دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و مافەکان لە زانکۆی کۆلۆمبیا بۆ گوڵان: داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکەم وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ئیعتیراف بە کوردستان بکات
September 17, 2017
دیمانەی تایبەت
دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و مافەکانە لە ئامۆژگای دیراساتی مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆی کۆلۆمبیا، پێشتریش وەک راوێژکاری باڵا لە سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە، ھەروەھا وەک شارەزای کاروبارە دەرەکییەکان و وەک راوێژکاری باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاری کردووە. لە میانەی دیمانەیەکدا، گوڵان چەند پرسێکی لەگەڵدا تاوتوێ کرد کە پەیوەست بوون بە پرسی چارەنووسسازی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە (کە وا بڕیارە ٢٥ی ئەم مانگە لە ھەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدرێت)، ھەروەھا ئاکام و کاریگەرییەکانی دروستبونی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ لەسەر ناوچەکە و ھەڵوێستی ئەمریکا لەم رووەوە و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار، ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە بیروبۆچوونەکانی کرد.کوردستانی سەربەخۆ دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا، ئەوەش دەبێتە ھۆی برەودان بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ئەمنییەکانی ئەمریکا
• وەک نووسەری کتێبی- بەھاری کوردی، نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست- و وەک داکۆکیکارێکی سەرسەختی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، ئایا ھەست و بیروبۆچوونەکانت چین کاتێک بە خێرایی لە وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم نزیک دەبینەوە کە بڕیارە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت؟
- بە ھۆی رێککەوتنی لۆزان-ـەوە کورد دوچاری نادادییەکی مێژوویی بۆوە. ئێستا ساتەوەختی ئەوەیە کە ئەو نادادییە راست بکرێتەوەو کوردی عێراق مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ یەکلاکردنەوەی ئایندەی سیاسیی خۆیان بکەن. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کورد سەربەخۆیی دەوێت، یان دەیەوێت وەک بەشێک لە عێراق بمێنێتەوە، کە دەوڵەتێکی عەرەبی شکستخواردووە.
• کەواتە دەتوانین بڵێین ئەمە ساتەوەختێکی چارەنووسساز و ھەستیارە لە مێژووی خەباتی کوردداو خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگیشە لە مێژووی ناوچەکەدا؟
- لە راستیدا نادادییە مێژوییەکە لە دژی تێکڕای کورد ئەنجام درا. ئەوە پەرەسەندنێکی ئیجابییە کە کوردی سووریا قەوارەیەکیان دروست کردووە بە ناوی رۆژئاڤا و لەسەر ئاستی مەحەلی ئارامی و ئاسایشیان پاراستووە و ھەڵدەستن بە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ کۆمەڵگەکەیان. پێویستە کوردی ئێرانیش خاوەنی خۆبەڕێوبەرێیەتییەکی گەورە بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ھەڵبستێت بە بەڕێوبردن و ھەڵسووڕاندنی کاروبارە کەلتووری و سیاسییەکانی. لەلایەکی دیکەوە، رێگای تورکیا بۆ ئەوروپا بەھۆی ھەڵسوکەوتە خۆسەپێنییەکانی سەرۆک ئەردۆغانەوە بەربەستی ھاتۆتەبەردەم. دەبێت کوردی تورکیاش بڕیار بدات: ئایا خوازیاری مانەوەن وەک بەشێک لە تورکیا، کە دەوڵەتێکی مەرکەزی دژ بە ئەمریکا و دژ بە رۆژئاوایە، یاخود دەیانەوێت ھەوڵی گرتنەبەری بەدیلی دیکە بدەن، وەک فیدڕاڵیزم یان (خۆبەڕێوبەری دیموکراتی) بۆ ھێنانەدی مافە سیاسی و کەلتوورییەکانیان.
• لە پەیوەندی بە پرسی سەربەخۆییەوە، کورد وا ھەست دەکات کە جگە لە کارکردن بۆ سەربەخۆیی رێگاچارەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- کوردی عێراق ھەست دەکات ناچارە کە رێگای سەربەخۆیی بگرێتەبەر لەبەر ئەوەی عێراق بەربەستێک بووە لەبەردەم بەدیھێنانی خەون و ئاواتەکانی کورددا. ئەگەر عێراق دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی جێبەجێ بکردایە و بە نیازپاکییەوە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ کورد بکردایە، ئەوا رەنگە بارودۆخەکە جیاواز بووایە. بەڵام عێراق ھەرگیز دەستوورەکەی جێبەجێ نەکرد. کەواتە ئێستا ساتەوەختی ئەوەیە کە کورد وەک بەشێک لە عێراق ھەڵسەنگاندن بۆ ئایندەی خۆی بکات و بڕیار بدات ئایا دەیەوێت سەربەخۆ بێت، یان وەک بەشێک لە دەوڵەتێکی عەرەبی شکستخواردوو بمێنێتەوە.
• کەواتە حکومەتی عێراق رێگری کردووە لەوەی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی بکات، بەو پێیە کورد مافی ئەوەی ھەیەو پاساوی بەھێزی ھەیە کە مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووس بکات بە مافی جیابوونەوە و سەربەخۆبوونیشەوە؟
- ئەوە راستە. ئەگەر عێراق وەک ھاوبەشێکی یەکسان مامەڵەی لەگەڵ کورد بکردایە و ئەگەر فیدڕاڵیزمی جێبەجێ بکردایە، ئەوا بارودۆخێکی جیاواز لە ئارادا دەبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی ھەمیشە عەرەبەکان لە عێراقدا وەک ھاووڵاتییەکی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ کورددا کردووە، ئەوا کورد ناچارە کە پێداگیری لەسەر سەربەخۆیی بکات.
• ھەروەک دەزانن لە ماوەی پێشوودا ھەرێمی کوردستان شاندێکی رەوانەی بەغدا کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسەکانی بەغدا، ئایا ئەمە ھەنگاوێکی ژیرانەیە و ئایا ئێوە ھانی ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر دەدەن لەگەڵ بەغدا؟
- لە کۆتاییدا دەبێت بەغدا و ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی جیابوونەوەیەکی دۆستانە بکەن. پێویستە ئەوان گفتوگۆ لەسەر ھەلومەرجەکانی جیابوونەوە بکەن. لە راستیدا چارەسەرێکی سەربازی بۆ کێشەکە لەئارادا نییە. کەواتە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و کارکردن و ھاوکاریکردن بە ئاڕاستەی بەدیھێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ھەنگاوێکی بەرپرسیارانەیە.
• بەڵام ھەروەک دەزانن بێ متمانەییەکی قووڵ ھەیە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی مەرکەزی عێراقدا، بە راددەیەک دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە کورد ناتوانێت رەزامەندیی بەغدا بەدەست بھێنێت و دەکرێت بڵێین جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان لە دەرئەنجامی گفتوگۆ بەدەست نایەت، کەواتە راسپاردەی چی دەکەیت و پێتوایە پێویستە کورد چی بکات؟
- من ھاوڕا نیم لەگەڵ ئەمەدا، باوەڕم وایە ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەرژەوەندیی ھاوبەشیان ھەیە لەم جیابوونەوەیەدا. لە رێی گفتوگۆی سیاسیەوە، حکومەتی عێراق بەوە رازی دەبێت کوردستانی عێراق ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری. لە بنەڕەتدا لە بەرژەوەندی ھەردوولادایە کە لێک جیاببنەوە و ھەڵبستن بە گۆڕینی بونیادی حوکمڕانی لە عێراقدا بۆ ئەوەی بوار بە کوردستانی عێراق بدرێت رێگای خۆی بگرێتەبەر.
• بەڵام حکومەتی عێراق بە بەردەوامی ئاماژە بەوە دەکات کە ھیچ بنەمایەکی دەستووری نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم رێفراندۆمە، ھەروەھا پەرلەمانی عێراقیش ئەنجامدانی ریفراندۆمی رەتکردەوە و بە نادەستووری وەسفی کردو دەسەڵاتیدا بە سەرۆک وەزیران، وەک فەرماندەیی گشتی ھێزە چەکدارەکان- بۆ گرتنەبەری ھەموو رێککارێکی پێویست بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق؟
- ئەگەر عێراق راستگۆ بووایە لەبارەی دامەزراندنی سیستمێکی دەستوورییەوە ئەوا ھەڵدەستا بە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی بە گوێرەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥. ئەوە جێبەجێنەکردنی دەستوورە لەلایەن عێراقەوە کە بۆتە ھۆی ئەوەی کوردستانی عێراق بەم قۆناغە بگات. کە چیتر متمانە لە ئارادا نەماوە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەر دوولادا. کورد درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەدات بۆ سەربەخۆیی و لە کۆتاییدا عێراق بە سەربەخۆبوونی کوردستانی عێراق رازی دەبێت. کە لە بەرژەوەندی عێراقیشدایە پەیوەندییەکی دراوسێیەتی باشی لەگەڵیدا ھەبێت.
• کورد رایگەیاندووە کە راستەوخۆ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم سەربەخۆیی راناگەیەنێت، بەڵکو چاوەڕێی کات و سات و ھەلومەرجی گونجاو دەکات، راوبۆچون و راسپاردەی ئێوە چییە لەبارەی تەوقیتی سەربەخۆییەوە؟
- ریفراندۆم بەشێکی پرۆسەکەیە. من راسپاردەی ئەوەم کردووە کە ماوەی ساڵێک بوار بدرێت لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ھەلومەرجەکانی جیابوونەوە لە بەغدا. ناکرێت گفتوگۆکان کراوە بن. بەڵکو دەبێت بە بڕیارێک بگەن. ئەگەر بەغدا بە مەرجەکان رازی بێت، ئەوا جیابوونەوەکە لە رێی رێککەوتنێکی دوولایەنەوە ئەنجام دەدرێت. ئەگەر ھاتوو بەغدا سەربەخۆیی رەتکردەوە، ئەو کات دەبێت کوردستان ھەنگاو بەرەوپێشەوە ھەڵبگرێت و لە ماوەی یەک ساڵ لە دوای ریفراندۆمەکەوە سەربەخۆیی رابگەیەنێت.
• چۆن لە رۆڵی ئەمریکا دەڕوانیت لەم رووەوە؟
- لەم ساتەوەختەدا ئەمریکا بەرھەڵستی ئەوە دەکات کوردستان رێگای سەربەخۆیی بگرێتەبەر، بەڵام ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەمریکا شەراکەتی ھەیە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا، کە تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بوونی بەھای ھاوبەش و پابەندبوون بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانیی باش لە خۆدەگرێت، ئومێدەکە ئەوەیە ئەمانە ببنە بەردی بناغەی ھاوکاری لە نێوان ئەمریکا و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ئایندەدا.
• کەواتە چاوەڕێی ئەوە دەکەیت ئەمریکا دەست لە سیاسەتی عێراقی یەکگرتوو ھەڵگرێت وەک سیاسەتێکی کورتبین و ناکارا؟
- سیاسەتی عێراقی یەکگرتوو چیتر سیاسەتێکی کارا نییە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی قوربانییەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعشدا. پێویستە ئەمریکا واقیعەکە بکاتە بناغەی سیاسەت و ھەڵوێستەکانی. پێویستە بارودۆخەکە وەک خۆی ببینێت نەک وەک ئەوەی خۆی دەخوازێت وابێت. لە ئێستادا کوردستانی عێراق بە ئەمری واقیع دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ھاوبەشی ئەمریکایە.
• لە یەکێک لە سیمینارەکاندا باس لەوە کرا کە لە کۆنفرانسێکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا داوای کردنەوەی کۆنوسڵگەری ئەمریکات کردووە، ئایا لە ئێستادا ھەمان داواکاری دووبارە دەکەیتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بۆ کردنەوەی باڵیۆزی ئەمریکا لە پایتەختی دەوڵەتی کوردستاندا؟
- من ئامادەی کۆنفرانسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووم، پێموایە ئەوە لە ساڵی ١٩٩٢دا بوو و، من داوای ئەوەم کرد با ئاڵای ئەمریکا لە ھەولێر ھەڵبدرێت. لەو کاتە خەڵکی منیان بە شێت لە قەڵەم دا، بەڵام ئەوەتا ئێستا ئاڵای ئەمریکا دەشەکێتەوە- لە ھەولێر-. لە ئێستاشدا من داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکەم وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ئیعتیراف بە کوردستان بکات. رەنگە بەرپرسە بیرۆکراتەکان لە واشنتۆن ھاوڕا نەبن لەم ساتەوەختەدا، بەڵام دواتر ئەوان دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە سەربەخۆبوونی کوردستانی عێراق خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا دەکات.
• کاریگەری سەربەخۆبوونی کوردستان لە رووی سەقامگیرییەوە لەسەر تێکڕای ناوچەکە چییە؟
- سەربەخۆبوونی کوردستانی عێراق دەبێتە ھێزێکی ئیجابی بۆ گۆڕانکاری دیموکراسی لە ناوچەکەدا. ئەمە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر کوردی وڵاتانی دیکە دەبێت، بەڵکو لە ھەمان کاتدا کوردستانی سەربەخۆ فشار لەسەر دەوڵەتە دراوسێکان دروست دەکات بۆ ئەوەی ببنە دەوڵەتی دیموکراسی، ئەمەش کاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر ئاشتی و گەشەکردن و سەقامگیری.
• کەواتە ھاوڕا نیت لەگەڵ ئەوانەی پێیانوایە پێداگیری کورد لەسەر سەربەخۆیی سەردەکێشێت بۆ سەرھەڵدانی ناکۆکی و توندوتیژی زیاتر لەم ناوچە نائارامەدا؟
- کوردستانی سەربەخۆ دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا، دەبێتە ھۆی برەودان بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ئەمنییەکانی ئەمریکا. زۆر گرنگە کە ئەمریکا بە روونی بارودۆخەکە ھەڵبسەنگێنێت و پشتیوانی لە مافی کوردی عێراق بکات بۆ ئەوەی مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووس بکات، کەواتە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت دەتوانێت خەونە دیموکراتی و نەتەوەییەکانی بھێنێتەدی.
• بەڵام ھەندێ کەس گوزارشت لە گومانی خۆیان دەکەن لەبارەی توانای دەوڵەتی کوردستان بۆ لەسەر پێڕاوەستانی خۆی و درێژەپێدانی خۆی، بۆچوونی ئێوە لەم بارەییەوە چییە؟
- بە دڵنیاییەوە کوردستانی عێراق رووبەڕووی فشار دەبێتەوە لەلایەن دەوڵەتە دراوسێکانیەوە. سەربەخۆیی نادرێت، سەربەخۆیی دەبێت بەدەست بھێنرێت. بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات، دەبێت کوردی عێراق بە ئیرادە و پابەندبوونەوە کار بکات بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکاندا. ھەموو کوردێکی عێراق خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینێت.
• لە وەڵامەکانی پێشوودا باست لە پێشێلکردنی دەستووری ٢٠٠٥ کرد لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی دیاریکراو راستە لە پەیوەندی بە ماددەی ١٤٠ی دەستوورەوە، بەم دواییەش ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا کە ئەو شارەش بەشداری لە ریفراندۆمدا بکات، چۆن لەم بڕیارە دەڕوانیت؟
- کەرکووک بەلای کوردی عێراقەوە پیرۆزە. کەرکووک تەنیا بەھایەکی رەمزی نییە، بەڵکو گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی ھەیە بۆ کوردستانی عێراق. من قەناعەتم ھەیە بەوەی کەرکووک ببێتە پایتەختی بازرگانی بۆ کوردستانی عێراق. سەرچاوە کانزاییەکانی ئامرازێک بۆ کوردی عێراق دەستەبەر دەکەن بۆ ئەوەی لە سەربەخۆیی بەھرەمەند بێت. گرنگە بۆ کوردی عێراق، کە کەمینەیە لە عێراقدا و لە رووی مێژوییەوە لەسەر دەستی بەغدا چەوسێندراوەتەوە. کوردستانی سەربەخۆ دەبێت رێکاری تایبەت بگرێتەبەر بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مافی کەمینەکانی لە کوردستانی عێراقدا. بەڕێز پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم خۆی پابەند کردووە بە پاراستن و پەرەپێدانی مافی کەمینەکانەوە. پێویستە سەرجەم دانیشتووانی عێراق بەھرەمەند بن لە سایە و سێبەری سەربەخۆییدا.
• لە ئێستادا کورد رووبەڕووی فشارێکی زۆر بۆتەوە بۆ دواخستنی ریفراندۆم، ئایا زیانەکانی دواخستنی ریفراندۆم چین؟
- نابێت ریفراندۆم دوا بخرێت. چونکە زیان بە میسداقییەتی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. سەربەخۆیی دروشم نییە، سەربەخۆیی ھەم حاڵەتێکی ھزری و ھەم حاڵەتێکە کە بەدی دێت. کورد گوزارشتی لە پابەندبوونی خۆی کردووە بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت. ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ھەنگاو ھەڵبگرێت.
• ئایا دەبێت خەسڵەتە سەرەکییەکانی بونیادی حوکمڕانی لە دەوڵەتی کوردستان چۆن بێت، یان ئایا دەبێت بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووری دەوڵەتی کوردستان چی بن؟
- من دەستەواژەی ئازادی و ماف و دیموکراسیم لە کۆنفرانسەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا وتەوە. دەبێت ئەم بنەمایانە ببنە بناغەی دەوڵەتە سەربەخۆ نوێیەکە.
