لەوەی كە حزبەكەمان خاوەن بنكەیەكی بەهێز و نەگۆڕە.
* هەر لە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكانی عێراق؛ ئایا لەم بارودۆخە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن؟ ئایا ئەگەر ئەو یەكڕیزییە دروست نەبوو، ناچار بەجیا بەشداریتان لە هەڵبژاردنەكان كرد، پرۆگرامتان بۆ بەشداریكردن لەو هەڵبژاردنانە چۆن دەبێت؟
- تا ئێستا هیچ باس و هەوڵێك نییە كە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە لیستی هاوبەش بچن بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، مەسەلەی یەك لیستی كاتی خۆی لە روانگەی رێككەوتنی ستراتیژی كە لەنێوان جەنابی سەرۆك بارزانی و مام جەلال واژوو كرا، بۆیە پارتی و یەكێتی بە یەك لیست لە 2005 و 2009 لە هەڵبژاردنەكانی كوردستانی و لە 2010 لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشدارییان كرد، دوای ئەمە مەسەلەی یەك لیستی نەماوەو هەر حزبەو بۆ خۆی بەجیا بەشداری لە هەڵبژاردنەكان كرد لە ( 2013ی هەڵبژادنەكانی پەرلەمانی كوردستان – لە 2014 هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان – لە 2014ی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)، بەڵام ئێمە خۆزگە دەخوازین كە هەموو لایەنەكان لە یەك بەرەدا- بە چەشنی پێشوو كە بە ناوی هاوپەیمانی كوردستان بەشدارییان كرد- یەكیان بگرتایە، بۆ ئەوەی كورد بیتوانیایە سەنگی زیاتری هەبێت لە پەرلەمانی عێراقدا. چونكە ئەگەر بە پەرتەوازەیی بچینە نێو پەرلەمانی عێراقەوە، ئەوا هەموو لایەكمان زیانمان پێدەگات.
* ئەی پێتانوایە كە نەخشەی سیاسیی عێراق بە چ شێوەیەك گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟
- بێگومان ئەو نەخشە سیاسییەی ئێستای عێراق گۆڕانكاری بەسەردا دێت و هەروەك ئێستا نامێنێتەوە، چونكە تەنانەت شیعەكانیش باڵی جیاوازیان هەیە، بە هەمان شێوە سوننە و كوردیش، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد ئێمە تەمەننا دەكەین بتوانین وەك كورد ستراتیژیەتێكی یەكگرتوومان لە پەرلەمانی عێراق هەبێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەكماندایە. چونكە ئەگەر كار بە پرەنسیپی زۆرینە و كەمینە بكرێت، ئەوا كورد لە پەرلەمانی عێراق لە 20%ی كورسییەكانی پەرلەمان پێك دەهێنێت، واتە بەشداری كورد لە سەرجەم پرۆسەی سیاسی بە ژمارەی كورسی یاخود زۆرینەو كەمینە نییە، ئەگەر وا بێت، ئێمە هیچ كاتێك ناتوانین بڕیارێك راگرین، یاخود پرۆژەیەك تێپەڕێنین. كورد لە عێراقدا پێكهاتەیەكی سەرەكییە و لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەوافوق بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و دەوڵەتداری كردووە. ئەو عێراقەی لەسەر سێ پایەی سەرەكی عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە و كورد دامەزراوە، پەراوێزخستنی هەر یەك لەم پێكهاتانەش كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر هەموو پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەبێت، هەموومان بینیمان كاتێك لە ساڵی 2005- 2010 عەرەبی سوننە پەراوێز خران، چ كاریگەرییەكی لەسەر سەقامگیریی وڵاتەكە هەبوو، ئێستاش كورد و عەرەبی سوننە پەراوێز بخرێن سەقامگیری روو لە عێراق ناكات، دەبێت ئەم وڵاتە بەپێی ئەو دەستوورەی زۆرینە دەنگیان لەسەر داوە بەهاوبەشی لەنێوان كورد و عەرەبی سوننەو شیعە بەڕێوەبچێت، بەردەوامی پرەنسیپی هاوبەشی زامنی جێبەجێكردنی دەستوور و دووركەوتنەوەیە لە كێشەو قەیرانەكان. ئەوەتا ئێستا كێشەی قورس و ئاڵۆزمان هەیە، چونكە زۆرینەی شیعە لەبەغدا پێشێلی ئەو پرەنسیپەی كردووە و پێشێلكردنی ئەم پرەنسیپەش دۆخی عێراق بەرەو ناسەقامگیری دەبات.
* ئەگەر زۆرینەی شیعە لەسەر پەرتەوازەكردنی پێكهاتەكانی تر بەردەوام بن، كورد چ كارتێكی لەبەردەستدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەموو فشارو سزا سیاسی و ئابووری و سەربازییانەی كە ئێستا بەغدا بەرامبەر خەڵكی كوردستان ئەنجامی دەدات؟
- كێشەی عێراق گەورەترە لە كێشەی عێراقییەكان و دەستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی تێدایە و دەستی داعش لەم وڵاتەدا هەیە، واتە چەندین فاكتەر هەن كە ئاراستەی كێشەو ململانێیەكان دەكەن. هەر بۆیە ئەگەر لایەنەكانی دیكە لەسەر ئەم پێشێلكاری و سەرپێچییە دەستوورییانە بەردەوام بن، دەبێت كورد بە یەكگرتوویی و یەكڕیزی هەڵوێستی هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر بەشداری نەكات لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئەوا عێراق بەڕێوە ناچێت، چونكە كورد فاكتەرێكی گرنگە لە عێراقدا. بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد دەبێت كورد یەكهەڵوێست بێت. چونكە ئەگەر پارتی نەچێتە بەغدا و لایەنەكانی دیكە بچن و بەشداری بكەن ئەوە گومانی تێدا نییە كورد لاواز دەبێت لە پرۆسە سیاسییەكەی عێراقدا. هەروەك چۆن لە دوای 2015وە ململانێی نێوان حزبە كوردستانییەكان رەنگدانەوەی لەسەر پەرلەمانتارەكانی كورد لە بەغدا هەبوو، دۆخەكە تا ساڵی 2016ش باش بوو، بەڵام دواتر بە رادەیەك یەكهەڵوێستی لە ئارادا نەماو هەر كەسەو بەجیا و بۆ خۆی رەفتاری دەكرد و گوێ بە یەكڕیزی نەدرا، بەتایبەتی لەلایەن برادەرانی گۆڕان و كۆمەڵ و بەشێكی زۆری پەرلەمانتارانی یەكێتیش كە یەك هەڵوێست نەبوون. تەنانەت ساڵی پار لە مەسەلەی بودجەشدا ئێمە یەكڕیز نەبووین و لە پەیوەندی بە یاسای حەشدی شەعبی كاتێك پەرلەمانتارەكانی پارتی و یەكگرتوو دەنگمان بۆ یاسای حەشدی شەعبی نەدا، كەچی لایەنەكانی تر دەنگیان بۆ دا. ئێستا لە گفتوگۆكانی بودجەی گشتی عێراق و مەسەلەی كەمكردنەوەی پشكی بودجەی كوردستان لە 17%وە بۆ 12% پێویستە هەمووان یەك هەڵوێست بن، چونكە ئەمە پەیوەندی بە هەموو هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی كوردستان و بژێوی ژیانی خەڵكەوە هەیە.
* بەڵام ئایا بە راستی نیازی بەغدا چییە؟
- لە راستیدا تاوەكو ساڵی 2011، واتە تا ئەو كاتەی كە هێزە ئەمریكییەكان لەم وڵاتەدا جێگیركرابوون، ئەوا رایان نەدەگەیاند كە پابەندی دەستوور نابن، بەڵام دوای رۆیشتنی ئەمریكییەكان رووی راستەقینەی ئەوان ئاشكرا بوو. دەبێت ئەوە بزانین كە زۆربەی شیعە و سوننە لەگەڵ ئەوەدا نین كە مافەكانی كورد دەستەبەر بكرێت و ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت. پێیانوایە كورد زیاد لە مافی خۆی وەرگرتووە و دەبێت كەم بكرێتەوە و ئەگەر بۆیان بچێتەسەر ئەوا وەك هەر پارێزگایەكی دیكە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكەن. ئەمەش پەیوەستە بە بوونی ئەو عەقڵییەتەوە كە لە عێراقدا هەیە، واتە مەسەلەكە تەنیا مالیكی و عەبادی نییە، هەر یەك لەو كەسایەتییانە لەناو حزبی دەعوەن و ئەو حزبەش بڕبڕەی پشتی دەوڵەتی یاسایەو دەوڵەتی یاساش بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانێتی شیعەیە و ئاشكراشە كێ لە پشتیانەوەیە. ئێمە پێشتر زۆر هەوڵماندا لەگەڵ مالیكی، بەڵام لە سەروەختی مالیكی بوو كە بودجەی ئێمە بڕدرا، لە سەروەختی ئەودا بوو پەلاماری خانەقین درا، هەر مالیكی بوو هەڕەشەی دەكردو دەیگوت با فڕۆكەی سەربازی F16 بێت ئەوسا كوردستان داگیردەكەین. بەڵام تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە دەستوورێك هەیە لە نێوان ئێمە و ئەواندا و دەمانەوێت جێبەجێ بكرێت و پێشێل نەكرێت.
* ئەگەر باسی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكەین، بەتایبەتی لە كەركووك و جەلەولاو شنگال و خورماتوو كە بارودۆخێكی نائاسایی و داگیركراوەو ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كوردیش ئاوارەو دەربەدەرن، باشە ئەگەر ئەم ناوچانە دۆخەكەی هەر وابمێنێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش ساڵی 2014 واتە (ئیدارەی هاوبەش)، ئایا كوردستانییان دەتوانن ئازادانە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر ئاوارەكانیش نەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟
- لە راستیدا ئەو ناوچانە داگیركراون، هەربۆیە بە تەئكید بارودۆخی نائارامی و نائاسایی ئەم ناوچانە كاریگەریی دەبێت لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ئومێدەوارین تا وادەی هەڵبژاردنەكان بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێنەوەو ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، نابێت ئەو ناوچانە تاكلایەنانە حوكمڕانی بكرێن، دەبێت دەسەڵاتدارێتی لەو ناوچە كوردستانییانە بەهاوبەشی بێت، هەروەكو چۆن لە 2003 وە تاكو داگیركردنی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەردەوام بوو. خۆ ئەگەر دۆخەكە هەروا مایەوە ئومێدەوارین جەماوەری ئێمە لەو شوێنانەی نیشتەجێبوون دەنگی خۆیان بۆ پارێزگاكانی خۆیان بدەن، چونكە لەدەستدانی یەكدەنگیی هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكان لە ئایندەدا كاریگەریی دەبێت لەسەر ئایندەی ئەو ناوچانە.
