سەلام فەقێ عەلی پێشمەرگەی دێرین بۆ گوڵان: دەبێت رۆژی دەنگدان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی بكەینە كەرنەڤاڵی لەدایكبوونی نەتەوەو دەوڵەت
August 10, 2017
دیمانەی تایبەت
ئەگەر سەربەخۆیی و دەوڵەت ئامانجی هەر تاكێكی كوردستان بێت، ئەوا پێشمەرگە بۆ ئەم ئاوات و ئامانجە خوێنی بەخشیوەو دەیان ساڵ لە چیاكانی كوردستان مەرگی پێش خۆی خستووە، هەر بۆیە كاتێك لەگەڵ یەكێك لە پێشمەرگە دێرینەكان ئەوجا سەر بەهەر لایەنێكی سیاسی لە كوردستاندا بووبێت، قسە دەكەین، ئەوا راشكاوانە و پێش هەموو شت ئاماژە بەوە دەكات بەوەی راستە ئەو لە چوارچێوەی حزبێكی دیاریكراودا چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتی لەشان كردووە، بەڵام ئامانجی سەرەكی (حزبایەتی) نەبووە بەڵكو (سەربەخۆیی كوردستان) بووە. لە چوارچێوەی هەنگاو هەڵگرتن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و زەمینەسازی بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەمجارەیان لەگەڵ پێشمەرگەی دێرین سەلام فەقێ عەلی وتووێژمان كرد، ئەم پێشمەرگەیە كە بەر لە 45 ساڵ پێش ئێستا چەكی پێشمەرگایەتی كردۆتە شانی و چەندین جار لەسەنگەری مقاوەمەت و كوردایەتی بریندار بووەو چاوێكیشی لەدەستداوە. ئەم پێشمەرگە دێرینە وەك شاهیدێك لەسەر نیوسەدە خەبات و قوربانیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان حیسابی بۆ دەكرێت.ریفراندۆم پرسێكی حزبی نییە و هەر كەسێك بە نەخێر دەنگ بدات ناپاكی لە خاك و نیشتمان دەكات
لە دەستپێكی وتووێژەكەمان و سەبارەت بە خەبات و قوربانیدانی نەتەوەكەمان بە درێژایی مێژووی شۆڕشەكانی كوردستان، سەلامی فەقێ عەلی گوتی: «خەبات و قوربانیدانی نەتەوەی ئێمە هەر لەسەردەمی شێخ عوبەیدوڵای نەهری تا دەگاتە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ مەحمودی حەفید و قازی محەمەد و مستەفا بارزانی، هەمووی لەپێناوی سەربەخۆیی و سەرفرازی كوردستان بووە، خەبات و تێكۆشانی ئێمەش و شەهیدبوونی كەسوكار و هاوڕێ و هەڤاڵانمان و ئەو هەموو دەربەدەرییەی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بەسەر هەموو لایەنە سیاسییەكان هاتووە، هەموویان لە پێناوی یەك ئامانج بووە كە ئەویش رزگاریی و سەربەخۆیی كوردستانە، ئەم قسانە بەو مەبەستە دەكەم، ئەگەر هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لەسەردەمی خەباتی شاخدا لەناو یەك حزبی سیاسیشدا نەبووبین، ئەوا ئامانج لە پێشمەرگایەتی خزمەتكردنی حزبێكی دیاریكراو نەبووە، بەڵكو حزبی سیاسی وەك ئامرازێك بووە بۆ كۆكردنەوەی تواناكان لە پێناوی ئامانجە گەورەكەدا كە ئەویش سەربەخۆیی كوردستان بووە، بێگومان داگیركارانی كوردستانیش جیاوازییان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان نەكردووە، لەسەر ئەو بنەمایەی سەر بەكام حزبی سیاسیی كوردستانن، بەڵكو كە هێرشیان كردووە، پەلاماری هەموو كوردستانیان داوە و جیاوازییان لە نێوان هێچ لایەنێك و هاووڵاتی ئاسایی كوردستانیش نەكردووە.»
لەبەشێكی دیكەی ئەم وتووێژەدا باس لەو كارەسات و نەهامەتییانە كرا كە لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا بەسەر خاك و نەتەوەمان هاتووە و تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی كە رژێمی عێراق پەنا بۆ كیمیاباران و كۆمەڵكوژیی هەموو خەڵكی كوردستان بەرێت، سەبارەت بەم لایەنە ئەم پێشمەرگە دێرینە كە خۆی لەناو ئەو واقیعە ژیاوە گوتی: «ئێمە وەك كورد و تەواوی گەلی كوردستان باجێكی گەورەی كوردبوون و كوردستانیبوونمان داوە، كەوتووینەتە بەر شاڵاوی دڕندانەی راگواستنی زۆرەملێی بەكۆمەڵ و كاولكردنی گوندەكانی كوردستان، دەستپێكردنی سیاسەتی تواندنەوەی ناسنامەی كوردبوونمان بەشێوازی جیاواز، هەر بۆ نموونە لە ساڵی 1980 بەدەیان هەزار كوردی فەیلییان بە بیانووی تەبەعییەتی ئێرانی ئەنفال كرد، لەساڵی 1983 شاڵاوێكی دڕندانە كرایە سەر بارزانییەكان و 8 هەزار بارزانی ئەنفال و زیندەبەچاڵ كران، پاشان پەنا برا بۆ چەكی كیمایی و هەڵەبجە و بەشی زۆری ناوچەكانی كوردستان بۆمبباران كران، ئەوجا هەڵمەتی بەدناوی ئەنفالی تەواوی كوردستان دەستی پێكرد كە لە چەندین قۆناخدا تەواوی گەرمیان و بادینانی گرتەوە، ئەم هەموو قوربانیدان و ماڵكاولییەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە، هەمووی لەپێناوی ئەوە بووە كە ببینە خاوەن كیانێكی سەربەخۆی خۆمان و جارێكی دیكە نەتەوەكەمان رووبەڕووی كارەساتی كۆمەڵكوژی و ژینۆساید نەبێتەوە، هەتا نەبینە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆشمان ئەم مەترسییانە هەر هەمووی هەن و ئەگەری ئەوەی هەیە لەهەر كاتێكدا دووبارە ببنەوە، هەروەك چۆن كاتێك داعش هێرشی كردە سەر كوردستان و شنگال و چەندین شوێنی دیكەی داگیركرد و ئەو كۆمەڵكوژی و ژینۆسایدە دژی كوردانی ئێزیدی ئەنجامدا كە زۆر زەحمەتە بە ئاسانی ئاسەوارەكانی ساڕێژ ببنەوە، بۆیە ئێمە ئەگەر بمانەوێت جارێكی دیكە نەتەوەكەمان رووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە، ئەوا دەبێت هەوڵەكانمان یەكبخەین بۆ ئەوەی كوردستان سەربەخۆ بێت، لەم چوارچێوەیەدا پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی پرۆسەیەكە بۆ دووبارە بڕیاردان لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و ناسنامەی كوردستانیبوونمان و پەیوەندی بە هەر تاكێكی ئەم كوردستانە هەیە و موڵكی هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی نییە. ئەو رۆژەی كە دیاریكراوە بۆ ریفراندۆم و گەلی كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە بڕیاری تێدا دەدات، وەك تەواوی نەتەوەكانی جیهان دەبێتە رۆژێكی پرشنگدار كە پێی دەڵێن: رۆژی لەدایكبوونی نەتەوە و رۆژی سەربەخۆیی و سەرفرازی، بۆیە ئێمەش وەك نەتەوەیەك مافی خۆمانە دوای زیاتر لە 100ساڵ خەبات و تێكۆشان رۆژی سەربەخۆیمان هەبێت و ئەم رۆژە بكەینە رۆژی بەدیهێنانی ئامانجی خوێنی شەهیدەكانمان، لەم روانگەیەوە جارێكی دیكە دووبارەی دەكەمەوە كە ریفراندۆم پەیوەندی بەهیچ حزبێكی سیاسییەوە نییە و ئەو كەسەی دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی نادات، ئەوا ناپاكییەكی گەورە دەرهەق بە خوێنی شەهیدان و سەدان هەزار قوربانیی ئەنفال و چەكی ژەهراوی كیمیایی دەكات، ئەو جا ئەوكەسە هەر كەسێك بێت و بەهەر بڕوبیانوویەكەیش دەنگ بە بە بەڵی بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەدات.»
لەسەر جیاوازی بۆچوونەكان لەسەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، ئاماژە بەوە كرا كە زۆر جار ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی فرەحزبی لە كوردستان و جیاوازی لەسەر پرسی ریفراندۆمیش لە چوارچێوەی (ئازادیی رادەربڕین) حیساب دەكرێت، لەسەر ئەم پرسە ئەو پرسیارەمان كرد، ئایا بوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر سەربەخۆیی و مانەوە بە كۆیلەیەتی لەچوارچێوەی عێراقدا دەكەوێتە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕینەوە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا سەلامی فەقێ عەلی گوتی: «بوونی دیاردەی فرەحزبی ئاماژەیە بۆ بوونی ژینگەیەكی دیموكراتی، ئەگەرچی لەناو پرۆسە دیموكراتییەكەشدا كەموكورتی هەبێت، ئەمە جێگەی دڵخۆشیە بۆ هەموو لایەك، بەڵام چوارچێوەی كاری حزبەكان لەم ژینگە دیموكراتییەدا بریتییە لە هەوڵەكانی هەر حزبێك بۆ گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵات لەناو دەوڵەتی كوردستان لە ئایندەدا، نەك زاڵكردنی بەرژەوەندیی تەسكی حزبی بەسەر بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا، كە ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە لە ئێستادا، بۆیە وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، هەر حزبێكی سیاسی پڕوپاگەندە دژی سەربەخۆیی بكات و هەوڵبدات خەڵك لە ئەنجامدانی ریفراندۆم سارد بكاتەوە، ئەوا دەكەوێتە دەرەوەی حزبایەتی و بیروبۆچوونی جیاواز و دەكەوێتە چوارچێوەی ناپاكییەوە، بۆیە ئەم دۆخە ئەوەمان لێدەخوازێت كە یەكڕیز و یەكگرتوو بین كە مەرجی سەرەكی سەركەوتنمان و هێنانەدی خەونی شەهیدەكانمانە، بەپێچەوانەی ئەمەشەوە ئەوە ناپاكییە لە گەل و نیشتمان.»
ئاشكرایە كاتێك باس لەبوونی دەنگی كەمینەیەك دەكرێت كە دژی سەربەخۆیی و ریفراندۆم لێدوان دەدەن، ئاماژە بە دەڤەری گەرمیان و سلێمانی دەكرێت، كە ئەم دوو دەڤەرە پێشەنگی قوربانیدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بوون، سەبارەت بەم لایەنە ئەو پرسیارەمان كرد بۆ دەبێت لەو دەڤەرە ئەم دەنگانە هەبن؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا سەلامی فەقێ عەلی وەك پێشمەرگەیەكی گەرمیان و دەڤەری كفری زۆر راشكاوانە گوتی: «من هەرگیز لەو باوەڕەدا نیم كەسێك هەبێت بۆ كوردستان خەباتی كردبێت و خاوەنی شەهید و ئەنفال بێت و دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بێت، بەپێچەوانەوە خەڵكی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان زۆر توند دژی ئەو كەس و لایەنانەش دەوەستنەوە كە بەهەر بیانوویەك دژایەتی ریفراندۆم یان سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، بۆیە من بەدیوێكی دیكە سەیری ئەو جۆرە دەنگانە دەكەم كە لەژێر بڕوبیانووی جیاوازدا دژایەتی ریفراندۆم دەكەن و گرێی دەدەمەوە بەو كێشە سیاسییانەی لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا بوونیان هەیە، بێگومان ئاكامی ئەو كێشانەشە كە لە كۆبوونەوەی حزبە سیاسییەكاندا هەردوو لایەنی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەشدارییان نەكرد، بەڵام ئێستا كە نزیكەی دوومانگی ماوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەو كێشە سیاسییانە چارەسەر بكرێن و قەناعەتی منیش بەوجۆرەیە كێشە سیاسییەكانی ناوخۆ هێندە گەورە نین كە قابیلی چارەسەركردن نەبن، ئەم كێشانە چارەسەر دەكرێن و ئەو دوولایەنەش دێنە ناو پرۆسەكەو ئەو دەنگانەش كپ دەبنەوە كە ئێستا بۆ بەرژەوەندیی حزبی لە دژی سەربەخۆیی دەبیسترێن، لەوانەشە دوای ئەمەش هەندێك كەس هەبن لە چوارچێوەی نۆكەرایەتی بۆ داگیركەران و دەستی ئەملاو ئەولا دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان بكەن، بەڵام ئەم دەنگانە هیچ بەهایەكیان نییە و بەدرێژایی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دیاردەی نۆكەرایەتی و جاشایەتی بۆ داگیركەران بوونی هەبووە، بۆیە راشكاوانە دەڵێم و لە رۆژی 25ی ئەیلوولیش دەیبینین كە دەنگی بەڵێی گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانی و پشدەر بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان بە هەولێر و دهۆكیشەوە زیاتر نەبێت، كەمتر نابێت، لەبەر ئەوەی ئەمە پرسێكی نیشتمانییە و پەیوەست نییە بە هیچ حزبێكەوە.
